شەوێك لەتەحریری بەغداد
عەلی عهبدولصهمهد
2019-10-04   1488
تەنها شەوێك پێش تێكچونی بارودۆخی بەغدادی پایتەخت، لەدوری چەند سەد مەترێکەوە لەمەیدانی تەحریری بەغداد، لەگەڵ گەنجێکدا گفتوگۆمکردو لێمپرسی بادودۆختان چۆنە؟ لەوەڵامدا، بەدڵ پڕیەکەوە وتی (وەللەی ماندوین). وەڵامی ئەم گەنجە، وەڵامی سەدانو هەزاران گەنجی دیکەی بەغدادو شارەکانی دیکەی عێراقە کە نەبوونی کارو نەبونی ژیانێکی شایستەبۆیان، تەواو ماندوی کردونو نیشتیمانی لێکردوون بە دۆزەخێکی ئەبەدی.
بێگومان خەڵکی بەغدادو شارەکانی دیکەی عێراق تەواو ماندوون لەدەست ئەو گەندەڵیو نادادیانەی کە دەسەڵاتدارانی عێراق دەیکەن، تەواو ماندون لەنەبوونی خزمەتگوزاری سادەی ژیانیان.
بەغداد کە ساڵانێك ناوەندێکی گرنگی شارستانیو ڕۆشنبیری بووە لە ئاست وڵاتانی عەرەبیو تەنانەت جیهانیش، جگە لەدڵگیریو جوانی ئەم شارە، بەلام لەئێستادا لەسایەی داهاتی زۆری نەوتو دەسەڵاتدارانییەوە ، تەنانەت خزمەتگوزاری جادەو بانی نێو شەقامە دیارەکانی بەغدادیش لەئاستی پێویستدا نیە، ئەوە جگە لەوەی ڕێگاو بانی دەوروبەری بەغدادیش، نەک وەک پێویست نیە بەڵکو زۆر مەترسیدارو خراپە بۆ هاتووچۆ کە بەردەوام ڕوداوی نەخوازراو تێیدا ڕو دەدات.
بینینی ڕێژەیەکی زۆر لە ئافرەت و منداڵی دەرۆزەکەر لە شەقامەکانی بەغداد و بوونی ڕێژەیەکی زۆر لەگەنج لەنێو کافتریاکان و سەرقاڵبوونیان بە کێشانی نێرگەلەوە، دەرخەری خراپی گوزەرانی ژیانی خەڵك و بێ کاری گەنجەکانیانە، کە ئەمەش بێ گومان لەنێو وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەك عێراق بە سامانی سروشتی و بوونی نەوت، تاسەر لەلای خەلكی خێرنەدیدەی ئەم وڵاتەوە جێگەی قبوڵکردن نیەو لەهەر چرکەساتێکدا دەکرێت ئەم هەستەپنگخواردووەی نێو دەروونی خەڵك بتەقێتەوە، هەر وەك ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بینیمان و خۆپیشاندانێکی گەورە ڕوویدا.
جیاوازی ئەم خۆپیشاندانە لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی دیکەدا، ئەوەیە لەخۆپیشاندانەکانی دیکەدا سەدر وەک سەرکردەیەک ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانی دەکرد و هەرکاتێکیش بیویستایە دەیتوانی خۆپیشاندانەکان دابمرکێنێتەوە، بەلام لەئێستادا جگە لە هەڵوێستە لاوازەکانی، تویتو لێدوانەکانیشی کاریگەری لەسەر گۆڕینی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان نیە.
لەنێو خۆپیشاندانەکانی بەغداد دا، یەکێك لە خۆپیشاندەرەکان دەیگوت، بۆ ئێمە وەک وڵاتانی دیکەی کەنداو ناژین، مەگەر ئێمە نەوتمان نیەو نایفرۆشین؟چەندین ساڵە خێرو بێرو نەوتی عێراق، بۆ کۆمەڵێک سیاسیو بنەماڵەی سیاسیە لەعێراقدا و خۆیانو بنەماڵەکانیان لەسایەی داهاتی نەوتەوە شاهانەی دەژین و خەڵکی خێر نەدیدەی عێراقیش ژیانێکی ناشایستە دەژینو لەنێو بەسەڕەدا کە خاوەنی شەتڵوعەرەبە بۆ داواکردنی ئاو خەڵك خۆپیشاندان دەکەن.
ئەم خۆپیشاندانانەی ئەم جارەی بەغداد دەرخەری دواخاڵی نائومێدیو ماندوبونی خەڵكی عێراقە لەدەسەلاتداران، هەرچەندە لەئێستادا هەوڵی دامرکاندنەوەی دەدرێتو ڕەنگە تا ڕادەیەک سەخت بێت، بەڵام لەئەگەری دامرکاندنەوەشیدا، لەهەر چرکەساتێکی دیکەدا، دوبارە ئەم ناڕەزاییەتیانە دەدەقێتەوە ئەگەر بێتو دەسەڵاتدارانی عێراق، ژیان و گرفتەکانی خەڵك باشتر نەکەن.