خنکان لە دەریای ئیجە یەکسانە بە خنکان لە لافاوەکانی هەولێر :
لەگەڵ هەر باران بارێنک هەولێری بێناز چەندین ڕۆڵەی خێرلەخۆنەدیووی دەبنە قوربانی و دەکەونە ژێر قورو لیم و لیتاوی برۆژە سەقەتەکانی هەرێمی بەتەمای اللە و گیانی پاکیان دەسپێرن ، حکومەتیش کە بەس حکومەت نییە ، دوای هەر لافاوێک لە بورجە عاجییەکانیان سەردەردەهێنن ولە ڕگەیانداروێکی بێ سەروبەردا دەڵێن : ( پرسەو سەرەخۆشی لە خانەوادەی گیانلەدەستدراوەکان دەکەین .دەزگای پەیوەندیدارەکانیشمان ئاگادار کردۆتەوە کە بەهانای خەڵکەکەوە بچن و، قەرەبوویان بکەنەوە ) ! بێ ئاگا لەوەی کە لەدەستدانی مرۆڤ قەرەبوو ناکرێتەوە !
دەپێم بڵێن ئەی دەسەلاتدارانی هەرێمی بەتەمای اللە ، خەڵکی خێرلەخۆنەدیوی هەرێم چی لە و هەموو هۆتێلە پێنج ئەستێررانە و ئەو هەموو ماکەر ستیانە وڕۆیا تاوەرز و پڕۆژەی ئیمپایەر وۆرلد و ئەو هەموو پرۆژە سەقەتانە بکات ، کە لە گەڵ هەر بارانبارینێک چەندین رۆلەی بێ نازیان ببنە قوربانی پرۆژە بێ سەروبەرەکانی ئێوە کە بە (پڕۆژەی نیشتەجێ بوونی سەردەمیانە ) ناوزەدی دەکەن ، کە لەراستیشدا بەس سەردەمیانە نییە ! ؟
ئەوە ئێوەن بۆ بەرژەوەندی خۆتان و پرکردنی گیرفانتان ودروست کردنی پرۆژەسەقەتەکانتان رێرەوی ئاوەکانتانیش گۆڕیوە . بە بێ پڵان ئەو هەرێمەتان وا سەقەت کردووە لەگەل هەر بارانبارینێک نوقمی ژێر قوردەبێت و خەڵکەکەیشی سەربەقوڕ دەبێت .
لە دەسەڵاتە پۆشتەکەی هەرێمی بەتەمای اللە دەپرسم ، ئایا دایکێکی خێر لەخۆنەدیوی هەرێمی بەتەمای اللە ، کە رۆلە کەی لە لافاوی هەولێر بێ سەروشوێنە ، دەپرسم ، چ جیاوازیەک هەیە لە نێوان ئەو دایکە جەرگ سوتاوەو ئەو دایکانەی کە لە ئیجا و بیلوروسیا ، ئەوانەی لە دەست بێباکی ئێوە سەرهەڵدەگرن و وڵات جێ دەهێڵن مناڵەکانیان گیانیان لەدەست دەدەن ؟
خنکان هەرخنکانە چ لە دەریای ئیجە بێت یان لە پایتەختی کوردستان ، ئەو کوردستانەی دەسەڵاتێکی نەزان کردویەتییە وڵاتی مەرگ و قەزاوقەدەر و تکساس .
باش بزانن ، ( دانەر نەبەز سالح) ی ١٠ مانگی کە لە کۆشی باوکی و لە ماڵەکەی خۆیدا ئەمرۆ شەپۆڵی ئاوو قوڕاو بردی و هەتا ئیستاش بێ سەروشوێنە ، باش بزانن ئاهوناڵەی دایکی و باوکی ئەو منداڵە خێرلەخۆنەدیوە درەنگ یا زوو تەخت و تاراجی ئێوە ڕادەماڵێت و ئەو خەڵکە بێ نازەش لە زوڵم و ستەم و قورولیتاوە ی دەسەڵاتەکەتان رزگار دەکات .