دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنها لەگەڵ کوڕێکی خۆی بە سەردانێکی فەرمی سەرلەبەیانیی رۆژی سێشەممە 25-1-2022، گەیشتە شاری ئەبوزەبیی پایتەختی میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی ( ئیمارات ) ،لە هەرێمی کوردستان سەردانەکەی بارزانی خوێندنەوەی زۆر سەیرو سەمەرە ی بۆ کرا.یەکێک لەو خوێندنەوە سەیروسەمەرانە بە زانین بێت یان نەزانین ،بەکورتییەکەی دەڵێت : (ئیمارات دەیەوێت سوود لەئەزموونی هەرێمی کوردستان وەرگرێت )!
لێرەدا من وەک زیندانییەکی سیاسیی و پێشمەرگەیەکی دێرین بەڕاشکاوی دەڵێم ،لەسەرەتای ژیانمەوە هەموو خەون و هیواو ئاواتم ئەوبوو کە کوردستان دوای ئەوهەموو قوربانییە ، ئەو هەموو خوێن و ماندووبوون و ماڵوێرانییە ،ببوایە پێشەنگ و پێشکەوتووترین وڵات لە هەموو ڕویەکەوە ، نەک تەنها ئیماراتیش بە ڵکو هەموو جیهان ئیرەییان پێ بردبوایە و سوودیشیان لە ئەزموونەکەمان وەرگرتبایە ، بەڵام بەداخەوە واقع شتێکە و هیواو خەون و خەیالیش شتێکی ترە.
بەرێزان .. ئەوەی هانیدام ئەم چەند وشەیە بنووسم ، ئەو خوێندنەوە سەقەتانەی هەندێک بەرپرسی نابەرپرسی هەرێمی بەتەمای اللە یە ،کە باس لە سوود وەرگرتنی ئیمارات لە توانا و ئەزموونی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لە شارەزایی بارزانی لە بوارەکانی سەربازی و ئەمنی لە ڕووبەڕوبوونەوەی تیرۆر دەکەن !، کە من لەوباوەڕەدام ئەو بەرێزانە خۆیشیان باوەڕیان بە قسەکانیانیان نییە ،بەڵام تەنها بۆ گەوجاندنی خەڵکی سادەوساکارئەو قسە بێ بنەمایانە فڕێ دەدەن .
لێرەدا بەپێویستی دەزانم بەم چەند خاڵەی خوارەوە و زۆریش بەکورتی هەندێ ڕاستی دەربارەی میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی ( ئیمارات ) بخمە بەردیدی خوێنەران و، هیواداریشم کە هەرێمی کوردستان بتوانێت وەک وڵاتانی دیکەی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوین سوود لەئەزموونی ئیماراتی پێشەنگ لە هەموو ڕویەکەوە وەرگرێت .
ئایا دەزانن :
١ / پاراستنی ئیمارات بە گشتی و ئەبوزەبیی پایتەخت و دوبەیی ناوەندی بازرگانیی جیهانی بەتایبەتی ، ئەرکی وڵاتە زلهێزەکانە و ئەوان لە هەموو ڕویەکەوە پارێزگاری لێدەکەن.
بۆنمونە ، سێ بنکەی سەربازی (ئەمریکی ، فەرەنسی ، ئوستڕاڵی) گەورە و زەبەلەح لە ئیماراتدا هەیە ،یەکەمیان بنکەی سەربازیی ( ئەلزەفر )ی ئەمریکییە ، دووەمیان، سەربازگەی ( سەلام ) ی فەرەنسییە ، سێییەمیان بنکەی ( مەنهاد) ی ئوستڕالییە .
ئەم بنکە سەربازییانە بە پێشکەوتووترین چەک و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی زەمینی و دەریایی و، ئاسمانی کە لە رێگەی درۆن و مووشەکی بالیستی ئەنجام دەدرێت ،میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی ( ئیمارات ) دەپارێزن ، وەک چۆن لە لە دواین هێرشی میلیشیا حوسییەکان بۆ سەر میرنشینی ئەبوزەبی ،توانرا موشەکەکان لەرێگای سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی( C-RAM ) و، باتریۆت ( MIM-104 Patriot ) لە ئاسمانەوە تێک بشکێنرێت .
٢/ ئیمارات لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانیی دا ،یەکێکە لە پێشکەوتووترین ئەو وڵاتانەی کە لە دەزگایی پیشەسازیی سەربازیی نیشتمانی چەکی ئاسمانی وزەمینیی و ئاویی جۆراوجۆرو بەرهەم دێنێت و دەیفرۆشێتە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان .
لێرەدا زۆر بەکورتی ئاماژە بەچەند جۆرە چەکێکی سەربازی کە لە دەزگای پیشەسازی سەربازیی ئیماراتی بەرهەم دێت دەکەم : سیستەمی بەرگریی ئاسمانی سكاي نايت، فرۆکەی جەنگی( كيو إكس ١ ، كيو إكس ٢، كيو إكس ٣، كيو إكس٤) کە لە لایەن گروپی (إيدج) ی ئیماراتی بەرهەم دەهێندرێت ، کەشتی سەربازیی (ئەل سەعدیات /السعديات) و کەشتی(AHM13USV ) ،کەشتی ( کۆرفێت ـ زەفرە / الكورفيت الظفرة ) جۆری ( بەینونە / بينونة )، کە لەلایەن دەزگای سەربازیی نیشتمانی ئیمارات ( ئەل فەتان / الفتان) دروست دەکرێت ، بەلەمی سەربازیی ( شوجاع / شجاع) کە دەزگای سەربازیی ئیماراتی ( ئەل بەواردی دامن / البواردي دامن) دروستی دەکات ، ئۆتۆمبیلی درعی سەربازی ( عەجبان / عجبان) کە دەزگای ( نمر) ی ئیماراتی سەر بە دەزگای پیشەسازیی سەربازیی نیشتمانی ئیمارات دروستی دەکات ، ئۆتۆمبێلی درعی سەربازی ( ئەل نەمر / النمر ) ، کە بەتایبەتی بۆ کەش و هەوای لماویی و رێگای بیابانی بەرهەم هێنراوە ، فرۆکەی سەربازیی ( بەدر٢٥٠ / بدر٢٥٠ )، هەلیکۆپتەری هێرشکەری ئیماراتی بەناوی ( بلاک هۆک / بلاك هوك )، سیستەمی بەرگری ئاسمانی( RWS ) کە یەکێکە لە سیستەمە هەرە پێشکەوتووەکانی بەرگری و لە میرنشینی ئەبوزەبیی دروست دەکرێت ، مووشەکی (تاریق ـ زەوی بۆ ئاسمان / صاروخ جو- أرض من نوع الطارق ـ Al Tariq) ، کێشەکەی ٥٠٠ کیلۆ گرامە ، لە هەموو کات و ساتێکدا و بەتایبەتیش لەکەش و هەوای ( لم وتۆزاوی ) یش بەکاردەهێندرێت و ئامانجی دەپێکێت .
٣ / ئێمارات خاوەن ٨٠ فرۆکەی ئێف ١٦ و، بە دەیان فرۆکەی میراجی فەرەنسی و فرۆکەی هۆکی بەریتانییە . هەروەها خاوەنی نوێترین هەلیکۆپتەری جەنگی جۆراوجۆرە .
٤ / سوپای ئیمارات خاوەنی زیاتر لە ٦٠ هەزار سەربازە ،ئەفسەرەکانی دەرچووی زانکۆ و ئەکادیمییای سەربازیی بریتانیی و ئەمریکی و فەرنسینە.
٥ /ئیمارات سەرۆکی پۆلیسی نێودەولەتی(ئەنتەر پۆل) ە ،کە لە ١٩٥ وڵات پێک دێت و سەرۆکەکەی ئەفسەرێکی ئیماراتییە بە پلەی لیوا و ناوی ( د. ئەحمەد ناسر ئەل رەیسی) ە . (ئەل رەیس) دکتۆرای لە ئاسایش و سەلامەتی جڤاک لە زانکۆی ( مترۆپۆلیتانی ) ی لەندەنی لەساڵی ٢٠١٣ بەدەست هێناوە .
٦ / ئیمارات یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندە دیارەکانی جیهان لەسەر ئاستی سامانی سروشتی ( نەوت ، گاز ، کبریت ) ، سێیەم وڵاتیشە لە سەر ئاستی جیهان لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت . یەدەگی نەوتی ئیمارات 98.63 مليار بەرمیلە . بۆ نمونە ، تەنها کێلگەی نەوتی دەریایی میرنشینی ئەبوزەبیی کە بە ( کێلگەی زاکۆمی سەروو / زاكوم العلوي) دەناسرێت ،دووەم کێلگەی نەوتی دەریاییە لەسەر ئاستی جیهان دا ،کە یەدەگی نەوتی کێلگەکە بە ٦٦ ملیاربەرمیل خەملێنراوە .
٧ /بەپێی ڕاپۆڕتی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ، میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی ( ئیمارات ) لە رووی شەفافیەتەوە یەکەمە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیی و، لەسەرەوەی ئەمریکاو فەرەنسایشە ، هەروەها لەریزبەندی یەکەمینە لەسەر ئاستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین لەرووی ئابووری سەربازیی و ئاسایشی نیشتمانی و حزمەتگوزاریی و بژێوی خەڵک و کەمی هەژاریی و بێکاریی .
لەوەزیاتر درێژەی پێ نادەم ، هیوادارم کە هەرێمی کوردستان بتوانێت بەکردەوە سوود لە ئەزموونی میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی ( ئیمارات ) وەربگرێت ، ئەو ئیماراتەی لە بیابانێکی وشک و لماوی بێ خێر، بەهۆی لێزانیین و دڵسۆزیی سەرکردەکانی ،بووە ئەو ئیماراتەی ئەمڕۆ کە وڵاتانی دونیا ئیرەیی پێ دەبەن .