ئایا حیجاب هەروەک نوێژو ڕۆژو فەڕزە؟

شەماڵ عادل سەلیم
  2020-01-24     3575

من خۆم تا ڕادەیەکی باش شارەزاییم لەقورئان و زمانی عەربیدا هەیە، هەربەهۆی خوێندنەوەی قورئانیش زمانی عەربییم بەهێزبووەو لەبواری جیا جیا سودم لێوەرگرتووە، سەرەڕای ئەوەی کە (مەلا محەمەدی کوڕی لا مستەفا)ی باپیریشم مەلایەکی(دوازدە عیلمی) دیاری شاری هەولێر بووە.  

مەبەستی من لێرەدا تەنها گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە لەقورئاندا (حیجاب/جەللابییە) وەک نوێژو ڕۆژو (فەڕزنەکراوە)، ئەوەی دژی ئەو ڕاستیەشە، لەنەزانین و بەدحالیبوونی لەئایەتەکانی قورئان سەرچاوەی گرتووە، چونکە زۆرن ئەوانەی هەتا ئێستاش قورئان بەهەڵە دەخوێننەوەو، لەمانای ئایەتەکانیش نەک تەنها تێناگەن، بەڵکو بەکەیفی خۆیان تەفسیری بۆ دەکەن و فەتوا دەدەن و، هەر کەسیکیشیان بەدڵ نەبێت بەکافرو دەیوث و موحتەزیلەو زەندیق  ناوزەدی دەکەن.   

بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی کە لەسەرەوە باسم کردووە، کە بەداخەوە بەشێک لەمەلاکانی ئێمە بەهەڵە لەئایەتەکانی قورئان تێگەیشتون و بەکەیفی خۆشیان فەتوا دەدەن، زۆر بەکورتی ئاماژە تەنها بەسێ ئایەتی قورئان دەکەم، کە  تایبەتن بەبابەتەکە : 

١ / سوورەتی (النور) ، مەدەینەیی یەو ( ٦٤ ) ئایەتە ، لە ئایەتی ٣١ دا دەلێت : ( وَقُل لِّلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ وَلا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلاَّ مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَلْيَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَى جُيُوبِهِنَّ وَلا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلاَّ لِبُعُولَتِهِنَّ أَوْ آبَائِهِنَّ أَوْ آبَاء بُعُولَتِهِنَّ أَوْ أَبْنَائِهِنَّ أَوْ أَبْنَاء بُعُولَتِهِنَّ أَوْ إِخْوَانِهِنَّ أَوْ بَنِي إِخْوَانِهِنَّ أَوْ بَنِي أَخَوَاتِهِنَّ أَوْ نِسَائِهِنَّ أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُنَّ أَوِ التَّابِعِينَ غَيْرِ أُولِي الإِرْبَةِ مِنَ الرِّجَالِ أَوِ الطِّفْلِ الَّذِينَ لَمْ يَظْهَرُوا عَلَى عَوْرَاتِ النِّسَاء وَلا يَضْرِبْنَ بِأَرْجُلِهِنَّ لِيُعْلَمَ مَا يُخْفِينَ مِن زِينَتِهِنَّ وَتُوبُوا إِلَى اللَّهِ جَمِيعًا أَيُّهَا الْمُؤْمِنُونَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ ). 

لەم ئایەتەدا اللە ئەمر دەکات و دەڵێت: ئەی پێغەمبەر، بەژنە موسڵمانەکان  بڵێ: چاویان لێک نێن و نەنڕواننە پیاوی بێگانە، (عەورەت/فەرج )ی خۆیان بپارێزن و کاری ناشەرعی نەکەن، لەشی خۆیان دەرنەخەن، ئەوی نەبێ کە بۆخۆی بەدەرەوەیە ، (جیوبهن/ سنگ و مەمکیان  )  بە ( الخمر/سنگ پۆش  ) داپۆشن (ستری بکەن) تاد . 

لێرەدا بەهیچ شێوەیەک اللە ئەمری نەکردووە کە ژن سەرپۆش بێت یان باڵاپۆش بێت، بەڵکو دەلێت: (سنگ و مەمکیان  داپۆشن )، دیارە لە کۆمەڵگەی ئەوسەردەمەدا دیاردەی دانەپۆشینی سنگ و بەرۆک لەلای ژنان باوبووە. 

٢ / (سوورەتی الأحزاب  )،مەدینەیی یەو( ٧٣ )ئایەتە ،لە  ئایەتی (٥٣ ) دا دەلێت : (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لا تَدْخُلُوا بُيُوتَ النَّبِيِّ إِلاَّ أَن يُؤْذَنَ لَكُمْ إِلَى طَعَامٍ غَيْرَ نَاظِرِينَ إِنَاهُ وَلَكِنْ إِذَا دُعِيتُمْ فَادْخُلُوا فَإِذَا طَعِمْتُمْ فَانتَشِرُوا وَلا مُسْتَأْنِسِينَ لِحَدِيثٍ إِنَّ ذَلِكُمْ كَانَ يُؤْذِي النَّبِيَّ فَيَسْتَحْيِي مِنكُمْ وَاللَّهُ لا يَسْتَحْيِي مِنَ الْحَقِّ وَإِذَا سَأَلْتُمُوهُنَّ مَتَاعًا فَاسْأَلُوهُنَّ مِن وَرَاء حِجَابٍ ذَلِكُمْ أَطْهَرُ لِقُلُوبِكُمْ وَقُلُوبِهِنَّ وَمَا كَانَ لَكُمْ أَن تُؤْذُوا رَسُولَ اللَّهِ وَلا أَن تَنكِحُوا أَزْوَاجَهُ مِن بَعْدِهِ أَبَدًا إِنَّ ذَلِكُمْ كَانَ عِندَ اللَّهِ عَظِيمًا ).

لەدێری چوارەم دا هاتووە :(  ئەی ئییماندارەکان ، ئەگەر داوای پێویستییەکیشتان لەژنەکانی پێغەمبەر کرد، لە(پشتی پەردەوە) داوایان لێ بکەن نەک ڕوبەڕو، ئەوە بێگەردترە بۆ دڵی ئێوەو دڵی ئەوانیش.) 

لێرەدا بەشێک لە مەلا کانی ئێمەدا بەهەڵە لە وشەی (حجاب)تێگەیشتوون، لەم ئایەتەدا (حیجاب )مانای ( سەرپۆش ) نییە ، بەڵکو بەمانای ( پەردە ) هاتووە هەروەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکردووە. 

٣ / لە (سوورەتی الأحزاب  )، لەئایەتی ( ٥٩ ) دا ،اللە ئەمر دەکات ودەڵێت : ( يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُل لِّأَزْوَاجِكَ وَبَنَاتِكَ وَنِسَاء الْمُؤْمِنِينَ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِن جَلابِيبِهِنَّ ذَلِكَ أَدْنَى أَن يُعْرَفْنَ فَلا يُؤْذَيْنَ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَّحِيمًا ). 

دیارە لێرەدا مانای ئایەتەکە بۆ کەسێکی عەرەبی زان زۆر روون و ئاشکرایە ، بەگوێرەی ئایەتەکە ،اللە ئەمر دەکات و دەلێت  : ( ئەی پێێغەمبەر ، بە ژنەکانت و بە کچەکانت و بەژنانی خاوەن باواڕان بڵێ، ( جەللابیەکانیان / چارشیوەکانیان ) بۆ شاردنەوەی دەموچاویان بەکاربهێنن ، تاکو (نەناسرێن و ئازارنەدرێن ) . 

لێردەا ، اللە زۆر ڕاشکاوانە داوا لە پێغەمەبەر دەکات بۆ (سەلامەتی ژیانی) ( کچ و ژنەکانی ) پێغەمبەرو،ژنە باواڕدارەکانی دیکە لە هێرشی نەیارەکانیان  ( جەللابییە )  بپۆشن هەتا لەنێو کۆمەڵگە (نەناسرێن و ئازارنەدرێن)، واتە (جەللابییە ) وەک پێویستییەکی گرنگی سەردەمی پێغەمبەربووە  بۆ پاراستنی ژیانی  ژن و کچی پێغەمبەرو ژنانی خاوەن باوەڕ لە نەیارەکانیان ، ئەم کارەش  وای کرد کە ژنانی باوەڕدار، نەک وەک یەکێک لە پایەکانی ئایینی ئیسلام ، بەڵکو وەک  داب و نەریتێکی سەردەمی پێغەمبەر هەتا ئەمرۆیش ( سەرپۆش ) بەکار بهێنن . 

بەمانایەکی تر ، ( حیجاب ) لەسەردەمێکی دیارکراودا ، بەتایبەتیش بۆ پاراستنی ژیانی خانەوادەی پێغەمبەرو ژنە باوەردارەکان لە دوژمنانیان بەکار هاتووە ، ئەمرۆ ئەم هەڕەشەیە لەسەر ژنان و کچانی  باوەڕدار بەتایبەتی لە کوردستان کە خاوەنی زیاتر لە( ٥ )هەزار مزگەوتە نییە ،  ئەوکوردستانەی  زۆرینەی خەڵكی لە رووی ئاینەوە ئیسلامن و بەئازادی دەژین و کاری خۆیان دەکەن و هیچ هەڕەشەیەکیان لەسەر نییە ، بۆیە ژنانی خاوەن باوەڕ ئازادن (جەللابییە ) بپۆشن یان نا . 

لێرەدا زۆر گرنگە ئاماژە بە خالێک بکەم کە پەیوەندی بە خالی سێیەمەوە هەیە ..
 لەسەردەمی ریژێمی بەعس ، ئەوئافرەتانەی لە کاری رێکخستنەکانی نهێنی حزبە  ئۆپۆزیسیۆنەکانی عیراق  کاریان دەکرد ، بەشێکی زۆریان لەکاتی سەردانیان بۆ شاخ ، یان لەکاتی ئەنجام دانی کارە نهێنییەکانیان  لە نێو شارەکاندا ( پێچەو عەبیا) یان دەپۆشی ، بۆئەوەی لەلایەن پیاوانی ریژێمی بەعسی فاشی و چاوساغەکانیان نەناسرێن و دەستنیشان نەکرێن و دەستگیر نەکرێن .
 هەروەها پێشمەرگەیش لەکاتی ئەنجمادانی چالاکی لە نێو شارەکاندا لەبەر هەمان هۆکار دەمامکی دەکرد. 

لەکۆتاییدا دەڵێم : 
هەموو ژن و کچێک وەک سەرەتاترین مافی خۆیان  ئازادن سفوربن  یان نا ، سفوریش مانای رووت بوون و بێ ڕەوشتی نییە ، ئەو پیاوەیش ( دەیوث ) نییە کە کچەکەی یان ژنەکەی سفوربێت ، ژنەکانیش  لەلای مێردیان  زیندانی نیین هەتا روخەسەتی لێ وەرگرن و بەڕازامەندی ئەوان ( پیاوەکانیان ) جل و بەرگ بپۆشن ،  لەهەمووشی گرنگتر ، ( حیجاب و پۆشاک ) پێوەر نییە بۆ باشی و خەراپی مرۆڤ ،هەروەها  بەگوێرەی ئایەتەکانی قورئانیش ( حیجاب ) وەک نوێژ و رۆژوو فەڕز( پێویست )  نییە ، بەڵکو  پەیوەستە بە داب و نەریتی کۆمەڵایەتییەوە و لەسەردەمی پێغەمبەر سەرچاوەی گرتووە و ،هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە عیبادەت و پایەکانی ئایینی ئیسلامە وە نییە . 
a

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×