بۆکاک هێمن هەورامی.. فراکسیۆنی یەکگرتوو گۆشتی لاچەپەری ناوێ؟!
ئەبوبەكر هەڵەدنی
2019-12-31   1500
خۆزگە جارێک لەم خولە بم دیبایە وەک پیاوی دەوڵەت ،وەک دەستەی سەرۆکایەتی بێلایەن بجوڵایتایەوە، بریا وەک جەوهەر نامقی ڕەحمەتی وکاک جەعفەر ئیمێنکی وکەمال کەرکوکی مامەڵەت لەگەڵ کورسیەکەت دەکرد کەتۆ جێگری سەرۆکی پارلەمانیت ،کەچی هێشتا لەقۆزاخەی تونێڵی حزبەوە خەریکی هەناسە بڕكێیت.
کاکە هێمن جارێ یەکگرتوو یان ڕاستر بڵێم( لیستی بەرەو ئیسڵاح)حەفتاو نۆ هەزار دەنگی هێناوە،،کەس خێری پێ ناکات لەناو نۆزدە لیژنە ی پارلەمان لیژنەیەکی لاوەکی پێ درابێت.
لیژنەی کاروباری پەرلەمان نەک هەستیارترین لیژنەی پەرلەمان نیە،بەڵکو لیژنەیەکی لاوازە، هیچ تەماس وپەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بەخەڵکەوە نیە،،مامەڵە دەکات لەگەڵ سەدو یانزە ئەندام پەرلەمان ونزیکەی چوارسەد فەرمانبەری پەرلەمان.
لەووڵاتانی دیموکراسی وخاوەن دام ودەزگا ئۆپۆزسیۆن لەڕوانگەی پێگەو پێویستیەکەی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت نەک لەروانگەی ژمارەی کورسیەکانی ،بۆیە لەو ووڵاتە خواپێداوانە ئۆپۆزسیۆن لەناودەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ولیژنە سەرەکیەکانی پەرلەمان جێگەو رۆڵی چەسپێنراوە،کەچی لای جەنابتان ئۆپۆزسیۆن لەڕوانگەی(ئەوەی ناکوڵێ ،دایبنێن بۆ پورە گوڵێ) مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
من وەک ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بەفراکسیۆنەکەم دەڵێم هەرچی زووە دەبێت ئەو (دەست ودیاریە)گرانبەهایەی جەنابت رەت بکەینەوەوپیرۆزی خۆتانی بکەین،بەڵام دەبێت لیژنەکە ئەو بەهەدەردانەی سامانی گشتی بۆخەڵک ڕوون بکەنەوە کەلە نۆژەن کردنەوەی سەدو یانزە خانوەکەی پەرلەمانتاران ودەستەی سەرۆکایەتی وئۆفیسەکانی ناو پەرلەمان خەرج کراون .
ئەوە پاداشتی هەڵوێستەکانی یەکگرتومان وەرگرتەوە چی نەما بۆیەکڕیزی وئاشتەوایی نیشتیمانی نەیکات هەر لەکۆبونەوەی نۆزدەی ئاب(بریائەوکۆبونەوە بکرابایاو بەندە یەکێک بومایە لەقوربانی دەستی بەڵتەجیەکان)وکاراکردنەوەی پارلەمان وپشتیوانی ڕیفراندۆم وبەشداری لەمەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم ..هتد.تازە بەتازە تۆ دێی لیژنەیەک کە کەس پێی ڕازی نەبوە بەچاومانی دا دەدەیەوە وەک ئەوەی هەنگت لەداردا دۆزیبێتەوە.
کاکە هێمن خۆت باش ئەو راستیە دەزانی کە پێنج پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی یەکگرتوو،لە دڵسۆزترین وپاکترین و لێهاتووترین وئەکتیڤ ترینی پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمانن،بەبێ سەرۆکایەتی لیژنەش ئەرکی پەرلەمانی ولێپرسراوێتی خۆیان بەرامبەر خوا وخەلکی خۆیان بەباشترین شێوە ئەنجام دەدەن وسوێندەکەمان ناشكینن،بۆیە هیوادارم فراکسیۆن دەستبەرداری ئەولیژنە موهیمە ببن وپێشکەشی خۆتانی بکەنەوە.