گۆڕانی کارەکتەر لە ستەملێکراوەوە بۆ ستەمکار
شەماڵ عادل سەلیم
2021-04-08   658
گۆڕانی کارەکتەر لە ستەملێکراوەوە بۆ ستەمکار ، دەسەڵاتدارانی کورد بە
نموونە :
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty) کە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکات،ئەمرۆ 7 نیسان 2021 لە
ڕاپۆرتی ساڵانەیدا سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ, ڕەخنەی ڕووبەڕووی 149 وڵات کردووە
کە مافەکانی مرۆڤ بەهەنجەتی پابەند بوون بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرونا پێشێل دەکەن ، یەکێک لەووڵاتانە عیراق و
هەرێمی کوردستانە .
ئامنەستی بەڕاشکاوانە لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت : (حکومەتی هەرێمی
کوردستان لەشاری دهۆک بەهەنجەتی پابەند بوون بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرونا ،هەڵساوە بە پەرت و بلاوە پێ کردنی خۆپیشاندەران وهەروەها تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنیشی بۆ
رێکخستنی خۆپیشاندان خستۆتەپاڵیان ).
دیارە لێرەدا
ئامنەستی باسی کەیسی پێنج سزادراوەكەی بادینان (شێروان
شێروانی، گوهدار زێباری، هەریوان عیسا، ئەیاز كەرەم و شڤان سەعید بەرۆشكی)
کە لەلایەن دادگای تاوانەكانی هەولێرەوە سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەر
سەپێنرا دەکات . کە پێشتریش لە نامەیەکیدا داوای لە حکومەتی هەرێم کردوە ئەو سزادراوانە بەبێ مەرج ئازاد بكرێن و
هۆشداریشیداوە لە دۆخی ئەو زیندانیانە و دەڵێت: ( ئەو سزادراوانە لە هۆڵە قەرەباڵغەكانی زینداندا دەستبەسەرن كە
هیچ ژوورێكیان نییە بۆ خەوتن) . هەربەگوێرەی نامەكەی ڕێكخراوی لێبوردنی
نێودەوڵەتی ، سزادراوەكان لە كاتی دادگاییكردنەكەیاندا رایانگەیاندووە بە ناچاری
واژۆیان لەسەر تۆمەتەكان كردووە كە ڕوبەڕوویان كراوەتەوە.
بەڕای من ئەم جارەش
لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لەئەنجوومەنی وەزیرانی
هەرێمی كوردستان ،سەبارەت بە راپۆرتی ساڵانەی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەم
چەند ڕۆژەی داهاتودا روونكردنەوە بڵاو دەكاتەوە و، پاساویش بۆ ئەم پێشێلکاریانەیان
دەهێننەوە هەروەک کاروپیشەی هەموو جارەیان .
بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگای هەڵوەستەکردنە ئەوەیە
: ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هەتا دوێنێ بەرگری لە کورد وەک نەتەوەیەکی ستەملێکراو و ژێر دەستەی ریژێمی بەعسی فاشی دەکرد ،کەچی ئەمرۆ ڕەخنەی توند ڕوبەڕوی دەسەڵاتدارانی کورد لەسەر پێشێلکردنی
مافەکانی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان دەکات و، وەک دەسەڵاتێکی ستەمکاریش ناوزەدی دەکات
.
ــــــــــــــــــــــــــــــ
بۆ خوێندنەوەی تەواوی ڕاپۆڕتی ڕێكخراوی
لێبوردنی نێودەوڵەتی 2020 / 2021 ,کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە : https://www.amnesty.org/download/Documents/POL1032022021ENGLISH.PDF