ئەو توندووتیژییەی دوێنی ٢٦ نیسانی ٢٠٢٢ کە ئاسایشی هەولێر بەرامبەر چالاکڤانان و وڵاتپارێزانی هەولێر ئەنجامیان دا ،کە زۆر مەدەنیانە نارەزایی خۆیان بەرامبەر داگیرکاری تورکیا لە بەردەم باڵەخانە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڕدەبڕی ، ئەو ڕاستییە دووبارە دەکاتەوە کە ئەو هێزانەی بۆ داپلۆسین و ترساندنی وڵاتپارێزان هاتبوونە مەیدان نەک تەنها لە ئینتیما و هەستی نەتەوەیی داچۆڕاوون ، بەڵکو سەلماندیان کە شەریکی داگیرکەرن .
ئەگینا ماقوڵ نییە هێرش بکرێتە سەر گەنجێکی خوێن گەرم و وڵاتپارێزی خاوەن ئینتما بۆ نیشتیمانە داگیرکراوەکەی کە هاتۆتە سەر شەقام و زۆر بە هێمنی و دسپلینەوە نارەزایی خۆی بەرمبەر داگیرکاری تورکیا دەردەبرێت ، ماقوڵ نییە ئاسایش هێرش بکاتە سەر ئەو گەنجەو کراسەکەی بدڕێنێت و سوکایەتی پێ بکات .
ئەوەی دوێنی لە هەولێر گوزەرا سەنگی مەحەک بوو بۆ تێگەیشتن لەو ڕاستییەی کە دوای ٣٠ ساڵ لە ئازادیی و نەمانی بەعس لە کوردستان ، کەچی کلتورە قێزەوەنەکەی بەعس هەتا ئێستاش کاریگەریی لەسەر فکرو هزری سەرکردە لۆکاڵییەکانی هەرێم و هێزە داپلۆسێنەرە حزبییەکانیان ماوە .
ئا ئەوەیە باجی ئینتیما بوون بۆ نیشتیمان لە فەرهەنگی شەریکە لۆکالییەکانی داگیرکەر!