هاڕینی مرۆڤایەتی لەبەرداشی سیستمی سەرمایەداریدا

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2024-06-18     260

لە دونیای ئەمڕۆدا زانست وەکوو ئاینی نوێ کە سیستمی سەرمایەداری جیهانی بەرهەمی هێناوە، هەموو شتەکانی تری خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. تەنانەت ئاینە ئاسمانییەکانیش ئێستە لە هەوڵدانیاندا بۆ ناساندنی خوا لەسەر زەوی دووبارە دەکەونەوە خزمەتی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری کە پارە کۆڵەکەی ڕاگرتنییەتی. دەبینن کە ئەمڕۆکە مەلا و واعیز و قەشە و حاخامەکانیش لەژێر جەبەڕوورتی پیاوانی سیستم و دەسەڵاتدا لە ڕێگەی یاساوە کە هیچ دەرفەتێک بۆ ئەخلاقی مرۆڤ و کۆمەڵگە ناهێڵێتەوە، هەڵدەسووڕێن. موچەکانیان لای ئەوانەوە دابین دەکرێت و هەر لای ئەوانیشەوە ئاڕاستە دەکرێن و گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵدەکرێت.
لەژێرڕکێفنانی جوڵەی کۆمەڵگە تەنها پیاوانی ئاینزا و ئاینەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو پیاوانی خزمەتکاری زانستیش لەم جەبەڕووتەی سیستم سەپاندوویەتی بەدەر نین. پیاوانی زانستگەرا ئێستە وەکوو ڕاهیبەکانی خواوەندەکانی سۆمەرن و زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانیشیان ڕۆڵی پەرستگەکانیان دەگێڕن.

جگە لەوەش، سیستم لە ڕێگەی سەپاندنی دەسەڵاتی ڕەهای خۆیەوە، پێگەکانی خۆشەویستی، خۆشبەختی و هاوسەرگیریشی خستووەتەوە خزمەتی خۆیەوە. ئەمڕۆکە شتێک بەناوی هاوسەرگیری دڵخواز ڕوونادات، بەڵکوو ئەوەی دەگوزەرێت، جێگۆڕکێیەکی کاڵایە. لە لایەکەوە پارە و سامان بۆ لایەک دەجوڵێت و لە لایەکەی ترەوە جەستە دەکرێتە پارسەنگی پارە. لێرەدا و سەرئەنجام هەموو شتەکان دەگەڕێنەوە خزمەتی سیستم کە بە خۆی و ئاینە نوێیەکەیەوە دەستی ناوەتە بینەقاقای مرۆڤ و کۆمەڵگە.

بۆ ئازادی مرۆڤ و کۆمەڵگەش، دەبێت هەموو پێدراوە مرۆیی و ژیانییەکان لە چنگی سیستمی زاڵی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری ڕزگار بکڕێن. بەڵام ئەمە کێشە گەورەکەی هەموو مرۆڤایەتییە و ڕەنگە چارەسەرێکی هەنووکەیی و بەردەست لە یۆتۆپیایەکی خەیاڵی زیاتر هیچی تر نەبێت، بەوەی خاڵی وەرچەرخان بۆ چارەسەری بنبڕ بە هەڵوەشاندنەوەی تێکڕای دامەزراوەکانی سیستم هەر لە ئاین و پەرستگەکانەوە تا خێزان بە کۆتوبەندەکانییەوە تا زانکۆ و دامەزراوەکانی مەعریفەوە دەست پێ دەکات. بە واتایەکی تر هەڵوەشاندنەوە و سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی دونیایەکی نوێ کە پلەبەندی تێیدا سڕدرابێتەوە، مەرجی سەرەکی ئازادبوونی ژیانە. ئەگینا دووبارە و چەندبارە هەمان جەبەڕووت چێ دەبێتەوە.

تێبینی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە هەریەکێک لە ئێمە چەندە هەوڵیش بدات خۆی لە داوەکان و سوێندەکانی سیستم قوتار بکات، سەرئەنجام هەموو هەوڵدانەکانی دەکەوێتەوە خزمەتی هەمان سیستم کە جەبەڕووتەکەی بەرهەم هێناوە. بۆیە مرۆڤایەتی لە نێوان بەرداشی سیستمدا گۆشت و ئێسقانی هاڕدراوە. لە ئێستەدا جگە لە خۆڵ و تۆز هیچی لێ نەماوەتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×