هۆشیاری تاکی کورد لە ژێر سفرەوەیە
شەماڵ عادل سەلیم
2021-07-18   833
یەکێک لە هەرە کێشە گەورەکانی پرسۆنالی کورد نەبوونی
هۆشیارییە بەگشتی و هۆشیاری نەتەوەییش بەتایبەتی.
ئەوە نەبوونی هۆشیاری نەتەوەییە خەڵکی کردۆتە دەروێش ودەسکەلای
حزبەکان .
دیارە ئەو کێشەیەش بەپلەی یەکەم بەناو ڕۆشەنبیرەکانیش دەگرێتەوە ، ئەو
بەناو رۆشەنبیرانەی قەڵەمەکانیان بە مەرەکەبی حزب کاردەکات و لەبەرژەوەندی حزب دەنووسێت
و بەرگری لە فەرموودەکانی سەرۆک دەکات .
ئا، کارەساتەکە لە
ناهۆشیارییەوە سەرچاوەی گرتووە ، چونکە ئەگەر ئەوە حاڵی دەستەبژێری سنگ
دەرپەریوەکانی کۆمەڵگا بێت ، حەق نییە گلەیی لە خەڵکی بێ سەوادی ئەم نیشتمانە بێ
خاوەنە بکەین .
ئەوڕۆ لەبری ئەوەی هۆشیاریی نەتەوەییمان لە لوتکە بێت و ئینتمامان بۆ
نیشتیمان و خاک و ئاسمان و ئاو و ژینگە بێت ، کەچی ڕۆبۆت ئاسا بەرگری لە حزب و
سەرۆک دەکەین ، ئەو سەرۆکانەی لەسەرەتاوە بەسیستەماتیک کاریان بۆ خوڵقاندنی سوپایەکی
تەلقیندراووگۆێڕایەڵ و بێ شکۆ ورۆبۆت ئاسا کردووە ، چونکە تەنها بەم شێوەیە
دەتوانن لەدەسەڵات بەردەوام بن .
تەماشاکەن ، کاتی بەرێزێک لە سۆشیال میدیا یان لەهەردەزگایەکی
ڕاگەیاندن قسە دەکات ، ئێوە دیقەتی کۆمێنتەکانی بینەرانی بدەن ، ئا ئەو کات دەزانن
من باسی چی دەکەم .
بۆ نموونە دوێنی بەرێزێک باسی کێشەکانی شاری سلێمانی دەکرد ،
بەهەقیقەت قسەکانی زۆر مەنتقی بوون ،
بەڵام لەبەر شەڕە جنێوی کۆیلە و دابەستەی
حزبەکان ، هیچ کامیان ئاگاداری قسەی ئەو
شرۆڤەکارە نەبوو ، هەرکەسەو لەلایەک بە جنێو و قسەی ناشرین کەوتبوونە گیانی یەکتر
و چی نەما بەیەکتر نەکەن و نەڵێن .
ئالێرەدا ، لەو نموونە ساکارەدا ، بۆمان دەردەکەوێت کە ئێمە ئەوەی
نیمانە هۆشیارییە ، ئەو هۆشیارییەی کە لە تەمەنی منداڵییەوە وڵاتە پێشکەوتووەکان لە ناخی تاکدا دەیچێنن و
ئاوی دەدەن و خزمەتی دەکەن ، ئا بەم شێوەیە دوا جارتاکێکی تەندروست وهۆشیار لە
هەموو رویەکەوە پێدەگات .
بەرێزان ..ئەوە هۆشیارییە (بەهەموو جۆرەکانییەوە ) سەربەخۆیی و
پێشکەتن و رێزگرتن لەیاسا وئازادییە سەرەتاییەکان ومافی مرۆڤ بەدوای خۆیدا دەهێنێت
نەک حزبایەتی و شەڕە پەڕۆ وکۆیلایەتی و تەلقیندان .
ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت لە هیچ وڵاتێکی دیکەدا بوونی
نییە ، بۆنموونە رۆژی پۆشینی جل و بەرگی نەتەوەیی و نیشتمانی تەنها لە هەرێمە دووپارچەکەی ئێمەدا بوونی هەیە ، بێ ئاگا لەوەی
هەتا لەو ڕۆژەشدا قیامەتی شەڕە پەڕۆ هەڵدەستێت وفەرتەنەی رەنگەکان لە خۆنمایشکردنێکی حزبانەدا چڕدەکرێتەوە .
تەماشاکەن ،لە وڵاتێکی ٥ ملێۆنی بچوکی وەک دانمارک ، خۆشەویستی ئاڵا
لە ناخی دانیمارکییەکاندا دەشەکێتەوە و حزوری هەیە بەرلەوەی لەبۆنە کانیاندا لەسەر
باڵەخانەو باخچەی ماڵەکانیان بشەکێتەوە ، ئەوان بەهچ جۆرێک باسی پیرۆزی ئاڵا و بەرگری لەوڵات و خاک و ئاسمان
و یاسا و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ناکەن ، بەڵام هەریەکەیان لەشوێنی خۆیدا داکۆکیکەرێکی
سەرسەخت و بێهاوتای وڵاتەکەیەتی ، هەربۆیە
رۆژ لەدوای رۆژ لە هەموو ڕویەکەوە پێشدەکەون .
بەڵێ ، لە دانیمارکیش حزب هەیە ، بەڵام سەرکردایەتی حزب و ئەندام و
لایەنگرانیان حزبایەتی ناکەن ، ئەوەی
دەیکەن تەنها حزمەت کردنی وڵات و پێشبرکێیە لەنێوان حزبەکاندا ( لەوپەری ڕاستەوە
تا ئەوپەڕی چەپ ) لەسەر ئەوەی کامە حزب دەتوانێت بە کردەوە زیاتر خزمەتی گەل و
نیشتمانی بکات.
بۆیە بەدڵنییایەوە دەڵێم ،کێشەی ئێمە کێشەی نەبوونی
هۆشیارییە بەگشتی و هۆشیاری نەتەوەییش بەتایبەتی.