یەكێتی پێ بەچروكدا دەنێت؟
بەهێز حسێن
2019-09-13   1674
پارتی زۆر بە نەرمی لە ڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ هاوپەیمانە نوێكانی خواستی كۆنترۆڵكردنی دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیانی هەیە ، لانی كەم هاوبەشبێت لە بەڕێوەبردنی خۆجێیی شاروشارۆچكەكانی دەڤەرەكە ، پارتی بەم هەوڵەی قۆناغی پشكی ئەم دەڤەر بەرامبەر ئەودەڤەرە لەگەڵ یەكێتی تێدەپەڕێنێت و یەكێتی لەگۆشەیەكی بچوك و بێكەسیدا گەمارۆدەدات.
پارتی پلانی هەیە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و سۆشیالیستی كاكە حەمە و بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەڵەبجە و پشدەر و بتوێن و سلێمانی و گەرمیان و كۆیە لەڕێگەی دروستكردنی هاوپەیمانێتیی باڵانسی هێز بەرامبەر بە یەكێتی راستبكاتەوە و وەك برا بەشە پۆستە ئیداری و ئەمنییەكان دەستبخات.
بە پێی زانییارییەكان پارتی پێشنیاری بۆ یەكگرتوو و كۆمەڵیش كردووە كە بێنە ناو ئەو هاوپەیمانێتییە و لەبەرامبەردا بودجە و پشكی ئیدارییان پێدەدرێت ، رازیبوونی مەبدەئیش لەلایەن هەردوو لایەنەكەوە بۆ پارتی هەیە ، بۆیە پێشبینی دەكرێت یەكێتی بە هەڵوێست و رێكەوتنەكانیدا لەگەڵ پارتیدا بچێتەوە.
بەپێی هەندێك سەرچاوەی باوەڕپێكراو بەمنزیكانە گەڕێكی تری كۆبوونەوەكانی یەكێتی و پارتی دەستپێدەكاتەوە و یەكێتیش لەگەڵ پارتیدا دوا قسەدەكەن ، چونكە پارتی دەستی دەستی بە یەكێتی دەكات و تا ئێستا لەحكومەت و پرسی كەركوكدا یەكێتی گلەیی ئەوەی هەیە كە وەك هاوبەش مامەڵەیان لەگەڵ ناكرێت و وەك ئەوە وایە هیچ رێكەوتنێك لەنێوان یەكێتی و پارتی نەكرابێـت* .
بۆیە یەكێتی سەرەتا پابەندی هیچ ئەنجامێكی ئەو گفتوگۆیانە نابێت كە بۆ بەشە پشكی لایەنەكان لە پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی و گەرمیان و رانییە پێی گەیشتوون و ناوچەكانی زۆنی سەوز و بەشداری پارتی تیایاندا دەبەستێتەوە بە بەشداری یەكێتی لە بەڕێوەبردنی ئێدارەی زەرد و شوێن هەژموونی پارتی .
ئەوەی ئەمجارە یەكێتی عاقڵانە خۆی لێ دەپارێزێت ململانێكردنی لەگەڵ ئەو بەرەیەی پارتی بەیەكەوە ، بەڵكو دەخوازێت و وا باشتریشە كە تەنها لەگەڵ پارتی گفتوگۆی دوو قۆڵی بكات و لەگەڵ ئەودا رێكبكەوێت ، چونكە وەك دەركەوتووە لایەنەكانی تری ناو هاوپەیمانێتییەكەی پارتی بە تەواوەتی تەسلیم بوون و بڕیاریان بە تەلەفۆن پێدەگات و تەنها جێبەجێكردنیان لەسەرە .
چەند رۆژی داهاتوو قسەی یەكلایی كەرەوە لەنێوان یەكێتی و پارتیدا دەكرێت.
* تا ئێستا قوباد تاڵەبانی جێگری حكومەتی بێ دەسەڵاتە و مەسرور بارزانی ئامادە نییە فەرمانی دەستبەكاربوون بۆ رەوەند مەلا مەحمود وەك وەزیر دەربكات و خالید شوانیش وەزارەتی بۆ تەشكیل نەكراوە و پارێزگاری كەركوكیشیان دیزەبەدەرخونە كردووە .