کاتی ئەوەیە پلە باڵاکانی هەرێم دەستبەرداریی ئیمتیازە زۆرو زەبەندەکانیان بن‌و لەکۆڵ خەڵک ببنەوە

رێبوار محەمەد
  2019-10-31     773

ئەم رۆژانە باس باسی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی هاوڵاتیانی عێراق‌و لوبنانە، کە بەجارێک لەگەندەڵی‌و نادادپەروەریی‌و موچەو ئیمتیازی زۆروزەبەندی کاربەدەستە پلە باڵاکانیان توڕەن، لەسایەی ئەم نارەزاییانەدا بەڵێنی چاکسازیی‌و کەمکردنەوەی موچەو دەرماڵەو ئیمتیازی پلەباڵاکانی وەک سێ سەرۆکایەتییەکەو وەزیرو پەرلەمانتارەکان دراوە بەڕێژەی ٥٠٪و بۆ رازکردنی ئەو جەماوەرە توڕەیە کاری لەمەودوا کاری پێدەکرێت.

خەڵکی کوردستان بەهەمانشێوە گەیشتوەتە تینیان، بەتایبەتی کە ماوەیەکی زۆرە حکومەتی هەرێم‌و پەرلەمانیش قڕو قەپیان کردوە لەو پڕۆژە چاکسازییەی کە چەند ساڵێکە بۆ رێکخستنەوەی موچەی پلە باڵاکان‌و خانەنشینییان ئامادە کراوە.  لەخولی پێشودا متمانەی خەڵک بەرامبەر بەپەرلەمان تەواو لاواز بو کە ئامادە نەبون موچەی خانەنشینییان کەم بکەنەوە.

ئێستا پاش ئەم روداوانەی عێراق، کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتییەکان‌و وەزیرو پەرلەمانتارو بەرێوەبەرە گشتییەکانەوە لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژویی گەورەدان‌و زۆر گرنگە بەپێچەوانەی رەوتی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەوە رەوت نەکەن، دەنا ئەم شەپۆلی توڕەییە بەرامبەر بەگەندەڵێ‌و نایەکسانی درەنگ یان زوو رایندەماڵێت. 

خەڵكی مافی خۆیانە نوكی تیژی رەخنەكانیان ئاڕاستەی پەرلەمانتاران بكەن، چونكە ئەوان نوێنەری ئەم خەڵكەن‌و چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەكرێت هێندەی داكۆكیكردن لەبەرژەوەندی خۆیان داكۆكی لەخەڵكییش بكەن. بەڵام بەداخەوە ئەوەی لەپەرلەمانتارانیان بینیوە تا ئێستا ئەوەیە زیاتر لەوەی بیرییان لای خەڵك بێت بیرییان لای كۆكردنەوەی پارەو ئیمتیازی خۆیانە، بۆیە بێ‌ دودڵی دەڵێم پەرلەمانتاران بەرژەوەندی خۆیان لەخەڵك‌و لەهەمو شتێكی تر لا گرنگترە.


دیارە ئەوە تەنها پەرلەمانتاران نین كە چەندین ساڵە بەشێك لەداهاتی گشتی ئەم وڵاتە بەناوی موچەی خانەنشینی‌و ئیفادو كڕینی ئوتومبێل‌و كۆتایی خزمەتەوە دەبەن بۆ خۆیان. لێگەڕێ‌ لەو دەیان وەزیر‌و هەزاران كەسەی بەپلەی سەربازیی گەورە بەشێوەی نایاسایی خانەنشین كراون، واز لەو هەمو مەكتەب سیاسی‌و ئەندامی سەركردایەتی حزبانەش بهێنە كە پۆستەكانیان پارێزبەندیی داونەتێ‌‌و زۆربەیان بەماڵ‌و منداڵەوە بون بەبازرگان‌و ملیۆنەر. 


خەڵكی ئەم وڵاتە مافی خۆیانە حساب‌و كتابی فلس بەفلسی داهاتی گشتی نەك هەر لەگەڵ پەرلەمانتاران، بەڵكو لەگەل ئەو نوخبەی سیاسی‌و بازرگانانە بكەن كە لەگەندەڵییەوە تێوەگلاون‌و وڵاتیان گەیاندوە بەم رۆژە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×