بودجە و موچە

كاروان محەمەد دارتاش
  2019-09-22     684
بەوەدا کە نوێنەرانی کورد لە بەغداد تەنگاو بون و بەئاشکراو نهێنی داوای رادەستکردنی نەوتی هەرێم دەکەن، هۆشداری ئەوەیان داوە لەحاڵەتی پابەندنەبونی حکومەتی هەرێم بەحکومەتی ناوەند موچەی فەرمانبەرانی هەرێم جارێکی دیکە مەترسی بڕینی لەسەرەو پاشەکەوتی موچە سەرەتاتکێ دەکات.

چون رێکەوتنی هەرێم و بەغداد بەفشاری ئەمریکی و بریتانیەکان بوە تەنها بۆ ماوەی ساڵێک بوە بۆئەوەی دەرفەت بدرێ بە (دەسەڵاتدارانی نەوتی هەرێم) بۆ بودجە یاسای ساڵی  2020 بڕی 250 هەزار بەرمیل رۆژانە بداتە ناوەند لەبەرامبەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتەکەی عادل عبدولمەهدیەوە کە خودی خۆی خاوەنی هیچ حزبێکی سیاسی و لیستی پارڵەمانی نییە و حاڵی حازر لەژێر فشاری لایەنە شیعەو سونەدایەو تاوانباری دەکەن هاوسۆزە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پارەی نەوتی بەسرە دەنێرێ بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان بێ ئەوەی چاودێری دارایی ئاگاداری وردەکارییەکانی سەرفکردنی ئەو بڕە پارەیە بێت.

سیگناڵەکانی هەولێر نیشانی ئەدەن (دەسەڵاتدارانی نەوتی هەرێم) مەیلی ئەوەیان نییە نەوت رادەستی بەغداد بکەن یان راستتر وایە بڵێین دەوڵەتێکی ئیقلیمی ڕێگرە لەرێکكەوتنی هەولێر-بەغداد، چون ئەم رێکەوتنە بەزیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی تەماشادەکات!

ئەگەر بەوردی دیقەت بدەین بەڕونی دیارە جارێکی دیکە وەک مەسەلەی ریفراندۆم و بکەرانی جارێکی دیکە چارەنوس و گوزەرانی سەدان هەزار فەرمانبەر گرێدراوە بە عینادی سیاسی و کەلەڕەقی و بێ موبالاتییەوە.

ئاخر رۆژانی ریفراندۆمیش هەوڵی فەرهاد درا و تەقەلای بێوچان درا ئەم پرۆسەیە بۆ کاتێکی دی دوابخرێت هۆکارەکانیش ڕون کرانەوە لێ بکەرانی لە کەلی شەیتان نەهاتنە خوارەوەو سواری سەری خۆیان بون و ئەوەی چاوەڕوان دەکرا ڕوی دا و تەنها هاوڵاتیانی بێچارە باجەکەیان داو سیاسییەکان  قسەو وتارەکانیان لەجاران بێ دەربەستر بو.

گرنگە ئەمجارە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەمەرەدی ریفراندۆم نەبرێ و کورتبینی هەندێک سیاسی و سەرکردە بۆ پێشهات و روداوەکان هاوڵاتیان و توێژەکانی خوارەوەی کومەڵگا باجەکەی نەدەن و لەئێستاوە فشاری هەلایەنە دروست بکرێ بۆ جێکردنەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2020عێراق چون گەڕانەوەی پاشەکەوتی موچە بەمانای وشە کارەساتی کۆمەڵایەتی و ئابوری گەورەی بەدوادا دێت.
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×