نەمامێکتان ناشت‌و نیشتیمانێکتان هەڵوەراند

عەلی عه‌بدولصه‌مه‌د
  2019-08-09     1303
ساڵانێکە نیشتیمانتان بەهەمو جوانیەکانیەوە هەڵوەراندووە، هیواو ئومێدو هەستی نەتەوایەتی‌و دڵسۆزی بۆ خاک و وڵات، ئەو بەهایانەبون ئێوە هەڵتان وەراندن. 

ساڵانێکە جەرگی دایکی کورد هەڵدەوەرێنن، گەنجە خێر لەخۆ نەدیوەکانی نیشتیمان ئاودیویی ئەو دیو سنور دەکەن و ڕادەستی دەریاکانیان دەکەن.

ساڵانێکە باوەشی گەرمی دایکەکانتان لەگەنجی ئەم نیشتیمانە، گۆڕیوە بۆ کۆڵانەکانی غەریبی لەخاریج، ساڵانێکە دڵی گەنج و پیرو هەمو تاکێکتان شکاندووە.

ساڵانێکە کەرامەتی مرۆڤی کوردتان لەباشور شکاندووە، هەزاران دڵۆپ فرمێسکتان لەچاوی دایکەکانی کورد هەڵوەراندووە. 

ساڵانێکە ئومێدی هەموو خەون و هیوایەکی گەنجی کوردتان هەڵوەراندووە، کە دوایی تەواکردنی خوێندنی بەهیوایی دروستکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆ خۆیی، بەڵام چارەنوسی لەباوەشی  نائومێدی و کۆچدا دەبینێتەوە. 

کام بەهاو جوانیە ماوە لەم نیشتیمانەدا هەڵتان نەوەراندبێت؟ کام خەون و هیوایەیە لەم نیشتیمانەدا هەڵتان نەوەراندبێت،  لەبری ناشتنی نەمامێك، وەرن هیواو ئومێدو ڕاستگۆیی خۆتان لەدڵی هاووڵاتیەکانی ئەم نیشتیمانەدا بچێننەوە کە ساڵانێکە هەڵتان وەراندون.

وەرن پێکەنین لەدڵی دایکە دڵشکاوەکانی ئەم نیشتیمانەدا بچێننەوە کە ساڵانێکە لەدووری جگەرگۆشەکانیان هەڵوەریووە.   نەک ناشتنی نەمامێك‌و بڵاوکردنەوەی، وەک ئەوەی کە نیشتیمانتان کردبێت بەدوبەی‌و ژیانی خەڵکتان کردبێت بەبەهەشت. 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×