بەهۆی بەفر بارین ونزم بوونەوەی پلەی گەرما بە رێژەیەكی بەرچاو ، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی شارەکانی هەرێمی بەتەمای اللە ، ئاگاداری هاووڵاتیان و شۆفێران دەکاتەوە کە شەقامەکانی ناوشارو دەرەوەی شار بەستەڵەکن و مەترسی روداوی هاتوچۆیان هەیە. هەروەها داوایش لە شۆفێران دەکەن کە بە هیچ جۆرێک لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە و شۆفێری نەکەن بۆ ئەوەی لە روداو و کارەساتی هاتوچۆ پارێزراو بن.
بەڵام ئەوەی سەیروسەمەرەیە و بۆ من پرسیارێکی بەئازارە ئەوەیە :
هاووڵاتیانی هەرێم لە دەست بێ مووچەیی ، بێ نەفتی ، بێ غازی ، بێ کارەبایی ، بێ ئیشی ، بێ ئاویی و چەندین (بێ) ی زەبەلەحی دیکە دەناڵێنن ، کەچی بەشی زۆری ئەوانەی هەمیشە ڕەخنەدەگرن و باسی نەبوونی موچەو خزمەتگوزاریی و ناعەدالەتی دەکەن ، زۆر رۆمانسیانە لەناو بەفر خەریکی وێنەگرتن و شەڕە بەفرو نووسینی شیعری ڕۆمانسین ، لەو کاتەی دەبوایە لەشەقام بن و پر بەقورگی خۆیان داوای سادەترین مافەکانی خۆیان بکەن .
ئای لەوە ، تەنها لە هەولێرکە ٤ سم بەفر باریوە ، زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتی بەهۆی بەفرەوە دەست و قاچیان شکاوە ، لەگەڵ ئەویش لە شایی و هەڵپەرکێی نێو بەفرو نێرگیلە کێشان نەکەوتوون ، هەروەک ئەوەی نەبایان دیبێت نەباران ؟
ئاخر هاووڵاتی بەرێز ، جەنابت دینارێکت لە گیرفان نییە ، لە خانویەکی کرێی ساردوو بێ نەوت وکارەبا ژیانێکی کۆڵەمەرگی بەسەر دەبەیت و هەررۆژێکت مردنێکە ، پێم ناڵێت ئەو بەفرە لە ماڵوێرانی زیاتر چیدیکەی لەگەڵ خۆی بۆت هێناوە ؟
من لەوە باش تێدەگەم کە بەفر بۆ بەرپرسە پۆشتەکانمان نیعمەتە ، ئەوان لە قەسرێکی شاهانەی گەرم دەژین ، کە دەچنە دەرەوەش باشترین پۆشاکی فەرەنسی و ئەمریکی و بەریتانی دەپۆشن ، بە سودترین خوراک دەنۆشن ، ئاوو کارەبایان فولە ، شەق لە دۆلار دەدەن !،
بەڵام ئەوی لێی حاڵی نابم ، زەماوەندی هاووڵاتیانی بێدەرامەت و بێ خزمەتگوزاری نێو بەفرە ، ئەو هاووڵاتیانەی عەیامێکە مردوون ونانی زیندووان دەخۆن !