کەمینی کەمینەکان
عەلی عهبدولصهمهد
2020-05-12   1135
لەم چەند ساڵەدا ئەوەی فیکەی یەک لاکەرەوەی زۆرێك لە پرس و ڕوداوەکانی نێو پەرلەمانی لێداوە و پارسەنگی هێز و ویستی بۆ حیزبەکانی دەسەڵات یەکلاکردۆتەوە، ئەو دەنگانەن کە پێیان دەوترێت، کورسی کۆتاکان، یاخود پێکهاتە و کەمایەتییە نەتەوەی و ئاینیەکان، ئەو کورسیانەی یاریەکی دیکەی دەسەڵاتن بۆ خزمەتی بەرژوەندیەکانی خۆی و دژایەتی پێکردنی نەیارەکانی، لەنێو بەرگی ئاینی و نەتەوایەتی پێکهاتە کەمینەکاندا.
ئەوانەی بە کەمترین دەنگ و بە دەنگی سێ سەد بۆ چوار سەد کەس بوونەتە ئەندامی پەرلەمان و بە تێكڕا دەتوانن لە بەرژەوەندی حیزب و هێزەکانی دەسەڵات، دەنگی پەرلەمانتارێك کپ کەن کە دەیان هەزار دەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستانی بەدەست هێناوە بۆ نوێنەرایەتی کردنیان و هەر بڕیارێکی دیکەش پەسەند بکەن کە لە بەرژەوەندی حیزبێکی دیاریکراوبێت.
ئەمانە ئەگەر لە ڕووی ئاینی و بیروباوەڕەوە خۆیان بەجیاواز نیشان دابێت، ئەوا لەڕووی ئەجێندا و ناوەڕۆکی سیاسیەوە، هەمان ئەجێنداو بەرنامەی حیزبەکانی دەسەڵاتیان جێبەجێکردووە و چەند بەرانبەر بە ئەندام و پەرلەمانتارانی حیزبەکانی دەسەڵات، خزمەتیان بە ویست و ئامانجەکانی دەسەڵات کردووە و لە کاتە چارەنوس سازەکاندا بونەتە فیکەی کۆتایی یاریەکە بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات .
وەک بەشێك لە کایەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، کەمەنەتەوایەیتی و ئاینیەکانیش، فۆڕمێکی سیاسی بەبەردا کراوە، وەک لەوەی فۆڕمێکی نەتەوەی و ئاینی بێت و پارێزەری ئەجێنداکانی دەسەڵات بوون، نەک نوێنەرێکی ڕاستەقینەی کەمایەتیەکان.
لەپاڵ حیزبەکانی دەسەڵاتدا، ئەم پێکهاتە و کەمینانە، لە کەمین دابوون بۆ سەنگەرگرتن و کپکردنی ئەو دەنگ و ئیرادە سیاسیانەی کە ئامانجیان خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتی و دژایەتیکردنی ویستی خۆسەپاندنی حیزب و کەسانێکی دیاریکراو بووە،
ئەوە جگە لە نوێنەرایەتی نەکردنی ڕاستەقینەی کەمایەتی و پێکهاتەکان و لەناوەڕۆکیشدا جێبەجێکاری ویست و ئامانجەکانی دەسەڵات بوون و پشکیان هەبووە لەبەشێك لەو بڕیار و هۆکارانەی کە بوونەتە هۆی خراپبوونی ژیانی خەڵك و پاراستنی ویست و بەرژەوەندیەکانی دەسەڵات و چەند کەسێك.