لەئێستادا بەغداد چاوەڕوانی کلاسیکۆیەکی گەرم و گرنگی نێوان دوو هێزی کوردی یە بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار و یەکلابوونەوەی لەنێوان یەکێك لەم دوو هێزە کوردی یەدا، کە یەکێتی و پارتیە و کاپتنەکانی ئەم کلاسیکۆیەش هەریەکە لە هۆشیار زێباری و بەرهەم ساڵەحە.
بەبەراورد بە یەکێتی، بەرکەوتن و ئەزموونی پارتی لەگەڵ بەغداد دا، بەرکەوتنێکی زبرە و ئەزموونێکی شیرین نیە.
هەم لەسەروبەندی ڕیفراندۆم و دژایەتیکردنی بەغداد و هێزە عێراقیەکانی دیکە بۆ خودی بارزانی و پارتی و هەم لە لێسەندنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری لەبەغداد و هەم لەو گرژی و ئاڵۆزییانەی کە لەنێوان بارزانی و نوری مالکی و سەدردا ڕوویان داوە لە ماوەکانی ڕابردوودا.
ئەگەرچی وەک دەوترێت لەسیاسەتدا دۆست و دوژمنی هەتا سەر نیە و لەئێستادا پارتی و بارزانی لەگەڵ سەدر دا پەیوەندیەکانیان لەباشیدایە و هاوپەیمانێتیان لەگەڵ خۆیان و بەشێک لەسونەکاندا پێكهێناوە،
دوور نیە لە ئەگەری یەکلابوونەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماردا بۆ پارتی و هۆشیار زێباری، نەیاری دوێنێ بکاتە یاریی ئەمڕۆ بۆ بەغداد و هێزە عێراقیەکان و یەکێتیش وەک ئەوەی کە دەگوترا نێوانی لەگەڵ هێزە عێراقیەکاندا باشە، یاری دوێنێیان لێ بکاتە نەیاری ئەمڕۆ.
ئەگەر چی یەکێتی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بەمافی خۆی دەزانێت و بەڕێکەوتنی ستراتیجی نێوانیان ئەو پۆستە بۆ یەکێتی داندراوە و ساڵانێکە لای ئەو حیزبەیە، بەڵام ئێستا پارتی و سەرکردەکانی بەڕوونی ئەوە دەڵێن کە ڕێکەوتنی ستراتیجی کۆتایی هاتوە و بەمافی خۆیانی دەزانن کاندیدیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار.
ئەگەرچی تا ئێستا وەک ئەوەی کە دەبیندرێت ژمارەی دەنگی هەردوو یەکێتی و پارتی و ئەو بەڵێنانەی کە هێزەکانی دیکە پێیان داون بۆ کاندیدەکانیان لەیەکەوە نزیک بێت و هەر کامیشیان لە ئێستاوە سەرکەوتنی کاندیدەکەی خۆیان باس دەکەن، بەڵام هێشتا ڕوون نیە کە کام لەم دوو کاندیدە لەسەر کورسی سەرۆکایەتی کۆمار دادەنیشێت و کلاسیکۆکە دەباتەوە، بەو پێیەی لە سیاسەتدا هەموو ئەگەرەکان کراوەن و زۆرجاریش لە خولەکی کۆتایدا سحری چاوەڕواننەکرا ڕوو دەدات و دۆلارەکاشەکان و دراوسێ سنورەکانیش کاریگەریان دەبێت لە هەڵگەڕانەوەی نیەت و بەڵێنە پێش وەختەکان.