پرۆژەی پەیمانی كۆنگرەی نەتەوەیی ساڵی 1998

د. نوری‌ تاڵه‌بانی‌
  2022-11-25     1060

هەموو دەزانین كەوا ناحەزانی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان خەریكی جێبەجێًكردنی پلانێكی داڕێژراون بۆ لە ناوبردنی كورد و كوردستان. ئەو بەرنامەی كە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە ساڵی 1998 ئامادەی كردووە گونجاوە بۆ دەربازبوون لەو پلانە، ئەگەر هەموو لایەنە سیاسیەكان لە هەموو بەشەكانی كوردستان بە نیازێكی پاكەوە هەوڵی جێبەجێكرندنی ناوەرۆكەكەی بدەن. ئەمەش دەقی ئەو پرۆژەیەیە...


پرۆژەی پەیمانی كۆنگرەی نەتەوەیی ساڵی 1998 
ماوەێك لەمەوبەر بە گەرمی باس لە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانی دەكرا بە بەشداری كردنی هێزە سیاسیەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان. هەموو دەزانین كە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لەناو گێژاوێكی گەورەدا دەسووڕێتەوە و دەوڵەتە زلهێزەكان و بەشێك لە دەوڵەتانی ناوچەكەی ناچار كردووە هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بكەن، هەتا ئەگەر بە دەستكاری نەخشەی ناوچەكەش بێت. ئەگەر كورد وەكو نەتەوەێكی سەرەكیی ناوچەكە بە یەك دەنگی و یەكریزی بەشداری لەو پرۆسەیە نەكەن، بەجیددییەوە گوێ‌ لە داواكاریەكانی ناگیرێ‌ و لایەنە پێوەندیدارەكان، بەتایبەتی دامەزراوە نێونەتەوەیی و دەوڵەتە زلهێزەكان پاڵپشتیان لێ‌ ناكەن.  
بیرۆكەی دروستكردنی دامەزراوەیەك بەناوی (كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان)، یان بە ناوێكی دیكەوە پێشتر چەند جارێك كاری لەسەركراوە. لە ساڵەكانی 1997 و 1998 هەوڵێكی جیددی بۆ دامەزراندنی دەزگاێكی نەتەوەیی لە دەرەوەی كوردستان درا، مەبەستی سەرەكی ئەوەبوو كورد بە شێوەێكی دیپلۆماسیانە داواكاریەكانی بخاتە بەرچاو دەزگا نێودەوڵەتییەكان و دەوڵەتانی دونیا. ئەو دەمە لە دەرەوەی وڵات بووم، وەكو قانوونناسێك بەشداریم لە كۆنفرانسێك كرد، كە بۆ ئەو مەبەستە ڕێكخرابوو. لەو كۆنفرانسەدا داوا لە چەند قانوونناسێك كرا پرۆژەی پەیمانێك بۆ ئەو دامەزراوە نەتەوەییە ئامادە بكەن، پێم باشە لێرەدا زۆر بە كورتی ڕووناكی بخەمە سەر بنەما سەرەكییەكانی ئەو پرۆژەیە و ئاماژەش بۆ چۆنیەتی سەرهەڵدانی ئەو بیرۆكەیە بخەمە بەرچاو. 
یەكەم: بیرۆكەی دامەزراندنی كۆنگرەی نەتەوەیی لە دەرەوەی كوردستان:
لەسەر بانكهێشتنی (پەرلەمانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات)، لە 12/12/1997 كۆبوونەوەیەك لە شاری (برۆكسێل) ڕێكخرا، كە نزیكەی (120) كەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیری لە هەموو بەشەكانی كوردستان ئامادەی بوون. نوێنەرانی بەشی هەرە زۆری حیزب و گروپە سیاسیەكان لە بەشەكانی كوردستان و كۆمەڵێك لە كەسایەتی سەربەخۆ و ڕۆشنبیر ئامادەی ئەو كۆبوونەوە بوون. لە ئاكامی بیروڕا گۆڕینەوە بە چڕو پڕی، بڕیار درا ڕێكخراوێكی نەتەوەیی كوردستانی دروست بكرێت، داواش لە چەند قانوونزانێك كرا پرۆژەیەك ئامادە بكەن وەكو (دەستوور) یان (پەیماننامە)یەك بۆ ئەو ڕێكخراوە. لە كۆتایی ساڵی 1998 دا ئەو پرۆژەیە ئامادەكرا، بەو بۆنەوە، (مەڵبەندی رۆشنبیری كورد لە لەندەن) داوای لێكردم بابەتێك لەسەر ناوەرۆكی ئەو پرۆژەیە و چۆنیەتی ئامادەكردنی پێشكەش بە كوردانی دانیشتوانی دەڤەری لەندەن بكەم، لێرەدا بە كورتی ڕِووناكی دەخەمە سەر ناوەرۆكی ئەو پرۆژەیە، بە ئومێدی ئەوەی سوودمەند بێت بۆ ئەو بەرێزانەی ئەركی ئامادەكردنی پرۆژەی پەیمانی كۆنگرەی نەتەوەییان پێ‌ دەسپێردرێ‌.   
ناوی ئەو كۆمسیۆنەی ئەركی ئامادەكردنی پەیمانی كۆنگرەكەی پێ‌ سپێردرا: (كۆمیسۆنی ئامادەكردنی پرۆژەی دەستووری كۆنگرەی نەتەویی) بوو، چەند قانوونزانێك لە دەرەوەی وڵات دەستنیشانكران بۆ ئامادەكردنی پرۆژەكە. لە یەكەم كۆبوونەوەدا ئەركی سەرپەرشتی كردنی كارەكانی خرایە ئەستۆی بەندە. بەشێك لە ئەندامانی ئەو كۆمسیۆنە نەیاندەتوانی ئامادەی هەموو كۆبوونەوەكان بكەن، كە لە (برۆكسێل) و (لەندەن) دەبەستران. پێش شیكردنەوەی بەندەكانی پرۆژەی ئەو پەیمانە، چاكترە ڕووناكی بخەمە سەر چۆنیەتی سازدانی ئەو كۆنفرانسە و ئاماژەش بە شێوەی بیركردنەوەی بەشی زۆری بەشداربوونی بكەم، چونكە هەموو كارێكی قانوونی پێشینەێكی هەیە و ڕووناكی دەخاتە سەر ناوەرۆكەكەی. كۆنفرانسەكە بڕیاری لەسەر چەند خاڵێكدا كە بكرێنە بنەما بۆ داڕشتنی پرۆژەی دەستووری ئەو كۆنگرەیە، بەتایبەتی: 
1.    لەو دەمەدا شەڕیی ناوخۆیی دەستی ڕەشیی بەسەر كوردستاندا كێشابوو، بۆیە بەشداربووانی كۆبوونەوەكەی (برۆكسێل) جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە، كۆنگرە دەبێ‌ هەوڵی جیددی بۆ چارەسەركردنی ناكۆكیەكانی نێوان پارتە سیاسیەكانی كوردستان بدات. 
2.    بەشداربووانی ئەو كۆنفرانسە داوایان كرد كۆنگرە بكرێتە (ناوەندێك) بۆ كۆكردنەوەی هەموو هێزە سیاسیەكانی كوردستان، نەك (لایەنێك) بێت لەناو ئەو لایەنانەدا. 
3.    كۆنگرە دەبێ‌ ستراتیجێكی نەتەوەیی ڕوون و شەفاف بۆ خەباتی درێژخایەنی دواڕۆژی گەلەكەمان دیاری بكات، كە بە داخەوە كورد پێشتر نەیبووە، یان سەرانی كورد لەبەر هۆی سیاسی نەیانتوانیوە دیاری بكەن تا پابەند نەبن پێوەی.   
4.     كۆنگرە دەبێ‌ داوا بكات لەو هێزە سیاسییانەی بەشدارییان لە كۆبوونەوەی بروكسێل نەكردبوو، ئەوانیش بەشداری لەو كۆنگرەیە بكەن. 
5.    كۆنگرە دەبێ‌ پرۆگرامێكی ڕوون و ئاشكرای هەبێ و داوا لە هەموو لایەنەكان بكات پابەند بن بەو پرۆگرامەی كە خۆیان پەسندی دەكەن.
6.    هەموو هێزە سیاسیەكانی كوردستان ئاگادار بكرێنەوە خەتێكی سوور هەیە و نابێ هیچ لایەنێكی سیاسی ئەو هێڵە سوورە تێپەڕێنێ‌ لە مامەڵە كردنیان لەگەڵ دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان. 
7.    كۆنفرانس كۆمیتەیەك دەستنیشان بكات بۆ ئامادەكردنی پرۆژەی پێڕەوی (دەستووری) ئەو كۆنگرەیە. لەپاش دیاری كردنی ئەندامانی (كۆمیتەی ئامادەكار )، بڕیار درا ناوی (كۆمیسیۆنی پەیوەندی كردن) و (كۆمیسیۆنی ئامادەكردنی پَیڕەوی كۆنگرە) بێت.
ژمارەی ئەندامانی كۆمیسیۆنی ئامادەكردنی پێڕەوی كۆنگرە حەوت (7) قانوونناس بوون، بەڵام بە كردەوە بەشێكیان نەیاندەتوانی ئامادەی هەموو كۆبوونەوەكان بكەن. هەر لەو كۆبوونەوەدا بڕیار درا ئەو پرۆژەی كە پێشتر (پەرلەمانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات) ئامادەی كردبوو دابەش بكرێت بەسەر هەموو بەشداربوواندا و داوایان لێ‌ بكرێت لە ماوەێكی دیاری كراودا ڕاو بۆچوونی خۆیان بە نووسین بۆ (كۆمیسیۆنی ئامادەكردنی پێڕەوی كۆنگرە)ی بنێرن. ئەو پرۆژەیە پاشان كرایە بنەما و ڕەوانەكرا بۆ زیاتر لە (15) قانوونناس و سیاسەتمەداری كوردی دانیشتووی دەرەوەی وڵات، تا ڕاو بۆچوونی خۆیان بۆ ئەو كۆمسیۆنە بنێرن، بەشیكیان هاوكاریان كرد و وەڵامیان دایەوە، بەڵام بەشێكی دیكەیان وەڵامیان نەبوو.
هەر لەو كۆبوونەوەدا بڕیاردرا ناوی كۆمیسیۆنەكە بكرێتە:(كۆمیسیۆنی ئامادەكردنی پەیمانی كۆنگرە)، چونكە ئەو پرۆژەیە وەكو (پەیمان/میپاق/ CHARTER) تەماشا دەكرا و بەشێك لە دەزگا نێودەوڵەتییەكان و ڕێكخراوانی ئازادیی بەخشی گەلانی ژێردەستە ئەو ناوەیان بۆ خۆیان هەڵبژاردبوو. هەر لەو كۆبوونەوەدا بڕیاردرا سوود وەربگێرێ‌ لەو پرۆگرام و پرۆژانەی پێشتر ئامادەكرابوون بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی كوردی و ئەو بەرنامانەی بۆ ڕێكخراوانی دیكە ئامادەكرابوون، وەكو (ڕێكخراوی ئازادی بەخشی فەلەستینی) و (كۆنگرەی ئەفریقیای خواروو). 
ئەندامانی ئەو كۆمیسیۆنە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كۆنگرە بكرێتە دەزگایەكی نەتەوەیی بۆ كۆكردنەوەی هەموو هێزە سیاسیەكانی كوردستان و بەشی زۆری رێكخراوانی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و كەسایەتییە نیشتیمانیەكان تا پێكەوە كار بۆ یەك دەنگیی گەلەكەمان بكەن لە دەرەوەی نیشتمان، بۆ ئەوەی ئەو دەنگە یەكگرتووەی كورد لە دەرەوەی كوردستان بگاتە دەزگا و ڕێكخراوانی نێونەتەوەیی و هەموو دەوڵەتانی دونیا. بڕیاردرا كۆنگرە لەڕێگای گفتوگۆ و دیالۆگەوە هەوڵی چارەسەكردنی كێشەكانی نێو حیزبە سیاسیەكان و كێشەكانی دیكەی گەلەكەمان لەگەڵ دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان بدات. ئەو (پەیمانە) وەكو دەستوور تەماشا بكرێت، بۆیە تەنیا بنەما سەرەكیەكانی تێدا دیاری بكرێن، بابەتەكانی دیكە بە (بڕیار)ی دەزگاكانی بڕیاردەری ناو كۆنگرە چارەسەر بكرێن.  
چەند كۆبوونەوەیەك لە (برۆكسێل) و (لەندەن) بەستران، لە رۆژانی 1 و 2 ی ئابی 1998 پرۆژەكە بەدوا شێوەی وەكو (پرۆژە) پەسندكرا، چونكە دەبوو (جڤاتی گشتی) كۆنگرە، كە گەورەترین ئۆرگانی ئەو كۆنگرەیە بوو، بڕیاری لەسەر بدات. پێشتر ئەو كۆمسیۆنە قانوونییە پرۆژەكەی دابەش كرد بەسەر هەموو لایەنە سیاسیەكان و كەسانی پسپۆر و شارەزا و میدیای كوردی بۆ ئەوەی ڕاو سەرنجی خۆیان بۆ كۆمسیۆنەكە بنێرن، پێش ئەوەی پرۆژەكە لەلایەن (جڤاتی دامەزرێنەر)ی كۆنگرەوە دەنگی لەسەر بدرێت. ئەمە بوو زۆر بەكورتی ئەو سەرەتایەی كە دەبوو بخرێتە بەرچاو، پێش شیكردنەوەی بەندەكانی پرۆژەكە. 
دووەم: ناوەرۆكی پرۆژەكە:  
پرۆژەكە پێكهاتبوو لە (پێشەكی) و (8) (بەش)، و (25) بەند. 
لە (پێشەكی) پرۆژەكەدا بە كورتی باسی نەتەوەی كورد و ڕۆڵی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دیاری كراوە، هەروەها ڕوونكراوەتەوە كە كورد لەسەر خاكی خۆی ماوەتەوە، بەڵام بێبەش لە هەموو مافەكانی، بە تایبەتی مافی دیاریكردنی چارەنووسی خۆی، ئەوەش بە پێچەوانەی پەیمانامە نێونەتەوەییەكان و جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و هەموو پرنسیپەكانی قانونی نێودەوڵەتی و قانوونی خۆزایی (تەبیعی)یە. هەر لەو (پێشەكی)یەدا هۆیەكانی سەرنەكەوتنی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەی كورد دیاری كراون: (ئەم سەرنەكەوتنەی هەر لەبەر سیاسەتی سەركوتكەرانەی دەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستان نەبووە، بەڵكو پارچەبوون و ناكۆكی ناوخۆیی و هەرێم پەرستیی و لەیەك دابڕاوی هیزە خەباتكارەكانی لە هۆیەكانی دیكەی ئەم سەرنەكەوتنەی بووە)، و(لەگەڵ ئەو هەموو كارەساتانەی پێیدا تێپەڕیوە، گەلی كورد وەكو یەكێ‌ لەو چوار گەلە سەرەكییەی ناوچەكە ماوەتەوە، كە فارس و تورك و عەرەب و كوردن). لە كۆتایی ئەو (پێشەكی)یەدا نووسراوە: (بۆ بەكارهێنانی مافی دیاری كردنی چارەنووسی خۆی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و یەكبوونی نیشتمانەكەی، ئەم پەیمانە ڕادەگەیەنین و ئاشكرای دەكەین كە پابەند دەبین بە جاڕدانی جیهانیی مافی مرۆڤ و پەیمانامە نێونەتەوەییەكان و پرنسیپەكانی قانونی نێودەوڵەتی). 
(بەشی یەكەمی): كوردستان، گەلی كوردستان، مافە سەرەكیەكانی و مافی سەروەریی. 
لە بەندی یەكەمی پرۆژەكەدا (كۆنگرە) بە بەرزترین ئۆرگانی كوردستان دانراوە.
لە بەندی دووهەمدا كوردستان بەم شێوەیە پێناسەكراوە: (كوردستان ئەو وڵاتەیە، كە كورد زۆرینەی تێدا پێكدێنێ‌). 
لەبەرئەوەی داگیركەرانی كوردستان دەمێكە بە هەموو شێوەیەكی نامرۆڤانە خەریكی گۆرینی باری دیموكرافی كوردستان بوون، پرۆژەكە گۆرینی باری دیموگرافی كوردستان، بەتایبەتی دەركردن و بەزۆر كۆچ پێ‌ كردنی هەر كوردستانیەك لە هەر ناوچەیەكی كوردستان، لەگەڵ هێنانی خەڵكی دی و نیشتەجێ‌ كردنیان لەو ناوچانە لە لایەن دەوڵەتە داگیركەرەكانەوە، بەكارێكی ناڕەوا دەزانێ‌ و بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكات. 
لە پەرەگرافێكی دیكەی ئەو بەندەدا هاتووە، گەلی كوردستان پێكهاتووە لە: (كورد، ئاشوری- سریانی و توركمان و ئەرمەن و عەرەب و ئەوانی تر، كە هەبوونێكی مێژوویان هەبووە لە كوردستان و بەئەنجام خۆیان بە كوردستانی زانیوە). لە بەندی سێهەمی پرۆژەكەدا باس لە یەكسانی خەڵكی كوردستان كراوە، بە ژن و پیاوەوە، لەگەڵ قبووڵ نەكردنی هیچ جۆرە جیاوازییەك لە نێوانیان لەبەر ڕەگەز، زمان، باوەڕ و توانای ئابووریی. 
هەمان ئەو بەندە زمانی كوردی بە زمانی فەرمی (ڕەسمی) لە كوردستان دەزانێت، بەڵام لە پەرەگرافی سێهەمدا باسی مافە تایبەتمەندیەكانی ئەوانەی كردووە كە كورد نین و بەشێكن لە گەلی كوردستان وەكو: (مافی پاراستنی تایبەتمەندی خۆیان و گەشەپێدانی كولتوور و زمان و زاراوەی خۆیان و دروستكردنی ڕێكخراو و دەزگای تایبەتی بۆ پێشخستنی كەلەپووریان).
بەندی چوارەم، گرنگترین بەندی پرۆژەكەیە، كە باس لە مافی بڕیاردانی چارەنووس دەكات بەوەی: (گەلی كوردستان وەكو هەموو گەلانی دونیا، خاوەن مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیەتی). 
لە بەشی دووهەمی پرۆژەكەدا باسی پرنسیپ و ئامانجە گشتیەكانی كۆنگرە دەكات و دەڵێ‌، جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ بنەمایەكی سەرەكی یە بۆ كارەكانی كۆنگرە و مەبەستی سەرەكی لە پابەندبوونی بەو پەیمانە نێودەوڵەتییە ئەوەیە بیسەلمێنێ‌، كە كورد وەكو هەموو نەتەوەكانی دیكە، پابەندە بە هەموو ئەو پرنسیپانەی كۆمەڵگای نێونەتەوەیی قبووڵیان كردووە. 
لەبەر ئەوەی گەلەكەمان زۆرجار تووشی شكستی گەورە هاتووە لە ئاكامی ئەوەی بەرژەوەندیە گشتیەكانی لە پاش بەرژەوەندیی پارچەكان و پارتە سیاسیەكانی كوردستان و ڕێكخراوە و كەسەكان هاتووە، بۆیە (نابێ‌ لەبەر هەر هۆیەك بێت، پشتگیری، یان هاوكاری دەوڵەتێكی داگیركەری كوردستان، یان دەوڵەتێكی تر بكرێت دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی كورد). هەروەها كۆنگرە هەموو جۆرە هاوكارییەك دژ بە بزوتنەوەی ئازادیخوازی نەتەوەیی لەگەڵ وڵاتیكی داگیركەری كوردستان بە خیانەت دەزانێ‌ و شەڕی نێوان پارت و ڕێكخراوە كوردستانیەكان تاوانبار دەكات و ڕەتی دەكاتەوە. 
لە پەرەگرافێكی دیكەی بەندی پێنجەمدا هاتووە: (كۆنگرە دان نانێ‌ بەو ڕێككەوتننامانەی كوردستانی پێ‌ دابەش كراوە، یان مافی گەلانی تێكڕا پێ‌ پێشێل كراوە). ڕێككەوتنامەی لۆزانی ساڵی 1923 زەقترین نمونەیە، كە هیچ لایەنێكی كوردی بەشداری لە ئامادەكردنی نەكردووە.
بەندی شەشەمی پەیڕەوەكە باس لە ئامانجەكانی كۆنگرە دەكات، بەتایبەتی: 
1- تێكۆشان بۆ بەهیزكردنی هاوكاری و هاوخەباتی لەسەر بناغەی یەكیەتی نەتەوەیی و بەرژەوەندیە سەرەكیەكانی گەلی كوردستان. 
2- كۆكردنەوە پارت و ڕێكخراو و كەسایەتیە نیشتیمانیەكانی كوردستان لە چوارچێوەی ئەم دەزگایە.
3- نەهێشتنی هیچ جۆرە شێوەیەكی ناكۆكی و دژایەتی لە نێوان پارت و گروپە سیاسیەكانی كوردستان و لایەنگرانیان.
لە بارەی ڕۆلی كۆنگرە بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكیەكانی گەلەكەمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی كوردستان، كۆنگرە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانە بە شێوەیەكی ئاشتییانە دەدات و بەكارهێنانی هێز و توندوتیژی بە ڕاست نازانێت، تەنیا لە حالەتێكدا كە ناسنامەی نەتەوەیی گەلەكەمان لە مەترسیدا بێت. هێزە كوردیەكان ئەگەر پەنابەرنە بەر شەڕی پێشمەرگایەتی، ئەوە بۆ داكۆكی كردنە لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان، كە مافێكی ڕەوایە، چونكە مافی داكۆكی كردن لە خۆ هەموو قانوونەكانی ئاسمانیی و نێونەتەوەیی و نەتەوەیی بە كارێكی شەرعی ڕەوای دەزانن. كۆنگرە پشتگیری لە خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی لە هەموو پارچەكانی كوردستان دەكات و پێشكەشكردنی هەموو یارمەتیەكی پێویست لە پێناو چارەسەرییەكی سیاسی، بە ئەركی سەرەكی خۆی دەزانێ‌.
لەسەر ئاستی پەیوەندی نێونەتەوەیی، یەكێ‌ لە ئەركە سەرەكیەكانی (كۆنگرە) كاركردنە بۆ بەدەستخستن و پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستان، هەروەها كۆنگرە كار دەكات بۆ بەهێزكردنی گیانی دۆستایەتی لەگەڵ هەموو گەلانی جیهان، بەتایبەتی لەگەڵ گەلانی دراوسێی كوردستان، وەكو عەرب و فارس و تورك. كۆنگرە هەوڵی دابینكردنی ئاشتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەدات و دژی هەموو بیروباوەرێكی ڕەگەزپەرستیی و توندڕەویی یە لە ژێر هەرناوێكدا بێت. 
بەشی سێهەمی پرۆژەكە تەرخان كراوە بۆ ئۆرگانەكانی كۆنگرە و (جڤاتی دامەزرێنەر)ی كۆنگرە بەرزترین ئۆرگانی كۆنگرە دەبێ‌، كە (پەیمانی كۆنگرە)پەسند دەكات، هەنگاوی دووهەم دەبێ‌ هەڵبژاردنی (جڤاتی گشتی) بێت، پێشنیازكراوە ژمارەیان (150) ئەندام بن، نیوەیان نوێنەری پارت و گروپە سیاسیەكانی كوردستان بن، نیوەكەی دیكەیان نوێنەرانی ڕێكخراوانی كۆمەڵگەی مەدنی، بە تایبەتی ڕێكخراوانی كۆمەڵایەتی و كولتووری و ڕۆشنبیری و كەسایەتیە نیشتمانیەكان بن. (جڤاتی دامەزرێنەر ) شێوەی بەشداریكردنی ئەو لایەنانە دیاری دەكات، بەو شێوەی لە پەیمانی كۆنگرەدا ڕوون كراوەتەوە.
(جڤاتی گشتی)، وەكو پێشتر ئاماژەی بۆ كراوە، بەرزترین ئۆرگانی كۆنگرەیە و ساڵی جارێك دەبێ‌ كۆبێتەوە. لە حاڵەتی نائاساییدا، دەتوانێ لە جارێك زیاتر كۆبێتەوە. 
بەشی چوارەمی پرۆژەكە باس لە دەزگاكانی كۆنگرە دەكات: 
1- جڤاتی گشتی ، كە دەستەیەكی سەركردایەتی بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ.
2- سكرتاریەتی گشتی، كە جڤاتی گشتی ئەندامەكانی هەڵدەبژێرێ. 
3- دەستەی ڕاوێژكاری.
4- دەستەی قانوونی باڵا، كە ئەندامەكانی لەلایەن (جڤاتی گشتی) یەوە هەڵدەبژێڕێن .
جڤاتی گشتی: ئەم دەزگایە ئۆرگانی هەرە باڵای كۆنگرەیە، ئەندامانی بۆ ماوەی دووساڵ هەڵدەبژێردرێن، پاشان بە گوێرەی (بڕیاری هەڵبژاردن )، كە (جڤاتی گشتی) بە ئامادەبوونی زیاتر لە نیوەی ئەندامانی دەبەسترێ. سەرەتا دەبێ‌ سەرۆك و دوو جێگر و چوار كۆنووسەر هەڵبژێرێ. دەسەڵاتەكانی ئەم دەزگایە ئەمانەن: 
1- هەڵبژاردنی سكرتاریەتی گشتی، كە دەزگای بەڕێوەبردنی كۆنگرە دەبێ‌. 
2- پەسەندكردن یان ڕەتكردنەوەی ئەو پڕۆژانەی لە لایەن سكرتاریەتی گشتی، یان لە لایەن ئەندامانی جڤاتەوە دەخرێنە بەر دەستی. 
3- دەستكاری كردنی پەیمانی كۆنگرە، بەڵام بە دەنگی 2/3 ئەندامانی جڤاتی گشتی . 
ئەم دەزگایە ڕۆلی پەرلەمان دەگێڕێ‌ لە ناو كۆنگرەدا و دەستەیەك بۆ سەرۆكایەتی هەڵدەبژێرێ. ئەم دەستەیە دەتوانێ كۆمسیۆنی تایبەت لە ئەندامانی جڤاتی گشتی پێكبێنێت بۆ هەر كارێك بە پێویستی بزانێ. جڤاتی گشتی سەرۆكی نییە، بەڵكو سكرتێری گشتی كە پێشنیازكراوە ناوەكەی بكرێت بە (سەرۆكی كۆنسەی كۆنگرە)، و بەندە دژی ئەو بۆچوونە بووم، چونكە جگە لەوەی بە پێچەوانەی پرنسیپی جیاكردنەوەی دەستەڵاتەكانی بڕیاردان و بەڕێوەبردنە، دەبێتە هۆی كۆكردنەوەی هەموو دەسەڵاتەكان لە یەك دەزگادا و لە ئاكامدا لە دەستی یەك كەسدا كۆ دەبنەوە، ئەوەش بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ بنەماكانی دیموكراسیدا ناگونجێن . 
بەندەكانی چواردەمین تا نۆزدەمین تەرخان كراون بۆ دەزگای (سكرتاریەتی گشتی)، كە پاش (جڤاتی گشتی)، بەرزترین ئۆرگانی كۆنگرەیە. ئەم دەزگایە پێك دێت لە سكرتێری گشتی و سەرۆكەكانی هەموو كۆمیسیۆنەكان و هەشت ئەندامی جڤاتی گشتی، كە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێردرێن. سكرتاریەتی گشتی، دەزگای بەڕێوەبردنە لە ناو كۆنگرەدا، دەبێ‌ دوو مانگ جارێك لە باری ئاساییدا كۆبێتەوە، بەڵام لە باری نا ئاساییدا، دەكرێ‌ لەسەر داوای سكرتێری گشتی، یان سێ‌ یەكی ئەندامانی سكرتاریەت كۆبێتەوە. سكرتێری گشتی كۆنگرە و ئەندامانی دیكەی سكرتاریەتی گشتی، لەلایەن جڤاتی گشتیەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێررێن و نوێنەرایەتی كۆنگرە دەكەن و بەرپرسیار دەبن بەرامبەر جڤاتی گشتی، كە دەتوانێ متمانەیان لێ‌ وەربگرێتەوە، لەسەر داوای پێنج یەكی ئەندامانی. بەندی هەژدەمین باس لە كۆمیسیۆنەكانی سكرتاریتی گشتی دەكات، كە سەرۆك و ئەندامانی لەلایەن (جڤاتی گشتی )یەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێردرێن. سەرۆكی ئەو كۆمیسیۆنانە دەبنە ئەندامانی (سكرتاریەتی گشتی). ئەم كۆمیسیۆنانە دەبێ دوو مانگ جارێك كۆببنەوە، بەڵام دەكرێ لەباری نائاساییدا كۆبوونەوەی دیكەش بكەن. ئەمەیە زۆر بە كورتی ناوەرۆكی (پەیمانی كۆنگرە) و (پێڕەویی ناوخۆی) ئەو دەزگا نەتەوەییە.


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×