نامەیەکی کراوە بۆ بەرێز عەلی حەمە سالح
شەماڵ عادل سەلیم
2021-09-13   2601
سڵاوو رێز ...
دوای ئەوەی کە جەنابت بابەتێکی کۆنت بڵاو کردەوە ( کە پر بەدڵ حەزم
دەکرت کەیسێکی نوێ بوایە ) تیایدا بەبەڵگە
باسی مووچەی خانەنشینی ١٦ کەسایەتی چەپی عیراق و کوردستان دەکەیت( کە
بەپلەی باڵاو تایبەت خانەنشین کراون ) . لەدوای بڵاوکردنەوەکەشت چەندین نووسین و
وتار لەسەر هەمان بابەت بڵاوکرایەوە ، بۆیە منیش وەک پێشمەرگەیەکی دێرینی حزبی
شیوعی عیراق و زیندانییەکی سیاسی سەردەمی بەعسی فاشی و کوڕی شەهیدی یەکێک
لەسەرکردەکانی حزبی شیوعی عیراق کە تا رادەیەکی باش ئاگاداری نادادپەروەری و
گەندەڵی هەرێمی کوردستانم ، بەگرنگی دەزانم ئەم چەند خاڵەی خوارەوە زۆربەکوردی و
بەکورتی بخەمە بەرڕۆشنایی دیدی جەنابت وهەموو ئەوکەسانەی کە لەسەر بابەتەکەی
جەنابت هاتنە قسە :
١ / بەرێزت هیچ گەندەڵییەکی نوێت ئاشکرا نەکردووە هەتا دەست خۆشیت لێ
بکەم وەک کارەکانی دیکەت ، ئەوەی کردوتە خشتەیەکی کۆنی پێش چەندین ساڵت بڵاو
کردۆتەوە کە ئێمەمانان پێش جەنابت رەخنەمان لەو کەسایەتیانە گرتووە کە ناویان لە
خشتەکە هاتووە . نەک تەنها رەخنەش بەڵکو گوتومانە نابێت حزبی شیوعی کە لەسەر
بنەمای یەکاسانی و دادپەروەری وەک پێویستییەکی مێژووی پێش ٨٠ ساڵی ڕەبەق لەدایک
بووە ، نابێت بارەگاشی هەبێت ، چونکە بەڕای ئێمەمانان خەبات و وجودی شیوعییەکان
دەبێت لەنێو ڕێزی خەڵکی ستەمدیدە وبێبەش وماف خوراوەکان بێت نەوەک لەنێو چواردیواری بارەگاکان .
٢/ منیش وەک هەڤاڵی
بەرێزت کاک (هۆشیار عەبدوڵلا )رەخنەم
لەجەنات لەسەر یەک دێری نووسینەکەتە و بەس، ئەویش کە دەڵێت (لەم نادادیە تاڵە
،چوار عەرەب بەوەزیرو بریکاری وەزیر خانەنشینن لە ھەرێم)، چونکە ئەم ڕستەیە دەربرینێکی نەژادی و رەگەزپەرستانە یە ، دەکرا
بەشێوەیەکی ڕاسترو وردتر ئاماژەت پێ بکردبایە ، کە خۆشبەختانە لە وەڵامی هاوڕێ ئەبوکاروان دا ئەم هەڵە زەقەت
ڕاستکردۆتەوە. دواتر هەربۆ زانیاری جەنابت لە هەمان خشتەی ناوەکان کە جەنابت تەنها
چوار ناوی هاوڕێی (عەرەب)ت بڵاوکردۆتەوە ، ناوی چەندین سەرکردەی کۆمونیستی دیاری
عیراقی تێدایە کە باسی ئەوانت نەکردووە و نازانم بۆ ؟
کاک عەلی گەندەڵی ،
گەندەڵییە هەرکەسێک بیکات (عەرب ، کورد ، تورکمان ، مەسیحی ..تاد ).
٣ / نابێت و ناکرێت کەسایەتی چەپی ڕاستەقینە کە خەبات لەپێناو
ژیانێکی خۆش وشایستە بەئینسان کە بەنرخترین سەرمایەیە دەکات ، پاساو بۆ گەندەڵیی و نادادپەروەری وبە
فیرۆدانی سەروەت و سامانی هەرێم بهێنێتەوە ، تاوانە گەندەڵی بە گەندەڵی هێزو کەس و حزبی بەرامبەر پاساوی بۆ بهێندرێتەوە . ئاخر کەی لۆژیکە بیرو هزری هاوڕێیانی
سەرکردەی حزبی شیوعی عیراق (فەهدو سەلام عادل و جەمال حەیدر و عادل سەلیم و نافع
یونس )بە بیرو هزرو بۆچونەکانی ( نەوشیراوان و جەلال تالەبانی و مەسعود بارزانی و
کاکە حەمەو و عەلی باپیر ومونا قەهوەچی و ئایدن مەعروف و... تاد ) بەراورد بکرێت ؟
.کەی راستە پەیرەوپرۆگرامی حزبی شیوعی لە گەل بەرنامەو کاری حزبەکانی دیکە بەراورد
بکرێت ؟
هیچ ڕاست نییەو تاوانەهەر کەسێک بەرگری لەو کەسایەتییە چەپانە بکات کە ناویان
لەلیستی خانەنشینی پلە باڵاکاندا هاتووە وپاساویان بۆ بهێنێتەوەو بڵێت : ئەی خێرە کاک عەلی بۆ باسی (
گردی زەرگەتە وقەسری دەباشان و سەری رەش و
گەندەڵی نەوشێروان و جەلال تالەبانی و مەسعود بارزانی و سەروت و سامانی خۆیان و
بنەماڵەکانیان ) ناکات ؟
بۆیە دەبێت شیوعییەکان پێش هەموو کەسێکی تر باش لەوە تێبگەن کە حزبی نەوشێروان و جەلال ومەسعود و عەلی باپیر، حزبی
فەهد سەلام عادل نین و نایشبن .
٤ / هیوادارم لە ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان بێ منەتانە بەردەوام بیت و
لە شیوعیەکانەوە ( ئەوانە هەڵگری بیری دادپەروەریی و یەکسانین ) دەست پێ بکەیت و
ئێمەش لەگەڵتین ، لەوەش زیاتر لە بنەمالەکەی منەوە دەست پێ بکە ، هەر بۆزانینی جەنابیشت
سەرکردەیەکی کۆمونیستی وەک شەهید(عادل سەلیم )کە سەرەڕای ئەوەی سەرکردەیەکی دیاری (حشع)بوو
، ٣ ساڵیش وەک ئەمین عامی گواستنەوەوگەیاندن بەپلەی وەزیر لە سەرتاسەری
کوردستان کاری کردووە ، کەچی نە خۆی و نە خێزان و نە مناڵەکانیشی نەک تەنها (
یەک بستە زەویان ) لەو هەرێمەی کەلەسایەی دەسەڵاتی حزبە ئۆلیگارشیەکانی هەرێم بویتە شوێنی گەندەڵ و کۆنە بەعسی و سەدامییە
کوردەکان نییە ، بەڵکو هەتا ئێستاش ( هێلی تەلەفۆنەکەمان ) کە ریژێمی بەعس لە ساڵی
١٩٨٥ دا حجزی کردو ماڵەکەشمانی تاڵان کرد ، ئەو هێلەی کە بەناوی دایکم بوو بەو ژمارەیە
( ٢٢٩٤٩ ) هەر لەلای جاشێکی پشت ئەستور بەدەسەڵاتی کوردی بوو ، کە لە ساڵی ١٩٩٤ یش داوای مافی خۆمان کردەوە،
(کاک جاش) بە دەنگێگی زوڵال بەدایکە ڕەش پۆشەکەمی گوت : ( ناتاندەمەوە ، بڕۆن چیتان نەکردووە بیکەن )( بەڵگەشم لایە ) .
ئاخر منێکی شیوعی دژ بەگەندەڵی و نادەدپەروەری وقوربانی دەستی
ستەمکاران ،چۆن دەکرێت بەرگری لە کەسێک بکەم کە بانگەشەی بۆ دادپەروەری دەکات وخۆیشی
بەنادادپەروەری رازی بێت و بەرگریشی لێ بکات ؟ گەر گەندەلی ( حەرام وعەیبە) بێت بۆ
کەسێکی غەیرە شیوعی ، بۆ شیوعییەکان تاوانە و هەرکەسێکیش پاساو بۆ گەندەڵی هەر
شیوعییەک ( لەهەر پلەوپایەیەکی حزبی و حکومی ) بهێنێتەوە و بەراوردی لەگەڵ کەسانی
غەیرە شیوعی بکات ئەوا ئەو کەسە لە کەسی گەندەڵ ،گەندەڵ ترو وتاوانبارترە ، چونکە
ئێمە لە قوتابخانەی هاوڕێیانی نەمرمان
فەهد و سەلام عادل و جەمال حەیدەری نافیع یونس وعادل سەلیم و کۆچەرو ئەبو ڤیان و
تۆماتۆماس ومولازم سعد وعایدە یاسین و ئەحمەد بازوکەو ئەحمەد بانی خێلانی و ئایشە
گروکەو ئەبو رەشا و ئەبو سەحەر وعەمیدە عزیبی حالوب (ناسراو بە ئەحلام ) کە
بەدەستی نەوشیروان لە پشت ئاشان شهید کراو تەرمە پیرۆزەکەشیان شێواند ، ئێمە لەو
قوتابخانەیە پەروەردەکراوین ، هەربۆزانینی جەنابیشت بەشێک لەوناوە جوانانەی کە لە
سەرەوە ئاماژەم پێکردووە سەرکردەو شەهیدی بێ گۆڕن .
ئا ئێمە لەو قوتابخانەیە
فێرکراوین کە شیوعییەت ( دادپەروەرییە ، یەکسانییە، راستگۆییە ، خەباتە لەپێناو
بەدەست هێنانی مافی هەژاران و کرێکاران وداکۆکیکردنە لە زەحمەتکێشانی بیرو بازوو،نانە ، کارە ، ئازادییە ، نەک خیانەت و پشت لەجەماوەرکردن و تێوەگڵان لە
گەندەڵی دەسەڵاتی بنەماڵە و بەدەست هێنانی پارەو مەزرەعەو وئۆتۆمۆبیلی تازە
ومۆدێلی باڵا وگرانبەها بێ بەها .
مێژووش گەر باش بنووسرێت ئەوا شیوعییە راستەقینەکانن هەمیشە پێشەنگی
خەبات بووینە بێ بەرامبەر ، هەمیشە قوربانی دەستی نادادپەروەریی و زولم وخیانەت بووینە نەک بە پێچەوانە .
لەکۆتایدا دەمەوێت بڵێم :
هیوادارم وەک چۆن دوێنێ
لەدوای ناردنی تیبینیەکانم بۆ جەنابت بەڵێنت دا بەدواچونی ورد بۆ بابەتی ئەو ٤ کەسایەتییە لەبەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی هەرێمی
بەتەمای خودا بکەیت ، چونکە بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی من کە بۆ جەنابتیشم نارد
بری مووچەی بەشێکیان راست نییە . هەروەها هیوادارم
هەوڵبدەیت لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی لیستی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی و پێشمەرگە
دیرینەکانیش پاک بکرێتەوە لە کەسانی
گەندەڵ و مشەخۆر کە بە واسیتەی حزبەکوردییەکان ئەو لیستانەیان پیس کردووە، بەڵینیش
بێت ئێمەش پاڵپشتیت دەکەین .