کۆنفۆشێۆس وا دهڵێ
شەماڵ عادل سەلیم
2020-04-13 1089
کۆنفۆشێۆس دهڵێ : لەژێرسایەی حكومەتێكی باش هەژاری عەیبەیە، و لەژێر سایەی حكومەتێکی خەراپ دەوڵەمەندیی عەیبەیە.
هەموولایەک باش دەزانین کە ئێمە حکومەتێکی باشمان نییە، بۆیە بەشی دووەمی وتە فەلسەفیەکەی کۆنفۆشێۆس لەسەر هەرێمە بێنازەکەی ئێمە جێبەجێ دەبێت.
دیارە هۆكارەكانی هەژاریی زۆرو جۆراوجۆرن بەتایبەت لەهەرێمێکی دەولەمەندی وەک هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لەدەولەتی عیراق، گرنگترینیان: گەندەڵییە، ئەو پەتا ترسناکەی وەک دەستاڕ ٢٨ ساڵە دەمانهارێت، پشتگوێ خستنی کەرتی کشتوکالو پیشەسازی و گەشتیاری، خراپ دابەشكردنی داهاتەكان، یان باشتر بڵێم ( فەرهود کردنی داهاتەکان لەلایەن ئۆلیگارشیەکانی حزبە بڕیاردەرەکانی هەرێمی بەتەمای خودا، کە هەریەکەیان لە زۆنی خۆی سێبەری خودایە لەسەر زەوی).
کارڵ مارکسی فەیلەسوف رێک باس لەحاڵی ئیمڕۆی ئێمە دەکات، کاتی دەڵێت: سەرمایەدارەکان لەسەر مژینی خوێنی کرێکارانو هەژاران گەشەدەکەن، بۆ باڵاکردنیشیان پێویستیان بەمژینی خوێنی زیاترو زیاتری کرێکاران وهەژران هەیە.
ئەو وتەیەی مارکسی بلیمەت لەسەر ملیاردێروملێونێرەکانی هەرێمی بەتەمای خودا جێبەجێ دەبێت، ئەوانەی وەک قارچ لەدوای ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ دا سەریان هەڵدا.
تەماشاکەن، لەدوای شەڕی ناوخۆو دروست بونی دووئیدارەیی (فیفتی فیفتی)و دابەشکردنی جوگرافیای کوردستان بەبیرە نەوتەکانیەوە بۆ دوو ئیمارەت، بەدەیان سەرمایەداری زەبەلاح قارچک ئاسا لەنێو ریزی یەکەمی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی بەتەمای خوداو حاشییەی بنەماڵەکانیان سەریان هەڵدا، لەبڕی دەوڵەتداری، سیاسەتی خۆدەوڵەمەندکردنیان پەیرەوکردو هەتا ئەمرۆیشی لەگەڵدا بێت بەسیستەماتیکانە پەیرەوی دەکەن، هەربۆیە بەماوەیەکی قیاسی بەدەیان ملیاردێر و ملێۆنێری حزبیمان لێ پەیا بو، کە لەپێش ڕاپەڕین وەک ئێمەی پێشمەرگەی شاخ لەپێڵاوێکی لاستیکی تورکی وچەند دینارێکی عیراقی هیچی دیکەیان نەبو.
باشە ،بۆ ئێمە بستە زەویەکمان لە شارەکەی خۆمان نەبێت و ئەو فیرعەونانەش نەک تەنها خاوەنی چەندین بیرە نەوت و گردو ڤێلا و مەزرەعە وهۆتێل و مۆتێلن لە هەرێمی بەتەمای خودا ، بەڵکو لەدەرەوەی هەرێمیش خۆیان لە شانی گەورەترین سەرمایەدارەکانی جیهان دەدەن کە زۆربەیان سەروەت و سامانیان بە میرات بۆماوەتەوە نەک وەک سەرمایەدارە حزبییەکانی ئێمە کە (لەپرێک بوون بە کورێک) ، بەڵام ئەما کوڕ ، مەلیک ئاسا لێ دەخوڕن وڕۆژ دوای ڕۆیش باڵادەکەن ، بۆ بەردەوامبوونیشیان درێغی لە مژینی خوێنی زیاتری هاووڵاتیان ناکەن ، هەربۆیە ئەگەر بەگوێرەی ستانداردەكانی رێكخراوی پەرەپێدانی مرۆیی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان سەیری ڕادەی هەژاری لە هەرێمی بەتەمای خودا بكەین ، ئەوە لەكۆی ٥ ملێۆن كەس بەشی هەرەزۆری هاووڵاتیان بە هەژار دادەنرێت.
لەکۆتایدا هەرئەوەندە ماوە بڵێم ، هەتا گەندەڵی و ناعەدالەتی و حوکمی بنەماڵە لە هەرێمی بەتەمای خودا سەروەر بێت، ناعەدالەتی لە هەموو ڕویەکەوە بەردەوامی دەبێت ، ،بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئەم هاوکێشە سەرەوژێروناهاوسەنگە بگۆڕین ، پێش هەموو هەنگاوێک دەبێت لەخەوهەڵسین و بە دەنگێکی زوڵال بە دەسەڵاتە ئۆلیگارشیەکەمان بڵێن : بەسە مژینی خوێنی هاووڵاتیان و فەرهودکردنی سەروەت و سامانیان ، بەسە ، تائێرەوستۆپ .