مەسیحییەكانی سنوری زاخۆ قوربانییەکی لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا
رێبوار محەمەد
2020-10-31   540
لەشكركێشییەكانی توركیا
بۆ سەر هەرێمی كوردستانو شەڕ كردنی لەگەڵ گەریلاكانی پەكەكە لەسەر سنوری نێوان عێراقو
توركیا، دانیشتوانی دەیان گوندی سەر بەسنوری قەزای زاخۆی ناچار كردوە ماڵو حالو كێڵگەكانیان
جێبهێڵنو ئاوارە بن، كە بەشێكی سەرەكی هاولاتیانی مەسیحین.
ماوەیەكی زۆرە گوندەكانی
سەر سنوری عێراقو توركیا بەتایبەتی ناوچەكانی سنوری قەزاكانی زاخۆوو ئامێدی لەپارێزگای
دهۆك، بەهۆی شەڕو پێكدادانی بەردەوامی نێوان سوپای توركیاو پەكەكەو بۆردومانو تۆپبارانو
لەشكركێشییەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان ژیانیان هەراسانو تاڵ كراوە، بەتایبەتی ئەو
مەسیحییانەی زیاتر لەسەد ساڵە پەت پەتییان پێدەكرێو لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیو توركیاوە جینۆسایدو
قەتلو عام دەكرێن.
ئەم هاوینە كە سوپای
توركیا ئۆپەراسیۆنی "چنگی پڵنگ"ی لەناوچەی حەفتانین دەستپێكرد، گوندی مەسیحییە
كلدانو ئاشورییەكان لەو سنورەدا دیسان بونە گۆڕەپانی شەڕو
پێكدادانی نەبڕاوەی نێوان هێزە بەجەنگ هاتوەكانو ئەم پێكهاتەیەی كوردستان جارێكیتر
بونەوە قوربانی.
مەسیحییەكان كە ساڵەهای
ساڵە لەم دەڤەرەدا دەژینو بەهۆی جوانیو دڵڕفێنی سروشتی ئەو ناوچەیەوە لەبەهەشتی سەر
رووی زەمین دەچێتو ساڵانە گەشتیارێكی زۆر روویان تێدەكرد بۆ بەسەربردنی
كاتێكی خۆشو پشوودان، بەتایبەتی لەوەرزی بەهارو هاویندا، ئەمسال شەڕ رێگەی نەدا لەو
دەڤەرەدا پێشوازی لەهیچ گەشتیارێك بكرێت، كە سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی مەسیحییەكانە.
ئەو گوندانەی كە شوێنی
پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو زێدی پێكهاتەیەكی گرنگی كوردستان بوون، كراونەتە ناوچەیەكی
سەربازی قەدەغەكراو، بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوەوە كە شەڕ تەنها بۆردومانی چیا دووردەستەكانی
دەگرتەوە، ئەمساڵا لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا قوڵایی ناو خاكی هەرێمی كوردستانی
گرتەوەو زۆربەی گوندەكانی سەر سنووری نێوان عێراقو توركیا لەلایەن هێزەكانی توركیاوە
كرانە ئامانجو تۆببارانو بۆردومان كران یان داگیر كران.
ئەم گوندانە لەساڵانی
پێشوودا وەك ناوچەیەكی گەشتیاریی سەرنجڕاكێش عێراقییەكان سەردانیان دەكرد. ئەمە لەكاتێكدایە
كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، داهاتی گەشتیاریی لەو ناوچەیەدا خۆی لەخۆیدا
لەپاشەكشەدا بووەو ئەمەش ئەوەندەی تر دۆخی ئەوانی قورسو گرانتر كردووە.
مەسیحییەكان بەهۆی
ئەم بارە نالەبارەوە ئاوارە بوونو زۆربەیان گوندی بیرسفییان كردوەتە پەناگەی خۆیان،
كە دەكەوێتە دووری 16 كیلۆمەتر لەباكوری قەزای زاخۆوەو زۆربەی دانیشتوانەكەی مەسیحیین. کە ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ
پێکهاتەکانی تردا بەئاشتی پێکەوە دەژین.
مەسیحییەكان كە پێكهاتەیەكی
سەرەكی كوردستانو عێراقن، بەشێوەیەكی نەخوازراو زێدو گوندەكانیان لەناحیەی دەركار
بووە بەمەیدانی شەڕێك كە كۆتایی نایە، هەربۆیە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو لەكۆڕەوێكی
بەردەوامدا بوونو ترس لەتۆپبارانو بۆردومان كاریگەری سایكۆلۆجیو مادیو مەعنەوی
لەسەر ژیانی ئەوان هەبووە.
مەسیحییەكان لەسایەی
ئەم دۆخەدا بیر لەكۆچو بەجێهێشتنی کوردستانو
عێراق دەكەنەوە، كە ئەمە زۆرجار وەك پیلانێك شرۆڤە دەكرێت لەدژی
ئەوانو بۆ بەتاڵكردنەوەی عێراقو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەبوونی ئەوان. بەمەرجێك ئاسوریو
سریانو کلدانەکان رەگو ریشەیان لەم ناوچەیەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەدانو هەزاران ساڵ لەمەوبەرو لەدروستكردنی
مێژوو كلتورو رۆشنبیری ئەم ناوچەیەدا چالاكانە بەشدار بوونو كوردستانو عێراقو رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست بەوانو بەفرە رەنگیو هەمەچەشنی ئایینیو پێكەوە ژیانی ئاشتیانەوە جوان بووە.