مەساسە بەدەستەکانی سەردەم کێن؟!

شایان یوسف
  2019-08-28     2663

ئەو چینەی پڕن لەجوانی ڕوکەش‌و فیلەرو بۆتۆکس ڕوتیی‌و جلی مارکە، بەڵام تەواو خاڵین لەزانست‌و هونەری مامەڵەکردن‌و جێبەجێکردنی یاساو ئەتەکێتی پەیامنێریی، کەناڵەکانیشیان ئامانجێکیان نییەو تەنها وشەی ناقۆڵا فڕێ ئەدەنە ماڵی هەر تاکێکمانەوەو کات‌و بۆشایی کەناڵەکان پڕدەکەنەوە به‌بەپرسیاری هیـــــــــچ!

مایک بەمەساسە تێگەیشتون، هەرکەس شەرمی لەکامێرا نەبو مایکێکی ئەدەنە دەست، شەلم کوێرم ناپارێزم پرسیار دەکات، شکۆی مایکیش خۆمان خۆش...

پیشەی ڕاگەیاندن وەک ئەوترێ لەکاری دکتۆرێک دژوارترە، رەنگە دکتۆرێک کەسێ بکوژێت، بەڵام ڕاگەیاندن کۆمەڵگایەک.....

مەبەست لەفیلەرو جلی ڕوت واتە کەناڵەکان هیچ بەرنامەو داهینانێکیان نییە جگە لەلاسایی کردنەوەیەکی سواو، بۆیە لەڕێی کۆمەڵێ خاتونەوە سەرنجی بینەر ڕادەکێشن‌و جل‌و بەرگیشیان ئەکەنە مۆدێلی ساڵ، ئەم جۆرە کەناڵانە بەداخەوە جەستەی جوانییان دەکاتە ئامانج، گەر خاتونێک یەخەی بۆدیەکەی کەداهاتەوە تا مەعیدەی دەرنەکەوێ وەریناگرن!

جوانکاریی مافی هەر تاکێکە، بەڵام کاتێ خانمێکی مایک بەدەست دەڵێ پارەی حەج بدرایە بەگەنجێکی هەژار باشتر نەبو؟ بێگومان لێرەدا وەک مسوڵمانێک بەرپەچدانەوەیەکم بۆت دەبێ‌و دەڵێم ئەی فیلەرەکەی لێوی تۆش کە نیو سیسیش بێت بە ٧٥ هەزارە بدایە بەگەنجێک باشتر نەبو؟! لەئنستاگرام بەردەوام ڕیکلام بۆ حەب‌و کرێم دەکەی پارەکەی بدەی بەگەنج باشتر نییە؟!

من لەگەڵ ئەو خاتونە نازدارە کارم کردووە، خاوەن جوانیەکی سروشتی خۆیەتی‌و هەڵبەت هەر جوانکارییەک دەکات مافی خۆیەتی، بەڵام ئەم پرسیارەی لەهاوڵاتیان شۆکی کردم، لەخۆم پرسی ئەم کەناڵە بێ فلتەرە؟ چۆن ڕێ بەم جۆرە پرسیارانە دەدرێ؟ خاتونێکی ئاقڵ ناکرێ قبوڵی ئەم پرسیارانە بکات!

لەکاتێکدا داهاتی هاوڵاتیان بەڕۆژی روناک جرت‌و فرتیەتی بۆ وڵاتانی دراوسێ، هێشتا بێ نەوت‌و کارەباین، پارە لەکۆنسێرتی هونەرمەندی ئەلبانی، لوبنانی‌و تورکی خه‌رج دەکرێ، کێشە نییە، بەڵام تاکێک بۆ ئارامیی ڕۆحی ڕودەکاتە ماڵی خوا بڤەیە؟!

لەم جۆرەمان زۆرە، کە خاوەن ئەزمونی زیاترن، به‌ڵام دورن لەهونەری پەیامنێریی، کە بۆ هاوینە هەوارەکانی کوردستان سەفەر دەکەن‌و بەرنامە ئەسازێنن، لەماڵەکان‌و لەسەر تەنور پرسی بوک‌و خەسو دەوروژینن‌و پرسیاری ناجۆر دەکەن وەک... ئەوە چۆنە نان بۆماڵی خەسوت دەکەی؟ ئەی خەسوت خۆشدەوێ؟ بوکە بچوکەکەتان بۆنان ناکا لەگەڵتان بەینتان نییە؟

هاوکات مایک بەدەستێکی تر پیاوێک دەدوێنێ دەڵێ: دەتەوێ ژنێکی تر بێنی ئەویش بۆی ئەخورێ‌و خۆی گیڤ دەکاتەوەو 
دەڵێ: ئەرورلا بۆم بکرێ ئەیهینم، 
پاشان لەخانمی ژنی پرسی ئەویش وتی:
گەر بیهێنێ ئەوا من جیادەبمەوەو دەستی مناڵەکان ئەگرم‌و ئەڕۆم... 
چەند جار ئەم پرسیارەی کردەوەو ژنەکەی دڵی پڕ بو لەو پرسیارانەو وەڵامی هاوسەرەکەی.....

زۆرو بۆری ژماره‌ی‌ کەناڵەکان‌و بێ فلتەریی بەرنامەکان، دنیایەکی مەیخانە ئاسایان بۆ کۆمەڵگه‌ی کوردی دروستكردووە، هەمووانیان سەرخۆش کردووەو مایک بۆتە چەکێکی کۆمەڵکوژیی گەنجان، تەنها ئامانجیانە توڕەیی‌و نواندنی خۆیان لەم ڕێیەوە خاڵی بکەنەوە.....

درود بۆ ئەو ڕۆژانەی مایک هی هەمووان نەبو!
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×