لە جوغزی داواکاری خوێندکارانەوە !
شەماڵ عادل سەلیم
2021-11-27   683
شاعیری مەزنی تشیلی یەفتالی ریکاردۆ راییس
ناسراو بە پاپلۆ نیرۆدا دەڵێت : ( کاتی
پەنجەری ژورەکەم دەکەمەوە ، کوژراوێک و گوڵێک دەبینم ، شەرمەزارییە بۆ من کوژراوەکە
پەراوێز بخەم و لەسەر جوانی گوڵکە بنووسم ! )
چەندین
رۆژە قوتابییە خێر لەخۆنەدیوەکانی هەرێمی بەتەمای اللە ، بەدەڕندەترین شێواز
دەچەوسێندرێنەوەو بێ بەزەییانە بەداروو شەق و گازی فرمێسک رێژ لەلایەن هێزە
ئەمنییەکانی هەردوو حزبی ئۆلیگارشی لێدەدرێن ، تەنها بەهۆی ئەوەی داوای ئاسایی
ترین و سادەترین مافەکانی خۆیان دەکەن .
رۆژی
٢٣ ی تشرینی دووەم لە خۆپیشاندانی خوێندکاراندا لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی هێزە
ئەمنییەکان خوێندکارێکی خێر لەخۆنەدیوو بەنێوی ( ئاکار دانا ئەبوبەکر ) دەستگیردەکەن و دەیخەنە ژێر پێ لەقەی خۆیان و
دواتریش ئەفسەرێک کە بەرگی مەدەنی لەبەردایە ( عەلی حەسەن مەجید ) ئاسا
بەدڕندەترین شێوە شەق لەسەری هەڵدەدات وەک ئەوەی کوشتەی باوکییەتی !!.
من
نایشارمەوە و بەڕاشکاویش دەیلێم لە دوای بینینی ئەم روداوە ناخ هەژێن و ترسناکە کە
بەرامبەر خوێندکارێکی بێ تاوان و بێ مافی ئەم هەرێمە دەکرێت لە پۆستێکم دا لە
توێتر نووسیم : (عەلی حەسن مەجید گەڕاوەتەوە سلێمانی ) !، ئێستا (ئاکار)ی خێر لەخۆ
نەدیوو لەدەست ئازاری سەرو دەست و قاچی شەوانە خەوی لێ ناکەوێت ! لەوەیش بەئازارتر
، لەلایەن هەمان کارمەندی ئاسایش کە بە دڕندەترین شێوە شەق لەسەری (ئاکار )
هەڵدەدات ، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا تەشهیر ( بەئاکار ) دەکات و بە شێوەیەکی زۆر ناشیاو باسی دەکات و
دەلێت : ( ئەوەی من لێم داوە خوێنکار نەبوو ، دز بوو !) لەوکاتەی( ئاکار)ی
خێرلەخۆنەدیو ناسنامەی خوێنکاری (پەیمانگای تەکنیکی بەشی ژمێریاری ) و مۆبایل و
جزدانی پارەی کە ( شەش هەزار دیناری تیا بووە ) لە لای ئەفسەرە شەقوەشێن و تەشهیر
کەرەکە بووە.
ئەو
دڕندایەتییەی ئەوئەفسەرە بۆتە بابەتی گشتی
میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی داوای دەستگیرکردنی ئەو ئەفسەرە دەکەن، نەک
تەنها لەبەر ئەوەی دڕندەئاسا بە پۆستاڵەکانی خوێندکارێکی بێ تاوان لە پێش چاوی
هەموو کامیراکاندا دەشێلێت ، بەڵکودواتریش سوکایەتیی و تەشهیریشی پێ دەکات .
لەکۆتایدا
قسەکەی دوێنێی مەلابەختیار بۆ هەردوو حزبە ئۆلیگارشی یەکەی هەرێمی بەتەمای اللە
دوبارەدەکەمەوە ،هەرچەندە من لەوباوڕە دام و باشیش دەزانم کە مەلا بەختیار زۆرزۆر
خاتری بەرپرسە دزەکانی گرتووە : دەرماڵەی
خوێندكاران 10 ملیۆن دۆلاری دەوێت، لەكاتێكدا بەرپرسی وا هەیە 500 ملیۆن دۆلاری
دزیوە!!