لە بەینی دووکەوانەدا (عەقڵی تەندروست لە جەستەی تەندروست دایە)
شەماڵ عادل سەلیم
2020-03-16   1537
ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو پەتایەیە کە لەماوەیەکی کەمدا هەموو سنوورەکانی بڕی وبەهۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی جیهانی هەژاندو بووە هۆی گیان لەدەستدانی زۆرێک لە تووشبووان بەم ڤایرۆسە ، هەربۆیە وڵاتان کەوتنە خۆیان و چەندین ڕێنمایی بەپەلەیان بۆ خۆپاراستن لەم پەتایە دەرهێنا، کە بە هۆی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کەسی تووشبوو بڵاودەبێتەوە ،چونکە وەک دەزانین کۆرۆنا لەرێگەی هەواوە ناگوێزرێتەوە .
ڕەچاوکردنی (پاکوخاوێنی و دورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی) یەکێکە لە ڕێنماییە هەر گرنگەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا ، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمەی کوردستانیان ئاستی هۆشیاری تەندروستیمان لەژێر سفرەوەیە ، نەمانتوانیوە و نایشتوانین سود لەو ڕێنماییە گرنگانەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا وەرگرین.
تەماشاکەن ، دوای ئەوەی حکومەتی ھەرێمی بەتەمای اللە بڕیاریدا لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێکارەکان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە رۆژی چوارشەممە ١١-٣-٢٠٢٠ تاوەکو ٢٦-٣-٢٠٢٠ لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان جگەلە ناوخۆ و تەندروستی بکرێتە پشووی فەرمی، لەبری ئەوەی هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکان بن و لەماڵەکانی خۆیاندا دانیشن و دورکەونە لە قەرەباڵغی ، بەکۆمەڵ ڕوویان کردە سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکان و دەستیان کردە هەڵپەڕین و کفتەو دۆڵمە و بریانی خواردن ، هەروەک ئەوەی حکومەت بریاری سەربەخۆیی کوردستانی دابێت .
بۆیە دەبێت ئەو ڕاستییە باش بزانین ، نەبوونی هۆشیاری تەندروستی پەتایەکی کوشندەترە لە ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ .
لە کۆتایدا دەڵێم : بۆ ئەوەی ئێمەش وەک خەڵکی ووڵاتانی پێشكەوتوو بە کردەوە بیسەڵمێنین کە (خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن ) دەبێت بە عەقڵ بڕیاربدەین و هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریمان لە هەموو ڕویەکەوە بدەین و، ڕێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا و هەر پەیایەکی تر جێبەجێ بکەین .
ئاخر لەمێژە گوتویانە : عەقڵی تەندروست لە جەستەی تەندروست دایە .