دوێنێ
٢٢ی ئەیلول ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کاکەمین نەجار لە ددانپێدانانێکی ڤێدیۆیی کە
لینکەکەی لەپەراوێزی ئەم وتارەم دادەنێم ، نەجار دەڵێت : ( ئەو بەرپرسە بەعسییانەی
پێشتر کوردیان کیمیاباران و ئەنفال دەکرد ئێستا لە هەولێرن و پەشیمانن ) !
ئەو
ددانپێدانانەی ئەو بەرپرسە باڵایە ئەو ڕاستیانەمان بۆ دەردەخات :
١
/ هەولێر بۆتە پەناگەی دڕندەکانی کۆمەڵکوژیی گەلی کوردستان .
٢/
دەسەڵاتی کوردی رێزی تاوانبارانی کۆمەڵکوژیی ،ئەوانە سەددام حوسێن
مەدالیای
ڕیزلێنان و جەنگیان پێدەبەخشین لەپای زیاتر کوشتنی کوردان ، رێزیان لە
قوربانییەکانی ئەنفال و هەڵەبجەو مناڵە شەهیدەکانی کوردستان زیاتر گیراوەو ژیانێکی شاهانە لەهەرێم و لەسایەی
دەسەڵاتی کوردی بەسەردەبەن .
٣/
لێبوردن لە تاوانبارانی (کۆمەڵکوژیی، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و
پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی پەیماننامەی جنێڤی ساڵی 1949) لەهیچ شوێنێکی ئەم
دونیایە روی نەداوە ، تەنها لە هەرێمی کوردستان دا نەبێت . بێ ئاگا لەوەی کە ئەم تاوانانە
هیچ لێبوردنێک نایانگرێتەوە.
٤/
لە بری ئەوەی کاکەمین نەجار وەک ئەندامێکی سەرکردایەتی حزبێکی باڵادەست لەسەر
ئاستی نێودەولەتی خەباتی دیپلۆماسی و مەدەنی بۆ ناساندنی کۆمەڵکوژیی و تاوانەکانی
جەنگ و پێشێلکارییەکانی بەعسی فاشی دژ بە گەلی کوردستان بکات ، هاتووە خۆی کردۆتە
نوێنەری تاوانباران و باس لەپەیامی پەشیمانی تاوانبارانی کۆمەڵکوژیی و قڕکردنی
گەلی کوردستان دەکات ، ئەو دڕندانەی لەتەک قوربانییەکانیان لەهەولێر ژیانێکی شاهانە دەگوزەرێنن، کە نابێت ،
ناکرێت و تاوانە بەھیچ جۆرێک ئەو دڕندانە لێبوردنی گشتی و تایبەتی بیانگرێتەوە و
بەھیچ شێوەیەک نەک تەنها نابێت لەسزادان
ببەخشرێن ، بەلکودەبێت لیژنە یاسایی و
ئیداریی چاودێری پرۆسەی دەست بەسەرکردنی
تاوانکاران و بکەران و ھاوبەشەکانی ئەو تاوانانە بکەن بەپێ یاسا.(ئەگەر
یاسا بوونی هەبێت ) .
٥/
تەماشای ئەو دووفاقییە بکەن ، تاوانبارانی کۆمەڵکوژیی و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ
بە مرۆڤایەتی و وێران کردنی کوردستان بەئازادیی لە هەرێمی کوردستان دەژین ، کەچی
چەندین چالاکڤان و رۆژنامەنووس ،ئەوانەی رەخنە لەدەسەڵات دەگرن و داوای مافی خەڵک
دەکەن ،لە زیندانەکان توند دەکرێن و بە تیرۆریستیش ناوزەد دەکرێن!
لە
کۆتایدا ئەوەندە ماوە بڵێم :
دەبێت نەجار و حزبەکەی کە هەمیشە باس لە سەروەری
یاسا دەکەن و خۆیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی قوربانییان دەزانن ، دەبێت باش بزانن ، ئەوانەی نەجار باسیان دەکات لە گرتە ڤیدیۆکەدا و دەڵێت ( پەشیمانن) ، ئەوانە تاوانباری ئاسایی نین ، مریشک و
مراوی دز نین ، گەندەڵ نین ، بەڵکو تاوانبارن بە تاوانی کۆمەڵکوژیی گەلی کوردستان
، بۆیە دەبێت نەجار ببێتە نوێنەری قوربانیان نەک تاوانباران .
*بۆبیستنی قسەکانی نەجار کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە : (https://www.facebook.com/watch/?v=827969694535072
شەماڵ عادل سەلیم / شایەدحالی کۆمەڵکوژیی بەعسییەکانە .