د. فەرهاد پیرباڵ چی دەوێت؟
شەماڵ عادل سەلیم
2020-02-10   1190
فەیلەسوفی هەولێری فەرهاد پیرباڵ دەمێکە هەوڵێ کپکردنو خامۆشکردنی بەشێوازی جیا جیا ی زۆر قێزەوەن لەلایەنی دەسەڵاتی کوردییەوە دەدرێت، تا کار گەیشتە ئەوەی لەزانکۆ فەسل بکرێت و چەندین جار بەناهەقیش زیندانی بکرێت و بە(شێت)یش ناوزەدی بکەن، ئەویش تەنها بۆئەوەی بەخەلکی کوردستان و شاری هەولێر بەتایبەتی بلێن: د.پیرباڵ باری دەروونی تێکچووەو پێویستی بەچارەسەرە، دیارە پەیرەوکردنی ئەو سیاسەتە قێزەوەنەش تەنها بۆئەوەیە کە گەنجانی کوردستانی لێ دوورکەنەوەو کە پیرباڵ زۆر سیستەماتیکانە و قۆناغ بە قۆناغ وەک فەیلەسوفێک چەندین ساڵە کار لەسەر بنیادنانەوەی کەسایەتی تێکشکێنراوی گەنجی کوردستانی دەکات وبەچەکوشی مەعریفەت و زانست و فەلسەفە کەوتۆتە گیان بتەکانی ناخی گەنجە خێرلەخۆنەدیوەکانی کوردستان کە ٢٩ ساڵە دەحزبێندرێن و بەشێوازی جیاجیا لەهەموو بەها جوانەکانیان بەتاڵ دەکرێنەوە و، ماف و ئازادییەکانیان زەوت دەکرێت.
ئەوەی لێرەدا گرنگ و شایەنی باسە ئەوەیە ،کە ئەوشەڕە نابەرابەرو ترسناک و سەپێنراوەی بەسەر پیرباڵدا، پیرباڵی نەترساندووە ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ، زیاتر هانی داوە بەمەعریفەو زانستو بیری ئازاد وەڵامی ڕێگرانی بداتەوەو بەدەنگێکی زولاڵ پێیان بلێت : (کەس ناتوانێت فەلسەفەی سیاسی پیرباڵ لەناوببات، کەس ناتوانێت بیروڕای ئازادی پیرباڵ سانسۆر بکات ).
د.پیرباڵ دەڵێت: ( سارتەر ترساوە یان ئەلبێرت کامۆ؟ یان سپینوزاو عەلی وەردی؟ یان میشێل فۆکۆ؟ تکایە پێم بلێن کامە فەیلەسوف ترساوە، بۆئەوەی منیش بێم بترسێم، لەگەڵ ئێوەمە ئەی موعجیبەکانم، بەتایبەتیش کچەکان، ژنەکان، ئێوەش ئەی قوتابییە خۆشەویستەکانی بەشی فەلسەفەو دەروونناسی.. ئایا ئێستا کەمێک لە چەمکی (ئەخلاق) تێگەیشتن؟ چۆن سەرۆک حکوومەتە یەک لە دووای یەکەکانی هەرێم و وەزیرەکانیان ( ٢٨ ) ساڵە، بێ ئەخلاقانە، ئەخلاقی ئێوە تێک دەدەن ...!، (٢٨) ساڵ ئەخلاق بریتی بێت لە مە... ئنجا حساب کە! ئای..چەند لەسەر حەق بووم کە هاوارم دەکرد ( کورد تەنیا یەک لەسەر پێنجی ، ئەخلاق و عەقل و غیرەت و کەڕامەتی لەدەست نەداوە) بەمنتان باوەڕ نەدەکرد..!).
د.فەرهاد بە دامەزراندنی ( زانکۆی پیرباڵ ) ڕێڕەوی شۆرشە ریفۆرمخوازەکەی گۆڕی، دوای ئەوەی چەندین ساڵ بەشێوازی جیاجیا کەوتبووە گیان تێکشکاندنی بتەکانی ناخی تاکی کوردستانیان و تا ڕادەیەکیش سەرەڕای ئاستەنگ و رێگرو کۆسپە گەورەکانی بەردەمی تیایدا سەرکەوتوو بووە.
لەئاکادیمیای پیرباڵدا کە کەوتۆتە ناو باغی شانەدەر ٢، ڕێک پشت زانکۆی کوردستان، قوتابیان (بەنرخێکی رەمزی) سەرەڕای فێربوونی زانست و مەعریفە ومێژووی فەلسەفەو مۆسیقاو مێژووی شێوەکاری و ڕێبازەکانی وزمانی بیانی وهونەری وەرگێران و هونەری رەسم و نوسینی نامەی ماستەرو تێزی دکتۆرا ، قوتابیان فێری ئەوە دەکرێن (کە خۆیان بن)و بەڕەش بلێن ڕەش و بەسپیش بلێن سپی.
لەئاکادیمیای پیرباڵ دا ، قوتابیان فێری فێربوون وپرسیارکردن گومانکردن بیرکردنەوەی فەلسەفی دەبن، فێری گەران بەدوای وەلامی پرسیارەکان دەبن، فێری شکاندنی تابۆکان دەبن کە دەروازەیەکی گرنگی چارەسەرەکانە، فێری رێزگرتن و گرنگی کات دەبن ، فێری خوێندنەوەی کتێب دەبن، فێری ئازادی و یاخی بوون و چەکوش وەشاندن دەبن بۆ تێکشکاندنی بتەکانی ناخیان کە رێگرن لە ئازادبوونیان، فێری وشەی (نا ) دەبن، فێر دەبن بەهەرەکانیان دەربخەن وشەرم نەکەن، فێر دەبن داوای مافەکانیان بکەن، فێری ئەوە دەبن کە مرۆڤ گەورەترین وبەنرخترین سەرمایەیەو نابێت دەسەڵات، حزب سەرۆک، زەلیل و بێ بەهای بکات.
زۆربەکورتیو بەکوردی: ئاکادیمیای پیرباڵ شۆرشێکی نوێییە بۆ بنیادنانەوەی تاکی کوردستان کە ٢٩ ساڵە تێکدەشکێندرێت ووێران دەکرێت.
لەکۆتایدا بەقسەیەکی نەستەقی فەیلەسوفی هەولێری پیرباڵی مەزن کۆتایی بەم باباتەم دەهێنم : (لەپاش مەرگم ژن دێتە سەر قەبرم لەبۆ شیوەن نا: کورێکی وەک منیان دەزگ دا باوێ بەڵکو خودا ...!! ) .