كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه

قوته‌یبه‌ فازڵ
  2020-10-07     583
ڕۆژانه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌واڵه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین به‌ ڕاستی تووشی شۆك ده‌بین ده‌گمه‌نه‌ ڕۆژێك هه‌واڵه‌كان خاڵی بێت له‌ باسی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، به‌كارهێنان یان بازرگانی كردن .
جێی نیگه‌رانیه‌ تا دێت به‌كارهێنان و بازرگانی كردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ ڕوو له‌ زیاد بوون ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ مه‌ترسی ئه‌م ماددانه‌ بۆته‌ مه‌ترسیه‌كی جیهانی و جیهانی به‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌ تیایدا سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی زه‌ره‌رمه‌ندن و كه‌سانێكی كه‌م تیایدا قازانج ده‌كه‌ن هه‌رێمی كوردستانیش له‌و مه‌ترسیه‌ بێ به‌ش نیه‌ و پشكی به‌ركه‌وتووه‌.
له‌ نوێترین هه‌واڵدا چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئاسایشی سلێمانی خۆشبه‌ختانه‌ توانی ده‌ست به‌سه‌ر بڕی زیاتر له‌(20)  بیست كیلۆ گرام له‌و ماددانه‌دا بگرێت كه‌ چه‌ند كه‌سێك ویستوویانه‌ له‌ ڕێی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی به‌رن، به‌ وته‌ی ئاسایشی سلێمانی كوردستان خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ ڕێگه‌ی ترانزێت بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ماددانه‌ به‌ره‌و وڵاتانی ڕۆژئاوا .
من لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ به‌ڕاستی به‌كارهێنان و بازرگانی كردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ دیارده‌ كه‌ ئه‌مه‌یش به‌ جددی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی زۆر خراپه‌ كه‌ ڕوو به‌ ڕووی هه‌رێمی كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بوه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان زۆر به‌ وردی كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن و ڕێگه‌ له‌ زیاتر ته‌شه‌نه‌ كردنی بگرن.
مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان سه‌ره‌ڕای زیانه‌ ئابووریه‌كه‌ی زیانی ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تیش به‌ دوای خۆیدا ده‌هێنێت، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پارێزراوو خاوه‌ن داب و نه‌ریته‌ ئه‌م ماددانه‌ هه‌موو به‌ها و ئاكاره‌كان ده‌ڕوخێنن، هه‌ڵوه‌شێنه‌ری خانه‌واده‌ و كۆمه‌لگه‌ن.
ئه‌گه‌ر چاوێك به‌ ئاماری دادگا و زیندانه‌كاندا بگێڕین به‌ ڕاستی ئاماره‌كان زۆر مه‌ترسیدارن به‌ تایبه‌ت بۆ چینی گه‌نجان و تازه‌ پێگه‌یشتوان ته‌نانه‌ت خانمانیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناكریت ڕێگری كردن و ڕێگه‌ چاره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ پشتگوێ بخرێت، له‌م بابه‌ته‌دا زۆر گرنگه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان جیاوازی بكه‌ن له‌ نێوان دوو چیندا ئه‌وانیش :
” چینی بازرگانه‌كان ، چینی به‌كارهێنه‌ران “ ن
”چینی بازرگانی“ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا به‌ ئاشكرا دژایه‌تی ده‌كرێن و وه‌كوو كه‌سانێكی خه‌ته‌رناك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و قورسترین سزایان بۆ دانراوه‌، به‌ پێی یاساكانی سزادانی عێراقیش كه‌ یاسای كارپێكراوه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌ هه‌مان شێوه‌ی وڵاتانی جیهان بازرگانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان سزای زۆر قورسیان بۆ دیاری كراوه‌ به‌ پێی یاساكه‌ش نابێت به‌ هیچ پاساو و بیانوویه‌ك ئاسانكاری بۆ بازرگانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بكرێت بۆ ده‌ربازبوونیان له‌ یاسا و سزا.
”چینی به‌كارهێنه‌ران“  له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دونیادا ئه‌م چینه‌ وه‌كوو نه‌خۆش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ هه‌ریمی كوردستاندا به‌هۆی نه‌بوونی سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ری تایبه‌ت وه‌كوو تاوانبار مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و ده‌خرێنه‌ زیندانه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا كاره‌ساتیكی تره‌ كه‌ تیایدا ده‌یان كه‌سی تر ده‌ناسن له‌ بازرگان و به‌كارهێنه‌ران و ڕێگه‌یان له‌به‌رده‌م ده‌كرێته‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دووباره‌ بۆ به‌كارهێنانی ئه‌و ماددانه‌ .
ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رێكی بنه‌بڕ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌كرێت بێ گومان له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی ڕوو به‌ ڕووی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌وه‌ و كاره‌سات ده‌خوڵقێنێت، بۆیه‌ پیویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هه‌ریه‌كه‌ و له‌ ئاستی خۆیه‌وه‌ و به‌ پێی به‌رپرسیاریه‌تی خۆی كار بۆ نه‌هێشتن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بكات .
باوك و دایك له‌ ناو خانه‌واده‌كانیاندا، مامۆستایانی ئاینی له‌ وتاره‌كانیاندا، ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ چالاكیه‌كانیاندا، په‌روه‌رده‌ و خۆێندنی باڵا له‌ سیسته‌می خوێندنیاندا و ....هتد كار بكه‌ن بۆ دوورخستنه‌وه‌ و نه‌هێشتن و ڕێگری كردن له‌و مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌یه‌.
هه‌مووانیش وه‌كوو هاوڵاتی پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی ده‌زگاكانی ئاسایش بین و ده‌ست خۆشیان لێ بكه‌ین له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ بنبڕكردن و له‌ناوبردنی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ گه‌وره‌یه‌.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×