فەڵەستین لەنێوان درۆو ڕاستی وڵاتە ئیسلامییەکاندا
عەلی عهبدولصهمهد
2021-05-11   539
بێگومان دیمەنەکانی کوشتنی مرۆڤ و ستەمکردن لەهەر شوێنێك، دیمەنێکی ئازار بەخشن بۆ مرۆڤ، چەند ڕۆژێکە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا دەستیپێکردۆتەوەو ئەم دیمەنانەش بەر لەهەر بیرکردنەوەو هەستێکی ئاینی، لەڕووی مرۆڤایەتیەوە دیمەنی ئازاربەخشن و مرۆڤ بە بینینیان ناڕەحەت دەبێت.
گەلی کورد و فەڵەستین دوو گەلی ستەملێکراوی نێو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، ساڵانێکی زۆرە هەر یەکەو بەجۆرێك ستەمیان لێدەکرێت و لەناو دەبردرێن، تەنانەت مەحمود دەروێشی شاعیری گەورەی فەڵەستین، شعری بۆ کورد و ئازارەکانی کورد نوسیووە و هاوسۆزی کورد و بووە.
ئەمە لەهەمانکاتدا کە چەندین شاعیری دیکەی کوردیش بەهەمان شێوە وەک هاوسۆزی و دڵسۆزی بۆ گەلی فەڵەستین شعریان بۆ فەڵەستین نوسیووە و هاوخەمی ئەو گەلە بوون.
ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە، زۆر جار بەکارهێنانی ئەم پرسەیە وەک پرسێکی سیاسی و بەکارهێنانی لەلایان چەندین ناوەند و وڵاتی ئیسلامییەوە، بۆ جوڵاندنی هەستی ئاینی موسوڵمانان و نیشاندانی خۆیان وەک بەرگریکاری ئیسلام و موسوڵمانان و مافی مرۆڤ، ئەمە لەکاتێدا بەشێکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، پەیوەندی بەهێز و ژێر بەژێریان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلن لە کەنداو و ناتوانن ئەو سنورە ببەزێنن کە بۆیان کێشراوە بەرانبەر ئەو وڵاتە.
ئەوە سەرەڕای بێ دەنگبوون و بێ هەڵوێستی ئەو وڵاتە ئیسلامیانەی کە ئێستا هەستی ئاینی موسوڵمانان دەوروژێنن لەپرسی قودس و فەڵەستیندا، بەرانبەر پرسی کورد و نەهامەتیەکانی، هەم لە ساڵانی ڕابردوو کە لە باشوردا کرا لەسەر دەستی بەعس، لە ئەنفال و کیمیایی و لەناوبردنی گەلی کورد دا، هەم ئێستاش کە لە ڕۆژئاوادا کە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، کە بەشێک لەو وڵاتە ئیسلامییانە خۆیان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشدارن لەو پاکتاوکردن و لەناوبردنەی گەلی کورد داو بۆ ئامانجی دیکە خۆیان وەک بەرگریکاری ئازادی نیشان دەدەن لە پرسی فەڵەستیندا.