بەکر عەلی، بەس نەبوو، واماننەکرد!
د. شوان عەبدوڵا حەمەد
2021-09-02   957
ساڵێک و دووان دوای جوانەمەرگکردنی بەکر عەلی شاعیر، من و دوو هاوڕێم کە پێویست ناکات ناویان بهێنم، جار جارە لە داخی دڵی خۆمان و لە غەزەبی نەزانی و نەفامی ئەو میللەتە کۆڵەوارەی خۆمان، دەچووین لە بن بەرد و لە تەنیشت چاڵ و لە نزیکی نشێوییەکانی حامیە ‘پارکی ئازادی ئێستا’ قومێک عارەق یان ویسکی فەلمان ئەخواردەوە و ئەکەوتینە دەردە دڵ. هاوینان شوێنەکە ئەوەندە گەرمم بوو لە تاوا ناومان لێنابوو ‘ئیستعلاماتی جەهەنەم’.
ئەوەندە لە خۆمان و لە ژیان و لە کوردبوون و لە سلێمانی بێزاربووین، بە دەم داگیرساندنی جگەرەی ئەسپینەوە کفرمان بە هەموو پیرۆزییەک ئەکرد. ئاخر ئێمە هەر ١٦ بۆ ١٧ ساڵ تەمەنمان بوو، غیرەتمان هەبوو، بەڵام دەشمانزانی کە هەرچی بۆ ئەو میللەتە کۆڵەوار و نەفامە بیکەین، وەکو خوێنی بەکر عەلییەکان بەفیڕۆ ئەڕوات.
کێش دەزانێت، ئەگەر ئێمەش چاوەڕێمان بکردایە دوای چەند ساڵێک کە بڕێک غیرەتی زیاترمان پەیدا دەکرد و تۆزێکیش داخ و مەینەت و زوخاوی ئەو میللەت و ئەو شارە کەفوکوڵی غەزەبمانی شێتتر دەکرد، ڕەنگە ئێمەش ئەوسا وەکو بەکر سنگمان بنایە بە گوللە دۆشکەی موحافیزی سلێمانییەوە، چوزانم، ڕەنگە ئێمەش وامانکردایە… ئەرێ هەر ئەو نەبوو ماوەیەکیش ئەیویست بیگۆڕێ؟؟
جا بەس نەبوو، نەمانکرد و خۆمان نەکردە قوربانی بۆ ئەو میللەتە خەوتووە بێ کەڵکە، باشتر نیە، خۆمان هەڵگرتووە بە ڕەزالەت و شەرمەزایش بێت، هەر مانەکە باشترە، نەکوو بۆ میللەتێکی ئاوا بێ فەرهەنگ و ناهۆشیار خۆت بە کوشت بدەیت…
ئەڵێت بۆ وا لە میللەت ئەکەیت؟ ئەی ئەگەر میللەت عیلەت نەبوایە، ئەبوو لە پارکی ئازادی، لەسەر ئەو خۆڵەی کە خوێنی بەکر و سەدانی تری لەسەر ڕژا، شایی و لۆغان ببەستن؟؟!
بەس نەبوو، واماننەکرد!
هیوادارم ئەو دوو هاوڕێیە خۆیان بناسنەوە.