د.فەرهاد پیرباڵ وای گووت
شەماڵ عادل سەلیم
2019-09-16   1657
لەدیمانەیەکی تەلەفزیۆنی دا ،د.فەرهاد پیرباڵ بە دەنگێکی خەمناکەوە گووتی :
( لە گۆرانییەکی قەرەجی ھەنگاری دەڵێ : قەرەجەکان شێتی خۆیان فڕێ نادەن ،دەیبەن لەگەڵ خۆیان ، بەڵام ئەنگۆ منتان فرێ دا ) ...!!
لێرەدا دەپرسم : ئایا بەڕاست د. فەرهاد سایکۆپاتە ؟ یان باشتر بڵێم ئایا د. فەرهاد بۆ نەیتوانی لەنێو ( ٥ ملیۆن مرۆڤی ژیروعاقڵ) ی هەرێمی کوردستان دا ژیان بگوزەرێنێت ... ؟!
بۆ د.فەرهاد لە چیرۆکێکی بەناونیشانی ( دکتۆر فەرهاد پیرباڵ تیرۆر کرا ) دەلێت : (مردنی من لەو رۆژەوە دەستیپێکرد كە گەڕامەوە بۆ وڵاتی خۆم ) ؟
بەڵێ ، د .فەرهاد وڵاتی خۆی لە چیرۆکەکەیدا بەگۆڕستان ناوزەد دەکات و خەڵکەکەشی بەمردوو ناودەبات ...!! ئەومردووە زیندوانەی مۆری سایکۆپاتی لە فەرهادەکان دەدەن ولە کونجی زیندانەکانیشیان توندیان دەکەن ، ئەوە مردووەکانن نووسینەکانی فەرهادەکان ناخوێنینەوەو خۆیان بە هەزاری وەک فەرهادەکان ناگۆرنەوە ، ئەوە مردووەکانن شاریان کردۆتە گۆڕستانێکی کش و مات و قوڕوقەپیان لێ کردووە ، ئەوە مردووەکانن ، تۆمەتبارانی ئەنفالیان کردۆتە کوێخاو دیوەخانەکانیان بۆ گەرم کردوون ، ئەوە مردووەکانن نەخوێندەوارەکانیان کردۆتە دەم ڕاست و پیاو ماقوڵ و ریش سپی ئەم دەڤەرەی پێی دەلێن هەرێمی کوردستان ....
ئەوە مردووە زیندووەکانن چارەنووسی ئەکادیمیستێکی زانکۆی( سۆربوون)یان خستۆتە دەست ( قاچاخچییە پۆشتەکان )ی هەرێمی بەتەمای خوداو وەک تاوانبارێکی ترسناکیش مامەڵەی لەگەڵ دەکەن .
ئەوان بۆیە فەرهادەکانیان قبووڵ نییە چونکە بەدەنگێکی بەرز پێیان دەڵێن : هیچ شتێك لە (دۆلار) زیاتر لەم گۆڕستانە (سەوز) نابێت .
ئەوە مردووە زیندووەکانن ،نازانن کە نازانن ، بەخۆیانەوە سەرقاڵن ، خۆپەرستن ، شەڕانگێزن ، هەست بەئازاری ویژدان و کەسی بەرامبەر ناکەن، ئەم هەست نەکردنەش یەکێکە لە سیمپتۆومە هەر سەرەکییەکانی کەسایەتی سایکۆپات .
لەکۆتایدا هەرئەوەندە ماوە بڵێم : د. فەرهاد پێی حەیف نییە کە زیندانی کراوە ، روحی کوژراوە ، بەڵام ئەوەی لەسەر دڵی قورس و لەلای ناخۆشە ئەوەیە : (مردووە زیندووەکان) لە نووسینەکانی حاڵی نابن ، یان باشتر بڵێم نایەنەوێت حاڵی بن ......!