کورد ناخوێنێتەوە ، ئەگەر خوێندیشیەوە بەسەرەوژێری حاڵی دەبێت :
هەواڵ و وێنەی ساختە ( FAKE ) لە سۆشیال میدیای کوردی لە هەرێمی کوردستان بوەتە دیاردە ، دیارە ئەوش لە کەمی یان نەبوونی زانیاری و نەگەڕان بەدوای ڕاستییەکان و تەمبەڵی و بێ ئاگایی تاکی کورد سەرچاوەی گرتووە .
بۆ نموونە ، لەساڵیادی ئەنفالدا ، چەند وێنەیەکی فۆتۆگرافەری ئێرانی بەناوبانگ ( جاسم غەزبان پور خورەم شەهری ) کە لە کاتی کۆڕەوەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ دا گرتوویەتی ، بەشێک لەوێنەکان وێنەی مناڵانی کۆڕەون و، ریزیان گرتووە بۆ وەرگرتنی ( خورما و سەموون ). ئەو وێنانە لە سۆشیاڵ میدیای کوردی لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی ئەنفالدا بەشێوەیەکی بەر بڵاو سۆشیال میدیای تەنیوە ،گوایە مناڵانی ئەنفالن (پێش زیندەبەچاڵکردنیان )، هەروەها چەندین شیعرو پەخشانیشان لەسەر نووسیوە ، دیارە ئەم کارەش زیانی لە قازانج زیاترە ،بەتایبەت بۆ کەیسی ئەنفال و بەدیکۆمێنت کردنی ڕاستییەکان ، چونکە ئەوە تەنها کوردە هەواڵی ناڕاست و وێنەی ساختە (FAKE ) لە یادی ئەنفالدا بڵاو دەکاتەوە ، کەچی ( جاسم غەزبان پور خورەم شەهری )کە خاوەنی فۆتۆکانە ، چەندین جار روونکردنەوەی نووسیوەو ئەم هەڵەیەی ڕاستکردۆتەوە ، بەڵام لەبەر ئەوەی کورد ناخوێنێتەوە ، گەر خوێندیشیەوە بە سەرەوژێری تێدەگات ، روونکردنەوەکان هەمووی بێ سوود بوون .
فۆتۆگرافەرو رۆژنامەنووسی ئێرانی ( جاسم غەزبان پور خورەم شەهری ) زۆر بە ئاشکرا ئەم هەڵەیەی ڕاستکردۆتەوەو نووسیویەتی : (وێنەی ئەو مناڵە کوردانەی کە لەدوای یەک ڕاوەستاون ، من خاوەنی ڕاستەقینەی وێنەکانم و لە ٣١ ئاداری ١٩٩١ دا وێنەکانم وەرگرتووە ،ئەو مناڵانە بۆ وەرگرتنی ( خورما و سەموون ) لەسەر سنووری عیراق /ئێران ریزیان گرتووە ، لە دوای ئەوەی لەگەڵ خێزانەکانیان لە دەست دڕندەیی سەدام حوسێن لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ کە بە بەهاری کۆڕەوەکە ناسراوە ڕایانکردوە ، تکایە ئەو وێنانە هیچ پەیوەندییەکی بەئەنفالەوە نییە ) !
لە کۆتاییدا هیوادارم ئەم ڕونکردنەوەیەم ببێتە مایەی ڕاگرتنی ئەو چەواشەکارییەی کە زیان بە ڕاستییەکان و کەیسی ئەنفاڵ دەگەیێنێت ،ئاخر لەبری ئەو وێنە فەیکانە کە زیان بە دیکۆمێنت کردنی کۆمەڵکوژی ئەنفال دەگەینێت ، بۆ وێنەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان وقەسابخانەی نوگرەسەلمان و تۆبزاوەو بیابانەکانی سەماوە و عەرعەر بڵاوناکەنەوە؟