ئەرێ بەڕاست؟!
شەماڵ عادل سەلیم
2021-07-31   967
بەبێ پێشەکی و بگرەو بینەو بەردە دەمەوێت بڵێم ،مادام لیژنەی فەتوای كوردستان لەسەر
وردودرشتی بابەتەکان فەتوا دەدات و قسەی
خۆی هەیە ،بۆنموونە ، دیارکردنی رێژەی
زەكات و سەرفترە و فیدیەی رۆژوو، حوكمی
شەرعی خواردنەوەی وایلد تایگەر ، گران بوونی شمەک و کاڵا لە هەرێم ، ڕۆژووگرتنی خوێندكارانی قۆناغی 12 و 9ی ئامادەیی و خوێندكارانی زانكۆ
و پەیمانگاكان و كرێكاران، دروست نەزانینی مامەڵەكردن بە QNET ، حەرام کردنی سەركەوتنی ژنان لەگەڵ شۆفێری تەكسی، فەتوای راگرتنی
فیلمی پێغەمبەر لە كوردستان ،فەتوا لە بارەی وەرگرتنی ژەمە ڤاکسین ، فەتوای كامیان تاوانی زیاترە گوێ گرتن لەگۆرانی یان گوێگرتن لە نەشید؟ ،حەرام کردنی ڕواندنەوەی قژ بەمەبەستی جوانکاری ، حەرام کردن و بەگوناح زانینی نهشتهرگهری
جوانكاری نا پێویست وهك بچووككردنهوهی دهم و لوت و گوێچكه، یان بهرزكردنهوه دهم
و لێو وكوڵم و روومهت، یان لابردنی چرچولۆچی دهم و چاوو، زۆران فەتوای دیکە کە
نەک تەنها تایبەتە بە ئازادیی تاک ،بەڵکوبەسەرەتاترین مافی مرۆڤیش دادەنرێت .
ئالێرەدا
حەقی خۆیەتی لە بەرێزانی لێژنەی فەتوای بپرسم ، ئەرێ بەراست فرۆشتنی خاک و هێنانی
سوپای داگیرکەر وتۆپبارانی هەرێمی بەتەمای اللە و قەتل عامکردنی خەڵکی بێنازیی
دێهاتەکانمان لەلایەن تورکیاو ئێرانی ئیسلامی ،حەرامە یان حەڵاڵە ؟
برسی
کردن و فەرهودکردنی داهاتی هەرێم و دزینی قوتی خەڵک و ، داڵدەدانی ئەنفاڵچییەکان و
سەددامییە کوردەکان حەڵاڵە یان حەرامە ؟
ئەرێ
بەڕاست ، تیرۆرکردن و زیندانیکردنی رۆژنامەنووس و چاڵاکوانان حەرامە یان حەڵاڵە ؟
لێبڕینی موچە و ئیهانە کردنی مامۆستایان ، فەرمانبەران ،خانەنشینان ، کەس و کاری
شەهیدان و ئەنفالکراوان ، پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانییە سیاسییەکان ، حەرامە یان
حەڵاڵە ؟
ئەرێ
بەڕاست وێرانکردنی کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە ،
خوێندنی باڵا حەرامە یان حەڵاڵە ؟
ئایا
بازرگانی حوتە گەورەکانی هەرێم بە دەرمان و کاڵای بەسەرچوو حەرامە یا نا ؟
ئایا
تاوانی خنکان و ونبوونی سەدان گەنج لە دەریای ئیجە و کەناراوە جیاجاکانی
ئەورووپادا لەئەستۆی کێ دایە؟
لەکۆتاییدا
هەرئەوەندە ماوە بڵێم : بۆ ئەوەی بەکردارلێژنەی فەتوای هەرێم بیسەلمێنێت ،دەسەڵات بەکردار ئیملای فەتواکانییان
ناکات، دەبێت بەرێزانی لێژنەی فەتوا قسەی جدییان لەسەر ئەم بابەتانەی کە لەسەرەوە
باسم کردوون هەبێت .