دەسەڵاتدارانی کوردو سەندرۆمی ستۆکهۆڵم
شەماڵ عادل سەلیم
2021-08-21   784
زۆرینەی
دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان توشی پەتایەکی ترسناک بووینە ، ،دیارە ئەو پەتایە لە
بواری دەرووناسی سیاسیدا بە دیاردەی( سەندرۆمی ستۆکهۆڵم )* ناسراوە .
کەسی
توش بوو بەو پەتاییە ،رێک وەک دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی لێ دێت. بۆ نمونە ، بەرپرسێکی
هەرێمی کوردستان پێش چەند رۆژێک پرسەنامەیەک بەناوی شارێکەوە بۆ گەورە
تاوانبارێکی کۆمەڵکوژیی ( ئەنفال ) کە بیۆگرافی خۆی بەخوێنی قوربانیانی ئەو هەرێمە
بێنازە نوسیوەتەوە دەنێرێت و، لە پرسەنامەکەیشدا وێنای ئیدیاڵی بە شێوەیەکی زۆر خەتەرناک بۆ تاوانبارەکە
دادەتاشێت و،بە کاریزمایەکی سیاسی و
کۆمەڵایەتیی و ئیداریی و سەربازیی کوردستان و عیراق ناوزەدی دەکات و ،لە خودای گەورەش دەپاڕێتەوە کە ئارامییان پێ
ببەخشێت !
دەسەڵاتدارانی
هەرێم ٣٠ ساڵە گەورە سەددامییە کوردە خوێن مژەکانی دوێنێ وەک دابەستە بەخێو دەکەن
، ئەوانەی ڕۆڵێ سەرەکییان هەبوو لە کۆمەڵکوژی میللەتەکەیان و لە بەعسییەکانیش
بەعسی تر بوون ، ئەمرۆش لەسایەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دا هەروەک جاران فیرعەون ئاسا
خۆیان و ماڵ و منداڵ و کەسوکاریان ژیان دەگوزەرێنن وهەرەشەش لەو کەس و لایەنانە
دەکەن کە راستییەکان بۆ نەوەی نوێ بەبەڵگەوە ئاشکرا دەکەن .
ئەگەرپەتای
سەندرۆمی ستۆکهۆڵم نەبێت ، تاوانبارێکی وەک عیزەت دوری لە کوردستانی سوتێنراو
بەژەهری بەعس چی دەکات ؟ ئەگەردەسەڵاتدارانی هەرێم رعاشقی جەللادی خۆیان نەبن بۆ
لەبن باڵیاندا دەیانپارێزن ؟
لەبەر ئەم ڕاستیانە هیچ ناوێکی ترم بۆ تەقدیس
کردنی تاوانبارانی کۆمەڵکوژی و سایکۆپاتە بەعسییە کوردەکان لەلایەن سەرکردە
کوردەکان بۆ نادۆزرێتەوە، تەنیا ئەوەندە دەتوانم بڵێم سەرکردەکانی کورد عاشقی جەللادەکانیانن
.
بە
کورتیی و بە کوردیی : ئەوە تەنها
لەژێردەسەڵاتی کوردیی توشبووی بە پەتای سەندرۆمی ستۆکهۆڵمە ،کە تاوانبارانی جەنگ و
کۆمەڵکوژییەکان نەک تەنها بە ئازادی دەژین و مافیان لە قوربانییەکانیان زیاترە ،
بەڵکو هەڕشەش لە پێشمەرگەی دێرین و زیندانیانی سیاسی و کەسوکاریی قوربانیانیش
دەکەن .
ئەو
واقیعە تاڵەشە بەزەقی لە دۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردیدا کە پڕە لە بێ موڕاڵی
ودووفاقی و سەیر و سەمەرەیی دەبینرێت ، بوونی تاوانبارانی کۆمەڵکوژیی لە لیستی
شەهیدانی کوردستاندا دەلالەتی زۆری هەیە
،یەکێک لەوانە پیرۆزیی تەقدیسکردنی جەللادە لەلایەن قوربانییەکانییەوە ،ئەو
ئەجەللادەی ئەمرۆ کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە کاریزمایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی و ئیداریی و سەربازیی
کوردستان و عیراق ناوزەدی دەکەن .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*سەندرۆمی ستۆکهۆڵم ـ Stockholm syndromeـ
( پاڵپشتی و هاوسۆزی قوربانییەکان لە جەللادو دوژمنەکانیان ).. لە ساڵی ۱۹۷۳دا چەند دزێک لە شاری ستۆکهۆڵم بەرۆژ دەچنە نێو
بانکێک و دەیانەوێت پارەی بانکەکە بدزن،
دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیس ، دەوری بانکەکە دەگیرێت و داوا لە دزەکان دەکرێت
تەسلیم بن .دەزکان بۆ پاراستنی خۆیان کارمەندی بانک و چەند هاووڵاتییەک بەبارمتە دەگرن و داواش لە پۆلیس دەکەن کە
رێگای دەرچونیان بۆ بڕەخسێنن ئەگینا بارمەتەکان دەکوژن. دوای رووبەرووبونەوەیەکی
کەم ، دزەکان دەگیرێن و بارمەتەکانیش ئازاد دەکرێن . بەڵام ئەوەی سەیرو ئاسایی نەبوو
،ئەوە بوو کە دوای ئازادکردنی بارمەتەکان ئەوانەی هەرەشەی کوشتنیان لە لایەن
دزەکانەوە لێ کرابوو ، رووبەرووی پۆلیس بوونەوەو بەرگرییان لە دزەکان دەکرد ،
دواتریش هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی یارمەتی و پارەیان بۆ دزەکان ئەنجامدا . ئا لێرەوەوە چەمکی (سەندرۆمی ستۆکهۆڵم) لە بواری دەرووناسی سیاسیدا هاتە کایەوە .