"هەموومان لەجیهانێکدا زیندوین، بەڵام هەموومان لەجیهانێکدا ناژین" ئەمە وتەی بیرمەندی ئێرانی، "عبدالکریم سروش"ە.
بۆمن هەمیشە جێگەی سەرنجە و وەڵامێکی گرنگی ئەو پرسیارەمە کە بۆچی کەسانێک هەن وەک فیرعەون دەژین و کەسانێکیش نانی ژەمێکیان نیە و بەو جۆرە دەژین؟
ئەگەرچی هەردووکیان زیندوون، ئەوەی کە لەموچەی خانەشینیەکەیدا وەستاوە و گیان لەدەست دەدات، لەگەڵ هەمان ئەو کەسەی کە ئەو دۆخەی بۆژیانی ئەو و خەڵك خوڵقاندووە، بەڵام هەردوکیان لەجیهانێکدا ناژین،
جیهانی یەکێکیان ژیانێک چەشنی ژیانی فیرعەون و ستەمکار و خوێن مژەکانی مێژووە و جیهانێکی یەکێکی دیکەشیان، ژیانێک پڕ لە دەرد و ستەم و نایەکسانی و هەژاری و نەدارییە.
ئەگەر چی هەردووکیان لەڕوکەشدا زیندوون، بەڵام لە ناوەڕۆکدا جیهانێکە کە مەودایی نێوانیان دووری ئاسمان و زەوییە.
ئەگەرچی ئەوانەی کەژیانی خەڵکیان پڕ کردوە لە دەرد و نەهامەتی و دەیان گرفت و قەیرانی جۆراوجۆر، لەگەڵ ئەوانەی کە ئەوەیان بەسەردا هێناون لەهەموو چین و توێژەکانی ئەم وڵاتە هەردوکیان زیندوون،
بەڵام ژیانی یەکەمیان پڕ لە ڕەفاهیەت و ڕابواردن و خۆشگوزەراندن و ژیانی دووەمیشیان، پڕ لەگرفت و نایەکسانی و سەرەگرتنی بەنزین و نەوت و بێ ئاویی و بێ کاری و کارەبایی،
ئەمەش هەرئەوەیە کە هەموومان لە جیهانێکدا زیندووین، بەڵام هەموومان لە جیهانێکدا ناژین.