دەربارەی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا

عەبدوڵا مەحمود
  2026-10-12   

کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و کوردستان، کاردانەوەی جۆراوجۆر و جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا. لەسەر ئاستی عێراقدا، زوربەی هێزە سیاسییەکان عێراق، کشانەوەی هیزە سەربازییەکانی ئەمریکایان بەڕۆژی سەروەری و گێرانەوەی ئیرادە بۆ گەلی عێراق وێناکرد، لە ئاستی کوردستاندا، زوربەی هێزە سیاسییەکان کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکایان بە ناوەخت و زانی و نیگەرانی و هەراسی خۆیان لەم هەنگاوەی ئەمریکا خستەڕوو.

هێزە سیاسییە عێراقیەکان کە زوربەیان سەر بە جەمسەری ئێرانن، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا  بەسەرکەوتنی ئیران و هاوکاتیش بە ئازادبوونی خۆیان دەزانن لەگوشارە بەردەوامەکانی ئەمریکا. جیا لەوانە کشانەوەی هیزە سەربازییەکانی ئەمریکا باڵانسی دەسەڵات و هێز لە ئاستی عێراق و ناوچەکەدا بە سودی ئێران دەگۆرێت. لەسەر ئاستی ناوچەکە کشانەوەی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا دەرفەتی زیاتر بە ئێران دەدات کە دەستوەردانەکانی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە زیاد بکات و دەست بە کێبەرکێی و ململانێی خۆی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ جەمسەرە ناوچەییەکان بگرێت. ئێران کە دەمێکە بوونی هێزەکانی ئەمریکای وەکو داگیرکاری دەزانی و خوازیاری کشانەوەی ئەو هێزانە بوو، تەنانەت یەکێک لە مەرجەکانی بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا لە جەنگدا، دۆسیەی کشانەوەی ئەو هێزانەیە لەناوچەکە، ئێستا بەچوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا، دەتوانێت تەپڵی سەرکەوتن لە ململانێیەکی ناوچەییدا لێبدات. لەسەر ئاستی عێراقیش، ئێران کشانەوەی ئەو هێزانە بە باڵادەستی خۆی بەسەر ئەو هێزانەدا دەزانێت کە لایەنگری لە ئەمریکا و غەرب دەکەن. هاوکات کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا وەکو درەفەتێک تەماشا دەکات کە باڵادەستی و هەژموونی خۆی بەسەر دەسەڵاتی هەرێمدا زیاتر و فراوانتر بکات.

 بۆ دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا مایەی نیگەرانی و هەراسە. دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بەپلەی یەکەم لە ژێرسایە و بەپشتیوانی ئەمریکا، لە ساڵی ١٩٩١ وە  توانیویەتی هەژموونی خۆی بەسەر خەڵکی کوردستان و هەرێمدا بسەپێنێت. کشانەوەی ئەمریکا وەکو کۆتایی بەو دەورە دوور و درێژەو هاوکات وەکو پشت تێکردن لە خۆی دەزانێت. هاوکات کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا، بەوێنەی کشانەوەی ئەو هێزانە لە کوردستانی سوریا و دەزانێت و ئەگەری دوبارە بوونەوەی دۆخی سوریا لە عێراقدا، دەبینێ. کەم نین ئەوانەی کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا وەکو کۆتایی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئەزموونی چەند دەهەی هەرێمی کوردستان دەزانن.

 كشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا، گورزێکی کەمەرشکێنە لە بزوتنەوەی کوردایەتی. بەتایبەتی بۆ پارتی و یەکێتی، کە هەم لەڕێگای ئەمریکا و سیاسەتەکانی بەدەسەڵات گەیشتوون و هەم پشتیوانی ئەمریکا لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەکانیدا تا ڕادەیەکی زۆر بۆتە هۆی پاراستنیان و بەرگری لێکردنیان لە ململانێی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی. کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا ئەم پایانە دەروخێنێت. بۆیە نیگەرانی بزوتنەوەی کوردیەتی لە پاشەکشەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا، هەڕەشەی داعش و بۆشایی ئەمنی نییە کە زۆرێک لە بەرپرسانی سیاسی کورد بەدەستیەوە دەگرن، بەڵکو گۆرانی باڵانسی هێزە لە نێوان دەسەڵاتی ناوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی خۆجێیی جووت بنەماڵەی دەسەڵات لە هەرێمدا.

پێگەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، لە کوردستانی عێراقدا، تا دێت بەرەو تەریک بوون دەروات. تیکەڵ بوونەوەی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی سوریا، کۆتایی ئەزموونی کوردستانی سوریا، کە لەلایەکەوە پێگەی بزوتنەوەی کوردایەتی بەتەواوەتی بەرەو لاوازی و لەلایەکی تریشەوە پرس و کێشەی کوردی لە ئاستی ناوچەکەدا زۆر لاوەکی کردۆتەوە... لەچواچێوەی ئەو گۆرانکاریەدا کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەتایبەتی کوردستان، مۆتەکەی سەر ئاییندەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتییە.

پشتیوانی ئەمریکا لە "دەوڵەت- نەتەوە" کان، و دەسەڵات و حکومەتەکان لە ناوەند لە هەلومەرجی ئێستادا، خۆی ئاڵوگۆرێکە، ئاڵوگۆرێک کە هێزە خۆجێیەکان ئەو جێگەیان بۆ ئەمریکا وەکو کارتێک لە بەرامبەر دەوڵەتە مەرکەزیەکاندا نەماوە. ئەوە وا وادەکات دەسەڵاتە خۆجێیەیەکان بەدوای دەوازەو ڕێگاچارەی تردا وێڵ بن. بۆ حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی دەرفەت تەنها یان بەپلەی یەکەم تیکەڵ بوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندە لە عێراقدا و بوارێک بە بەرەنگارییەکی بەرجەستە نییە، بەتایبەت کە دەسەڵاتی حزبۆکراتی و بنەماڵەیی و میلیشیایی بۆرژوازی کورد، بە کارنامەیەکی نەنگین کە زیاتر لە ٣ دەهەیە ئەنجامیداوە، ناکۆکیەکی قوڵی و چارهەڵنەگری لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا هەیە و متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، بەتەواوەتی داڕماوە... پارتی و یەکیتی لە زیاتر لە سێ دەهەی دەسەڵاتدارێتیدا، بەتەواوەتی کەوتونەتە بەرامبەر بە ئاسۆ و ویست و خواستە زۆر سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان، و لەوەش زیاتر نەیانتوانی تەنانەت هێزێکی بەرگری و ئاسایشی بۆ بەرگری لەدەسەڵاتی خۆیان دابمەزرێنن، نیگەرانی و هەراسی بزوتنەوەی کوردایەتی و پارتی و یەکێتی، لە کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا لەو واقعیەتانەدایە. نمایشی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێکی نمایشی، لە ئێستادا، هەوڵێکی بەرگریکارانەیە بە رووی دۆخی ئیستاو ئەو ئاڵوگۆرانەی بەم دوایانە پێکهاتوون.

بەهۆی پاشەکشەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکاوە لە عێراق و کوردستان، دەرفەت بۆ باڵادەستی ئیران و هێزە پاشکۆکانی زیاتر دەبێت و دەستوەردانی لە دۆخی عێراق و هەرێمدا زیاتر دەبێت... ئەو دۆخەش ئاڵوگۆر دەخاتە بەردەم ئاییندەی سیاسی کوردستان.

دەسەڵاتی بۆرژوازی لە عێراقدا، کە دەسەڵاتێکی قەومی و مەزهەبی و تایفیی و ناکۆک بە مافی هاوڵاتی بوون و هەموو پرانسیپێکی مەدەنی و سەردەمییە، دەیەوێت هەژموونی خۆی بەسەر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و هاوکات بەسەر خەڵکی کوردستان و ئاییندە سیاسیەکەیدا بسەپێنێت، لەو نێوەدا کەڵک لەنارەزایەتی خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و قڵشتی نیوان دەسەڵات و خەڵکی کوردستان وەردەگرێت.

ئەوەی کە گرنگە، کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا چ لە عێراق و چ لە کوردستان، لەلایەن خەڵکی ئازادیخواز و هوشیاری سەرتاسەری عێراق و کوردستانەوە، هەنگاوێکی ئیجابییە بەرووی دۆخی سیاسی عێراق و کوردستاندا. هیچ کەسێکی هوشیار و ئازادیخواز لەگەڵ بوونی هیزی سەربازی و دەستوەردانی دەرەکی و پیشلکردنی ئیرادەی سیاسی چینی کرێکار و خەڵکی بەشمەینەتدا نییە...

خەڵكی ئازادیخوازی عێراق و کوردستان، لە دۆخێکی ئارامتردا بەبێ پاساوی هەرەشەی ئەمنی، بوونی هێزی دەرەکی، یان پاساوی هیزە میلیشییایەکان" بەرەی مقاوەمە"، دەتوانن خەباتی خۆیان لەدژی دەسەڵاتی بۆرژوازی عەرەب و کورد لێک هەڵپێکن.

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی کە ناکۆکی و نەفرەتێکی قوڵیان لەدەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیایی و حزبی جووت بنەماڵەی پارتی و یەکێتی هەیە، نابێ هیچ خۆشباوەریەکیان بەدەسەڵاتی قەومی و تایفی و مەزهەبی عێراق هەبێت، کە ژیان و گوزەران و ئایندەی خەڵکی کوردستان بەرەوباشی ببات. کارنامەو پەرێزی دەسەڵاتی ناسیونالیستی و تایفی ئیسلامی عێراق، پاکتر لەهی بزوتنەوەی کوردایەتی نییە. بۆیە چۆن دەبێ دژی بوونی هێز و دەستێوەردانی دەرەکی بن، ئاواش ئەرکیانە بەدژی هەژموون و باڵادەستی دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر هەرێمدا پشت بە هێزی رێکخراو یەکگرتووی خۆیان ببەستن و ئامادەی پڕ کردنەوەی هەر بۆشاییەکی ئەمنی بن کەبەهۆی ئاڵوگۆرکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی پێکهاتووە و پێک دێت. وە پێویستە دژی گێرانەوەی هەژموونی سیاسی و دەسەڵاتی ناوەندی بن بەسەر هەرێمدا، ئەوە چ لەلایەن دەوڵەتی مەرکەزییەوە بەڕێوەبچێت یان بە سازش و تیکەڵ بوونەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیدا...     

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×