پێش هەموو شتێك، مەلا بەختیار خوێنەرێكی كەم وێنەیە، بەڵام نە بیرمەندە وە نە بۆ چاكەی گشتی سوودی لە خوێندنەوەكانی وەرگرتووە. گرنگترین پرسی مەلا بەختیار لە خوێندنەوەكانی خزمەتكردنی كارەكتەرە (نەرجسی)انە تێكدەرەكەی خۆی بووە.
لە ئێستادا، لایەنی بافل و لایەنی مەلا بەختیار، هەردولا لێك لە فێڵن. ئەوەی نكۆڵی لێناكرێت، مەلا بەختیار گەورەترین تێكدەربووە لە ناو یەكێتی لەو كاتانەی كاربەدەست بووە. زۆر خزمەتی ژیاری گەورەی بە پارتی كردوە لەناو یەكێتی. بۆ دوور نەگەڕێینەوە، لەم چەند ساڵانەی دوایی با تەنها باس لە دوو خزمەتی زۆر گەورەی مەلا بەختیار بكەین كە بە پارتی كرد و ڕزگاركەربوون بۆیان. یەكەم: مەلا بەختیار و هاوئاوازەكانی دژایەتی گەورەی ڕێككەوتننامەی دەباشانی یەكەمیان كرد كە لە ساڵی ٢٠١٢ لە نێوان مام جەلال و كاك نەوشیروان واژۆ كرا. لەگەڵ نەخۆشكەوتنی مام جەلال توانیان شكست بەم ڕێككەوتننامەیە بێنن. دەبێ ئەوە بڵێم، لە ڕوانگەی تایبەتی ئۆپۆزیسیۆنبوونی گۆڕانەوە من دژی ئەو ڕێككەوتنە بووم. وە بە ئاشكرا بە كاك نەوشیروانم ڕاگەیاند كە ئەمە سەرەتایەی خراپ بوو، وە ڕەنگە ڕێگاكەرەوەبێت بۆ ڕێككەوتنی هەمانجۆر لەگەڵ لایەنی تر، بەمەش ئێمە لە بەدیلبوو دەشۆرێین و چاومان لە بەشداریپێكردن دەبێت. ئەمە هەرەسهێنانە بە بیرۆكەی ئۆپۆزیسیۆن و گۆڕانكاری. ئەم قسەی منی زۆر پێناخۆشبوو، لە كۆتاییشدا هەر وای لێهات. شكستهێنانی ئەم ڕێككەوتننامەی دەباشانی یەكەم وای لە كاك نەوشیروان كرد بێ ئومێد بێت. ئەمە پاڵنەری هەر گەورەی بوو وای لێكرد لە جیاتی یەكێتی ڕوو لە پارتی بكات. پێش هەڵبژاردنی ئەیلولی ٢٠١٣ مەیلی ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی نیشانیان بدات تا دوای هەڵبژاردن حكومەتیان لەگەڵ دورست بكات. بینیمان ئەنجامەكەی چ كارەساتبارێك بوو بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و گۆڕان و یەكێتیش و چ دەستكەوتێكیش بوو بۆ پارتی.
دووەم كاری مەلا بەختیار: بەئاشكرا دژایەتیكردنی ڕێككەوتنی دەباشانی دووەم بوو كە لە لایەن كاك نەوشیروان و كاك كۆسرەت واژۆ كرا. مەلا بەختیار هەرەسی بەمەش هێنا لە بەرژەوەندی پارتی و بە شكستی یەكێتی و كۆڕان كۆتیایی هات.
جگە لەوانە، مەلا بەختیار سەرسەختترین داینەمۆی شەڕێ ناوخۆی یەكێتی و هەموو حیزبە كوردستانیەكانی تر بوو، بەتایبەتی حیزبی سۆشیالیتی كوردستان، كە ئەو دەم لە لایەن شەهیدان عەلی عەسكەری و دكتۆر خالید و سەعدی گچكەوە سەركردایەتی دەكرا، ئێستاش بۆ منافیقی ناویان بوەتە وێردی سەرزمانی.
گەورەترین تاوانی مەلا بەختیار بەكوشتدانی شەهیدانی قارەمان و دۆستی یەكتر شێركۆ شێخ عەلی و جەمالی عەلی باپیر بوون.
جگە لەمانەش ئامرازی تێكدانی ڕیزەكانی یەكێتی بوو وەك ئامرازێكی ئامادەی مام جەلال بۆ دژایەتیپێكردنی كاك نەوشیروان تا دەرپەڕاندنی لەناو یەكێتی. ئەو كردارانەی مەلا بەختیار و هاوئاوازەكانی بوونە ڕێگەی كەرەوە بۆ مێراتگری سیاسی ئەمڕۆی یەكێتی بۆ كوڕەكانی مام جەلال و هەندێ سەركردەی تر. بەم كردەوانەیان یەكێتیان بەتاڵ كرد لە سەركردە و كادری كارامەی بەتوانی وا كە توانای ئەوەیان هەبێت جێگەكەی مام جەلال پڕ بكاتەوە، خۆشیان لەو قەبارەدا نەبوو بۆ ئەو جێگەی وەك خۆیان مرخیان لێ خۆشكردبوو.
ئێستاش، پێش ئەو ڕوداوانەی ئەم چەند ڕۆژە، هەموو كەس دەیبینی مەلا بەختیار و هاوشێوەكانی پیك و زوڕناكانیان ڕووی لە كام لایەن و بۆ كێیان دەژەنی. بێگومان بن یەك تۆز سۆزم بۆ بافل و یەكێتی نییە، بەڵام دژی تاكڕەویم. چونكە هەموومان ئەنجامی كارەساتبار و تێكدەری تاكڕەووی لە هەرێمی كوردستان بە ڕوون و ئاشكرایی دەبینین و هەستی پێ دەكەین چ وێرانكاری و گەندەڵی و تەپینی و دواكەوتنی كۆمەڵایەتی و شكستی سیاسی و ئابووری و ئەخلاقی و فێركردن و زانستی بەدوای خۆی داهێناوە.
لە هەمان كات، لە جیاتی گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی، لەگەڵ ئەم جۆرە ئیجرائاتە عەسكەرتاریانەشیان نیم دژی مەلا بەختیار. بێگومان هاوسۆزیشم نییە بۆ ئەو كارەكتەرە نێگەتیفەی ناو سیاسەتی كوردی، چونگە ئەم جۆرانە ئامرازی شێواندنی سیاسەت بوون لە سەرەتاوە لەناو كورددا تا كار بە ئەمڕۆ گەییوە.
مەلا بەختیار هەموو كات كارەكتەرێكی تێكدەر و ترسنۆك و نەرجسی ناو بزوتنەوەی سیاسی و چەكداری كورد بووە. ئەنجامی كردارەكانی سەدان قوربانی لێكەوتوەتەوە و گیانی سەدان دڵسۆزی پێ بەفێڕۆدراوە.
لە ئێستاشدا، مەلا بەختیار نە چەپە تا نوێ بێت، نەكوردە تا بۆ كەركوك بگریێت، ئەگەر خەمی كەركوكیبا دەیزانی كێ كەركوكی بەبوكداوە، وە نە یەكسانیخوازە تا خەمی هەژاران و موچەخۆرانی بووبێت، نەوەك دەزانێ كێ و بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان خراونەتە دۆخی هەژاری و كراونەتە بارمتەی حەز و بەرژەوەندی چەند كەسێك، بەشمان بینی مەلا بەختیار بەرگریكەر بێت لە مافی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی، دەنا دەزاێن ڕۆژنامەوانان و ئازادیخوازان بە كام یاسا و چ جۆرە دادگایەك سزا دراون و لە كام بەندیخانە توندكراون.
ئەو فرمێسكە تیمساحیانەی مەلا بەختیار دەیڕژێ كارەساتی گەورەیان بۆ گەلی كورد و هاوڵاتیانی هەرێم بە دواوەیە ئەگەر كاریگەر بن. سەرجەم نواندنەكانی مەلا بەختیار تەنها بۆ مزایەدەی سەلماندنی نەرجسیەت و غروری بێ بنەمای كەسی خۆیەتی..