هاووڵاتیانی کفری خۆڕاگر بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کارو پەراوێزخستنی شارەکەیان و بەڵێنە بێ کردارەکانی دەسەڵاتداران ١٠ رۆژە خۆپیشاندانیان دەستپێکردوەو بەڵێنیشیان لە خێمەی هەلوێستەوە داوە ، گۆرەپانەکە چۆڵناکەن تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت .
ناعەدالەتی و بەڵینی بێ کردارو نەبوونی هەلی کارو پەراوێز خستنی شاری کفری خۆڕاگر بەگشتی وای کرد کە هاووڵاتیانی ئەو دەڤەرە خێرلەخۆنەدیوە بەهەموو دەنگ و ڕەنگەکانییەوە بێنە گۆڕەپانی خەبات و لە خێمەی هەلوێستەوە دەنگ بەرزکەنەوەو بڵێن ، بەسە ناعەدالەتی ! بەسە پەراوێز خستن ، بەسە سزادانی خهڵكی بهشهرهفی كوردستان به دواكهوتنی مووچه و پاشهكهوتكردن و لێبڕینی و برسیكردنی ئهو خهڵكهی ئهنفال و كیمیا باران كراوە ، ئهو خهڵكهی له ماڵ و حاڵی دهركراو گوند و دێهاتهكانی ویرانكرا ...
ئافەرین دانیشتوانی کفری خێرلەخۆنەدیوو کە بە هەموو رەنگ و دەنگە جیاوازەکانتانەوە بەرژەوەندی کفریتان خستە پیش هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکە ، دیارە ئەوەش خاڵی سەرەکی بەردەوام بوون و سەرکەوتنتانە ، بۆیە زۆر گرنکە کە نەهێڵن هیچ حزب و لایەنێک و ڕەوتێک سواری شەپۆلی نارازییەکانتان بن و نەهيلن داواکارییەکانتان بەحزبی بکرێت و بەدەردی نارەزاییەکانی پێشتر ببردرێت . چونکە هەموو حزبەکان ( کەم تا زۆر ،لەڕاستەوە تاچەپ ) بەشدارن لە نەهامەتییەکانی هاووڵاتیان بەگشتی ، بۆیە سەرکەوتنی کفری لە یەکریزی و بەحزبی نەکردنی مانگرتنەکەیانە .
خالێکی گرنگتر ئەوەیە ، کە مانگرتوانی کفری نە هێڵن داواکارییەکانیان بەلارێدا ببردرێت و بکرێتە ریکلامی هەڵبژاردنی داهاتوو و بەئاقاری زۆنی زەرد یان سەوز ببردرێت . چونکە هەر شتێک بۆ کفری بکریت ، مافی سەرەکی خۆیەتی و منەت و خێرو سەدەقە و زەکات و سەرفیترە نییە . دواتر ئەگەر ئەو حزبانەی دەسەڵات و هەتا حزبەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنیش راست دەکەن ، بۆ پێش ئەو مانگرتنە نووزەیان نەدەهات و خۆیان نەدەکردە خاوەنی کفری کە هەمیشە قوربانی دەستی حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی عیراق بووە!
دەبێ ئەوەش باش بزانن ، هاتنە سەرخەتی دەسەڵاتی ئۆلیگارشی ، لەبەر ترسی پەرەسەندی دەنگی نارەزایەتییەکانە لە شارو شارۆچکەکانی هەرێم ، بەدەنگەوە هاتنی دەسەڵات لە بەر ترسی هەستانەوەی جەماوەری خێر لە خۆنەدیوی هەرێمی کوردستانە ، نەوەک لەبەر ڕەوایی داواکارییەکانی هاووڵاتیانی کفری بێ ناز .
لەکۆتایدا ئەوەندە ماوە بڵیم : منیش لەگەڵ خەڵکی خۆڕاگری کفریم ، لەگەڵ داوا رەواکانی مانگرتوانم ، لەگەڵ داخوازییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانم .
باشیش دەزانم لە خێمەی یاخی بوون و هەلوێستەوە مافەکان دەسەنرێن و کفریش سەردەکەوێت.