خۆپیشاندانەکەی دهۆک ئەم هەمو شێرو ڕێوی‌و تۆمەت بەخشینەوەی ناوێت؟!

ئەبوبەكر هەڵەدنی
  2020-05-19     743
(ئێوەی دەسەڵاتدار حەزتان لەپارە و قووتی ئەم خەڵکە هەژارەیە، بەڵام مەیلێکتان بۆ خزمەتکردنی ئەم بەندانەی خودا نییە)
گەورەمان حەزرەتی عیسای کوڕی مەریەم

ئەوەی لەدهۆک روویدا،دەربڕینی هەستی پەنگخواردووی هاونیشتیمانیە هەناسەساردەکانی ئەم ووڵاتەیە بە کاسبکارومامۆستا وچالاکی مەدەنی وپەرلەمانتاریشەوە.
بەشداربوونی ئەندام وکادیری حزبەکان نەک هەر نەنگی نیە بەڵکو ئەوە پێوەری حزبی زیندوە،کەحزب خانەی دەستەمۆ کردن ومەیدانی کڕین وفرۆشتنی کۆیلەکان نی یە،بەڵکو حزب (فێرگەی هۆشیار کردنەوەی ڕۆڵەکانی گەلە)و ئیشی کادیری حزب چیە گەر هەڵگر وگەیەنەر وبەشداری خەمی جەماوەر نەبێت.
مەگەر ئەندام وکادیری حزبەکان ڕۆڵەی ئەم گەل ونیشتیمانە و پێکهێنەری کۆمەڵگاکەی نین ولەهەسارەیەکی تر هاتوون و دەژین.
خۆپیشاندان وگردبونەوەیەکی یەک سەعاتی ئەم هەموو فۆبیاو ترس ودڵە ڕاوکەی بۆ چیە،،دوسەدو پەنجا کەس کەداوای نان وماف وبژێوی خۆیان یان هی خەڵکێکی دی دەکەن ئەوە دەهێنێ یەک بەیەک مەلەفیان بۆبکەنەوەو بە هەواڵدەرو کامێراکانی چاودێری کونیەیان دەربێنن،،
هەڤاڵان ئێمە لە مێژە دەزانین کە یەک بەیەکمان ناوو مەلەفمان لای دەزگا هەواڵگیریەکانتانە،،پێتان وانەبێ خەڵک لەو شتانە بترسن،،،مردنێکی هێواش وزەلیلی لەبەردەم ماڵ ومنداڵ وقەرزاری خاوەن خانوو و دوکان وموەلیدە وعیادەی دکتۆر چی لەمردنی کتوپڕ و خێرا کەمترە.
لەجیاتی ئەم هەموو شێرو ڕێوی هێنانەوەیە چاکسازی بکەن(کەبەش بەحاڵی خۆم پێم ئەستەمە ئەم دەسەڵاتدارانە ویستی چاکسازیان هەبێت) و بیانووی جەماوەری ناڕازی ببڕن وموچە لەکاتی خۆی بدەن،،،هەرحزبەتان دوو ملیار دۆلاری کۆمۆمپانیا حزبیەکانتان بهێنن گرفتی ئەم چەند مانگەی ساڵی پێ چارەسەر دەکەن.
سەیرە خۆپیشاندەرێکی ئاشتیخواز بەکەلەبچە لەدەست کرد ن وەڵام بدرێتەوە و بەتێکدەر پێناسە بکرێن .

لەهەرێمە وە بەرپرسە حزبی وحکومیە باڵاکان پەیام بۆ بەغداد دەنێرن توندوتیژ نەبن لەگەڵ خۆپیشاندەر کەچی لای خۆمان خراپتریان پێدەکرێت.
دڵنیابن ناڕەزایی سەرتاسەری هاوڵاتیانی کوردستان بە هەموو ڕەنگە جیاوازو توێژە جۆربەجۆرەکانەوە بۆ موچە وکەرامەت وشەفافیەت و دادپەروەری ڕاناگیرێت بگرە فراوانتر وبەگوڕ تر و بەتینتر دەبێت.
ئەوە ئێوەی دەسەڵاتدارن دەبێ گوێ تان بکەنەوە بۆ هاواری خەڵکی بەشمەینەت نەک بەخەڵک بڵێن دەمتان داخەن.
ئەوەی دەبێ سنووری بۆ دابنرێ وکۆتایی پێ بهێنرێ سیناریۆ ئامادەکراوو بەڵێنە بێ کردارەکانی ئێوەیە،،بەهەدەردانی سامانی گشتی وقۆرخکاری ئێوەیە،،بێباکی وبێمەنتی وگوێ پێنەدانی ئێوەیە، پەنابردن بۆ زیندان و کەلەبچە و فیشەکی ئێوەیە، سیاسەتی قەیران دروست کردن وسەرقاڵکردنی خەڵکە بەشتە لاوەکیەکانەوە.
تا کێشەو قەیران وبێ نانی وبێ موچەیی وناعەدالەتی و جیاوازی چینایەتی هەبێت ناڕەزایی وخۆپیشاندان وگردبوونەوەهەر دەمێنێت.

ئەبوبەکر هەڵەدنی
١٨ی ەی ٢٠٢٠

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×