پەرتەوازەیی و بێ پلانی كورد
قوتهیبه فازڵ
2020-11-14   578
لەم چەند هەفتەیەی
ڕابردوودا زۆربەی جیهان بە تایبەت میدیاكان و ڕاگەیاندنكاران سەرقاڵی گواستنەوەی
ڕوداوی سات بە ساتی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئەمریكا بوون، هەریەكە و بە شێوەیەك
خوێندنەوەی بۆ باروودۆخی دوای هەڵبژاردنەكان دەكرد.
لەسەر ئاستی وڵاتانی
جیهانیش بە هەمان شێوە ئامادەكاری بۆ ئەو پێشهاتە دەكرا و گریمانەكان ئامادە
دەكران بۆ گۆڕین یان مانەوەی سەرۆك، هەریەك لەم گریمانانەش كۆمەڵێك ئامادەكاری بۆ
دەكرا، لە كاتی مانەوەی سەرۆكدا چی پلانێك پەیڕەو بكەن بۆ چوار ساڵی ئایندە، لە
گریمانەی گۆڕینیشدا چی هەنگاوێك بنێین بە ئاراستەی سەرۆكی نوێ.
تا ئێرە من بە كارێكی
دروستی دەزانم و مافی هەر وڵات و گەلێكە لە سنوری بەرژەوەندیەكانی خۆیەوە سەیری
داهاتوو بكات و بەرگری لە پاراستن و هێشتنەوەی ئەو بەرژەوەندیانە بكاتەوە.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و
پرسیارە:
ئایا ئێمەی كورد بۆ ئەم
پێشهاتە و هەر ڕوداوێكی تر لە كوێی هاوكێشەكەداین ؟
ئایا سەركردایەتی سیاسی
كورد تا چەند كۆكن لە هەڵوێست و هەنگاونان بەرەو ڕووی ئەو ڕوداوو پێشهاتانە ؟
ئایا سەركردایەتی سیاسی
كورد وەك تەواوی گەلانی دونیا لە پێناو بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلەكەیاندا بە یەك
دەست و وەك یەك تیم كار دەكەن؟
ئایا بڕیاری سیاسی كورد
یەك بڕیارە ؟
هەڵبەتە مەبەستم هەرێمی
كوردستانە و مەبەستم لە هەموو ئەو پێشهات و ڕوداوانەیە كە ڕوو بە ڕووی هەرێم
دەبنەوە، لە پێشهاتە ناوخۆیی و دەرەكی و جیهانیەكان.
بەداخەوە لە هەرێمی
كوردستاندا بۆ زۆر لە پێشهاتەكان نابینین كە سەركردایەتی سیاسی كورد هیچ
كۆبوونەوەیەك یان كۆدەنگی و ڕاگۆڕینەوەیەك بكات، هەر ئەم پەرتەوازەییەش وایكردووە
كە نەیارانی گەلەكەمان بە ئاراستەی دژایەتیەكی زەقتر ڕوو بە ڕوومان ببنەوە.
كورد ئەگەر بە پلان و
ستراتیژێكی نوێوە نەڕوانێتە حوكمڕانی و دەسەڵات و خۆبەڕێوەبەری ئەوا بە دڵنیاییەوە
هەر دەبێ پاشكۆی گەلانی تر بێت و چاو لە دەستی دەسەڵاتدارانی تر بێت.
سیاسەتی ئەمڕۆی جیهان و
ناوچەكە وا دەخوازێت كە بە پلانێكی تۆكمە و كۆدەنگی ڕوو بە ڕووی پێشهات و
ڕووداوەكان هەنگاو بنێین بە پێچەوانەوە دەبێ بۆ هەمیشە بە پاشكۆیەتی بژین و چاو لە
خێری بێگانە بین.
ڕەوا نیە كورد گەورەترین
نەتەوەی بێ كیانی جیهانە، هۆكاری سەرەكیش بە درێژایی مێژوو پەرتەوازەیی و دوو
بەرەكی خۆمان بووە، ناكرێت هەموو ئەو تاوان و ستەمانەی دەرهەقمان كراوە بخەینە پاڵ
دوژمنانی كورد، خۆشمان بەشێكین لەو تاوانە، ”خۆشمان مەبەستم سەركردە و
سیاسیەكانی كوردە“.
بەڕاستی ڕەوا نیە تا ئێستا
كورد پلانێكی ڕوونی نیە بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ عێراق، لەگەڵ هێزە نێو دەوڵەتیەكان،
لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، تەنانەت لەگەڵ هێزە كوردیەكان خۆیان.
بە دڵنیاییەوە تا ئەو
پەرتەوازەیی و بێ پلانیە درێژە بكێشێت دۆزی كوردیش بەرەو زیاتر پاشەكشەیی هەنگاو
دەنێت، نوێترین پێشهاتیش تێپەڕاندنی ئەو قەرزە بوو كە پەرلەمانی عێراق بێ گوێدانە
مافی خەڵكی هەرێم تێیپەڕاند.