بەبیرهیتَنانەوەی دیرۆكی كۆن و بەسەرهاتەكانی كورد هەر بۆ پەندوەرگرتن نییە تا جارێكی دی تووشی هەمان مەینەت و هەورازو نشێوی نەبینەوە. هەموو دەزانین كورد لە هەموو گەلێكی تر بەسەرهاتی ڕەش و تاڵی پڕ لە نەهامەتی بینیوە، بۆیە پێویستە بە وردیی تەماشایان بكەین تاكو ئەو هەڵە گەورانەی پێشتر دووبارە و سێبارە نەبنەوە.
بەدرێژایی مێژووی گەلەكەمان خوێنی كورد بەدەستی داگیركەرانی كوردستان و بە دەستی خۆمان ڕژاوە. زۆر جار بەهۆی دەستێوەردانی دەوڵەتانی بیانی لە كاروباری ناوخۆی كورد لەسەردەمی ئەمارەتەكان، یان لەنێو خێڵ و سەركردەكانیان بووە، وێرانكاری و كوشتن و بەدبەختی و دەربەدەری خەڵكەكەی بەهۆی ئەو شەڕو ناكۆكیانەی نێوان كورد بووە، بەشێك لە لاوك و حەیرانی ناوچەو دەڤەرە جیاجیاكانی كوردستان ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات، كە بە وردی باس لە شێوەی بە ناحەق ڕشتنی خوێنی كورد و سەركردەكانیان دەكەن و گێڕانەوەی داستانی ئازایەتی و نەبەردی و چاونەترسی بەشێك لە سەركردەكانیان دژی دوژمنانیان دەگێرنەوەَ. گەر میرێك یان سەركردەیەكی پاڵەوان بەگژ دوژمندا چوبێت و داكۆكی لە گەلەكەی یان لە خێڵەكەی كردبێت، چەندەها بەیتە شیعری شانازی پێداوتراوە و ناوی وەكو پاڵەوان تۆماركراوە.
خوێنی كورد زۆر جاران بە دەستی خۆیان، لە ئاكامی ناكۆكی و شەڕ و پێكدادانی نێوخۆ ڕێژراوەو كارەساتی گەورەی لێ پەیدابووە. دوژمنانی كورد بەهەموو شێوەیەك هەوڵیان داوە سوود لەو شەڕو پێكدادانە وەربگرن و ئاگری شەڕی نێوخۆ گەرمتر بكەن، هەڵبەتە خوێن ڕشتنی كورد بە دەستی كورد بووەتە هۆی لاوازبوون و دابەشبوونیان لەنێو لەشكرانی داگیركەرانی كوردستان. جاروبار ئەو شەڕو ناكۆكیانە بوونەتە هۆی ئەوەی لایەنێك پەنا بەرێتە بەر لەشكری دەوڵەتێكی داگیركەرو داوای هاوكاری و كۆمەكی لێ بكات، ئەوەش هۆیەك بووە لە هۆیەكانی دابەشكردنی خاكی كوردستان لەنێو ئەو دەوڵەتانە. ئەو جەنگانەی لەنێوان دەوڵەتانی ڕۆم و عەجەم وعەرەب ڕوویانداوە لەسەر خاكی كوردستان بۆ سوودی ئەوان بووە، بەڵام ڕۆڵەی كورد سووتەمەنی ئەو شەڕانە بووە. زۆرجاران ئەو شەڕو پێكدادانە دووبارەو سێبارە بوونەتەوە بێ ئەوەی سەركردەكانی كورد پەندو عیبرەتیان لێ وەرگرتبێ، برا بەگژ برادا چووە، مام بەگژ برازای بۆ ئەوەی لەسەر تەختی حاكمیەت بمێنێتەوە، یان بەهۆی هاوكاریكردنی دوژمنەوە ببێ بە میری ئەمارەتەكەی، یان سەركردەی ناوچەكەی، یان خێڵەكەی.
ئەگەر خوێن ڕشتنی كورد بە دەستی داگیركەرانی وڵاتەكەیان بووبێتە هۆی پەیدابوونی گیانی هاوكاریی و برایەتی و تەبایی و لەبیرچوونەوەی ڕقوكینەی پێشوتر، بەپێچەوانەوە پێكدادان و شەڕی ناوخۆ بووەتە هۆی لاوازبوون و لەدەستچوونی هەر دەستكەوتێك پێشتر بەدەستیان هێناوە. خوێنی شەهیدەكانی هەڵەبجە و ئەنفال و كۆڕەوە گەورەكەی بەهاری 1991 بوونە هۆی پەیدابوونی گیانی هاوكاریی و یەكخستنەوەی ڕیزەكانی نەتەوەكەمان لەسەر ئاستی هەموو بەشەكانی كوردستان. ئەم یەكگرتنەوە جەماوەریە هەستی نەتەوایەتیی لەنێو گەلەكەمانی بەهێزتركرد، كورد لەهەموو جێگایەكی ئەم جیهانە بە ئاگا هێنایەوە كە چارەنووسیان یەكە لە خۆشی و ناخۆشیدا. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەو خوێنڕشتنە سەدایەكی گەورەی دایەوەو مەسەلەی كوردی خستەوە بەرچاو دەوڵەتان و دەزكا نێودەوڵەتیەكان، میدیای جیهانی جارێكی دی كەوتنەوە باسكردنی ئەو ڕووداوانە وەكو مەسەلەی گەڵێكی ژێردەستەی هەمیشە ستەم لێكراو. كارە تێرۆریستیەكان بوونە هۆی ئەوە كە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بە بەشێك لە جولانەوەی ئەنتی تیرۆریستی جیهانی بدرێتە قەڵەم. لەولاوە ئەو تاقم و گروپە تیرۆریستانە سەلماندیان بەداخن لە كورد و ئامادەنە هەموو كارێكی تیرۆریستی ئەنجام بدەن تاكو كورد بە كەمترین مافی ڕِەوای خۆی نەگات.
خۆشبەختانە باری ئێستای كوردستان وەكو باری سەردەمی هەڵەبجە و ئەنفال نییە، كە دۆستی كورد زۆر كەم بوون و هەردوو بلۆكی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و دەوڵەتانی تر هاوكاریی ڕژێمی بەعسیان دەكرد و هەموو جۆرە چەك و یارمەتییان پێشكەش دەكرد و پشتگیری سیاسی و دیبلۆماسیان دەكرد. بەڵێ كورد لەو سەردەمە لە كێو و كەژەكانی كوردستان بەولاوە دۆستی تری نەبوو، بەڵام ئەمڕۆكە قەوارەیەكی هەیە، تا ڕادەیەك بەبێ هاوكاریكردنی كورد دواڕۆژی عێراق یەكلاناكرێتەوە. لەگەل ئەم هەموو خاڵە پۆزیتیڤانەی بۆ كورد ڕوخساون، پرسیار لەوەدایە بۆ سەركردەكانی كورد نەیانتوانیوە سوود لەم هەلە گەورەیە وەربگرن و بەكردەوە بۆ دۆست و دوژمنانی بسەلمێنن كە مەسەلەی كوردی وادەی چارەسەركردنی هاتووەو؟
داواكاریەكانی گەلی كوردستان ڕوون و دیارن، هەموو لایەنە سیاسیەكان داوای جێبەجێكردنیان دەكەن. یەكێ لە داوا سەرەكیەكانی خەڵكی كوردستان لە سەركردەكانیان هەمیشە دووبارەی دەكەنەوە یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەكەیە. ئەم داوایەی گەلەكەمان دەبوو زووتر جێبەجێ بكرابا، پاش یەكگرتنەوەی پەرلەمان. سەركردەكانی كورد پێویستە گوێ ڕابگرن بۆ داواكاریەكانی خەڵك و جێبەجێیان بكەن. دستووری عێراق، كە سەركردەكانی كورد بەشدارییان لە ئامادەكردن و داڕشتنی كردووە، باس لە یەك ئیدارەیی دەكات لە كوردستان، دەبوو زووتر ئەو دوو ئیدارەیە یەكبخرێنەوە و هەموو هێزو تواناو و دەسەڵاتەكانی هەردوو ئیدارەكە، بە هێزی پێشمەرگەوە یەكبگرنەوە و میكانیزمێكی گونجاو دابڕێژرن بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە دەستووری عێراق. دەبێ ئەوەش لەبیر نەكرێت كەسانێكی زۆر لە دڵسۆزانی كەركوك و ناوچە تازە ئازادكراوەكانی كوردستان بە ڕەشبینییەوە تەماشای باری ئەو ناوچانە دەكەن، دەڵێن لەم ماوەدا كارێكی واناكراوە ببێتە هۆی زامنكردنی گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ باوەشی كوردستان. كورد تائێستا بەرنامەیەكی دانەڕشتووە بۆ شێوەی جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستووریە، نەبوونی یەك هەڵوێستی سیاسی و پەیڕەوكردنی لەلایەن هێزە سیاسیەكانەوە، كارەكەی ئاڵۆزتر كردووە.
كاتی ئەوە هاتووە هەردوو ئیدارەكە یەكبگرێتەوە و توانایان یەكبخەن لە پێناو گەڕانەوەی ناوچە تازە ئازادكراوەكان بۆ باوەشی كوردستان. پەند و عیبرەت لە ڕابوردوومان وەربگرین، پێش ئەوەی ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆكە تێیدا دەژین، لەسەر لاپەڕەكانی مێژوو بە ڕەشی بنووسرێنەوە.