بۆچێ پەنابەرانی کورد داشی دامەی وڵاتە زلهێزەکانن
فەرهەنگ فەرەیدون نامدار
2021-11-11   438
بیلاڕوس وەک تورکیا پەنابەران وەک چەک دژی
یەکێتی ئەوروپا بەکار دەهێنێت. وەرگرتنی هەزاران پەنابەری کورد لەلایەن بیلاڕوسیاوە هۆکاری
لاوازی بیلاڕوسە لەبەرامبەر یەکێتی ئەورپا و نەبونی هیچ بژاردەیەکی بەهێزە
بەرامبەر یەکێتیەکە. پەنابەران لەم سیاسەتەدا هیچیان دەستناکەوێت جگەلە لە
دەردەسەری و ئەگەری گەڕاندنەوەیان.
بەهۆی سیاسەتی ناوخۆی بیلاڕوس و دەستگیرکردنی چەندین
ڕۆژنامەنوس و چالاکوان لەو وڵاتە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ساختە یەکێتی ئەوروپا
چەندین سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندوە و بارودۆخی ئابوری و سیاسی ناسەقامگیرە. بیلاڕوس
وڵاتێکی بچوک و هەژارە و تەنها ڕوسیا هاریکاری دەکات بۆیە هیچ بژاردەیەکی
لەبەرامبەر ئەوروپا نەماوە. بیلاڕوس دەستی کردوە بە پێدانی ڤیزە بە هاوڵاتیانی
عێراقی بە شێوازێکی زۆر ئاسان لە کاتێکدا عێراق بەشێکە لە وڵاتانی تیرۆر پێشتر زۆر
بە ئەستەم ڤیزەی ئەو وڵاتە وەردەگیرا.
کۆکردنەوەی هەزاران پەنابەر و کردنەوەی
سنورەکان بە ڕوی پۆڵەندادا لە کاتێکی دیاری کراودا پاش کۆکردنەوەی هەزاران پەنابەر بۆ بەکار
هێنانی بەنابەرانە دژی یەكێتی ئەوروپا. فشار خستنەسەر یەکێتیەکەیە بۆ لابردنی
سازاکان و گواستنەوەی تەرکیزی وڵاتانی رۆژاوا لە بارودۆخی ناوخۆی بیلاڕوسەوە بۆ
ئەم کێشە دروستکراوە.
کاتێک هەزاران کۆچبەری کورد بۆ سنوری پۆڵەندا پەڕینەوە،
یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا بیلاڕوسیان تۆمەتبار کرد بە بەکار هێنانی کۆچبەران بۆ
مەبەستی سیاسی. پۆڵەندا ١٢٠٠٠ سەربازی جێگری کرد و لیتوانی باری نائاسای ڕاگەیاند.
سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا ماسیوز مۆراویکی لە پێگەی خۆی لە فەسبووک ڕایگەیان کە
سنوری ئەو وڵاتەیان بۆ چەندین سەدە بە خوێن پاراستوە و ڕێگری لە هەر کەسێک دەکەن
بێتە ژورەوە.
ڕێگەدانی یەكێتی ئەوروپا بۆ هاتنە ژورەوەی ئەو
پەنابەرانە لە ڕێگەی پۆڵەنداوە ئەستەمە. چونکە پۆڵەندا یەکێکە لەو وڵاتانەی تا
ئێستا یەک کردەوەی تیرۆریستیشی تێدا ئەنجام نەدراوە. عێراق لە لیستی تیرۆردایە و
هاوڵاتی عێراقی بە مەترسی بۆ سەر ئەو وڵاتە دەدەنرێت. سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا تا ڕادەیەک پۆپۆلیستە و
ئەم دۆخە بە هەمو شێوەیەک بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار دەهێنێت. لە ئێستادا سیاسیەکانی
پۆڵەندا ئەو پەنابەرانە بە بەکرێگیراوی بیلاڕوس دەدەنێن و گەڕاندنەوەیان بە
سەرکەوتن و ئەرکی خۆیان دەزانن. بۆ نمونە بینی چاکەتێکی مارکەی گرانبەها لەبەر
یەکێک لە بەنابەرە کوردەکاندا لەسەر سنوری پۆڵەندا بوەتە بابەتێکی گەرم لە پۆڵەندا
و دەڵێن ئەمانە بە کرێگیراوی بیلاڕوسن و پەنابەر توانای کڕینی ئەو چاکەتەی نیە.
پاشان پەیوەندی حوکمەتی هەرێم بە وڵاتانی ئەوروپا و
یەکێتی ئەوروپاوە هەمو چانسێکی وەرگرتنی ئەم پانابەرانە لە ناو دەبات چونکە بۆیان
دەردەکەوێت کە ئەم پەنابەرانە هیچ مەترسی لەسەر ژیانیان نیە. هەروەها ئامادەبوونی
حوکمەی هەرێم بۆ هێنانەوەی ئەو پەنابەرانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە یەکێتی ئەوروپا
ئامادەکاری بۆ گەڕاندنەوەیان بکات نەک وەرگرتنیان.
بەڵام لەبەر بێمتمانەی حوکمەتی هەرێم زۆرینەی خەلک وتەی
قاچاخچیەکان بە دروستر لە وتەی حوکمەت
دەزانن و توشی چەندین دەردەسەری دەبن. گرنگە حوکمەتی هەرێم بە وردی مامەڵە بکات و
بەرژەوەندی دۆستەکانی رۆژاوا بپارێزێت. پاشان ناوبانگی و کورد و کوردستان لکەدار
نەکرێت بەهۆی سیاسەتی هەڵەوە چونکە لە سەرەتادا ئەم پەنابەرانە بەهۆی سیاسەتی
هەڵەی هەرێمەوە ئەو ڕێگەیان گرتۆتەبەر.