ڕاستکردنەوەیەک لەسەرقسەکانی فرۆکەوان تاریق ئیبراهیم ره‌مه‌زان به‌كر ئه‌لعه‌زاویی

شەماڵ عادل سەلیم
  2021-03-18     851
ئاوێنە بابەتێکی ئامادەو بڵاو کردۆتەوە  لەسەر چاوپێکەوتنەکەی ئیرۆکورد بۆ مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ فرۆکەوان تاریق ئیبراهیم ره‌مه‌زان به‌كر ئه‌لعه‌زاویی ،کە بەگوێرەی ئەوبەڵگەیەی لەبەردەستم دایە ، ئەلعەزاوی تاوانبارە بە بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجەی خێر لەخۆ نەدیو ( لینکی بەڵگەکە لەپەراوێزی ئەم وتارەم دادەنێم )*
لێرەدا ئەوەی بۆ من وەک چاودێرێکی سیاسی گرنگە ئەوەیە :
لەچاوپێکەوتنەکەدا ئه‌لعه‌زاویی لەوەڵامی پرسیاری سێزدەهەم دا کە یەکێکە لە پرسیارە هەر گرنگەکانی چاوپێکەوتنەکە کە بە ئەلعەزاوی دەلێت :(تۆ له‌ماوه‌ی‌ مانگی‌ یه‌ك تاوه‌ك مانگی‌ پێنجی‌ ساڵی‌ 1988 چیتكردوه‌ ،به‌به‌ڵگه‌وه‌ بیسه‌لمێنه‌ ؟ ) .
لەوەڵامدا ئەلعەزاوی دەلێت : ( من ئه‌و كاته‌ مامۆستای‌ فرۆكه‌وانی‌ بووم له‌كۆلیژی‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ عیراقی‌، من ئه‌و كاته‌ له‌هێزی‌ یه‌ك بووم ‌و پله‌كه‌م كاپتن بوه‌، به‌رپرسه‌كه‌مان ناوی‌ خالید موتله‌گ عه‌بدولهادی‌ بوو، بێزه‌حمه‌ت سه‌یری‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌بكه‌، ده‌توانێت ئه‌وه‌ببینیت كه‌ حه‌ڤده‌‌و هه‌ژده‌ی‌ مانگی‌ مارتی‌ 1983 كۆتایی‌ هه‌فته‌ بووه‌، عاده‌تن له‌ كۆتا رۆژه‌كانی‌ هه‌فته‌شدا فرۆكه‌ هه‌ڵنه‌ساوه‌) .
دیارە ئەلعەزاوی لەوەڵامی گرنگترین و سەرەکیترین پرسیار دەیەوێت ئەستۆپاکی خۆی بەبەڵگەوە دەرخات ، بەڵام نازانێت کە وەڵامەکەی باشترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی تاوانەکەی ، چونکە بەگوێرەی بەڵگەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و نووسراوەکانی رێژێمی بەعسی فاشی و ئیفادەی شایەدحاڵەکان ، هەڵەبجە لە رۆژی ١٦ ی ئاداری ساڵی ١٩٨٨ کە دەکاتە رۆژی (چوارشەممە ) ژەهر باران کراوە ، نازانم ئەلعەزاوی چۆن ساڵ و رۆژەکەی لێ گۆڕاوەو و ساڵی ١٩٨٨ ی کردۆتە ١٩٨٣ و رۆژی چوارشەممەیشی بە کۆتایی هەفتە داناوە ؟
لەوە زیاتر درێژەی پێ نادەم ، با خوێنەر خۆی بڕیار بدات . 
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە بۆ بینین و بیستنی دانپێدانانی تاوانبار ئەلعەزاوی
https://www.youtube.com/watch?v=Nt8JGnPyO7I


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×