بۆ مامۆستا موحسین كۆچیدوایی كرد؟
مامۆستا جەعفەر
2021-12-03   1130
ئەمە سروشتی ژیانە : یەكێك لە دایك دەبێت و یەكێك كۆچیدوایی دەكات. لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا بە شێوەیەكی زانستی ، بەوردی، هەردووكی لە بەرچاو دەگییرێت: ژمارەیەك مناڵ بە گۆجی یان نەبەكامی لەدایكبوون ، پەرلەمان و دادگا و حكومەت دەكەونە گەڕان و پشكنین و لێپێچینەوە، چاویان نانوقێنن و رەگ و ریشەی كارەساتەكە دەدۆزنەوە . ئەگەر چەند كەسێكیش لەشوێنێك ، لەسۆنگەی هەڵەی پزیشكی یان پێدانی دەرمانێك ، كاریگەری لاوەكی زیان بەخشی هەبێت ، ژمارەیەك قوربانی لێ بكەوێتەوە ئەوە میدیاكانی ئەو وڵاتە ، دەرگای دۆزەخ بۆ بەرپرسی پڕۆژە لارولەوێرەكان دەخەنە سەر پشت.
مامۆستا موحسین، مانگی حوزەیران ڤاكسینی وەردەگرێت بە حیساب، ئەوانە ڤاكسین وەردەگرن، ئەگەری مردنی لەسەریان كەمترە. ئەو رۆژەی بیستم بۆ نەخۆشخانەیەك برابوو ، تلیفۆنم بۆ كاك عیماد ئەحمەد كرد. راشكاوانە پێمگوت: هەر نەخۆشێك چووبێتە ئەوێ بە زیندوویەتی نەهاتۆتە دەرەوە.. ناوی چەند كەسێكیشم هێنا....
لە وڵاتانی پێشكەوتوودا، رووداوی وا رووبدات ، ئەو گەلە دەڕژێتە سەر شەقامە گڕگرتووەكان . لێرە، ئەو شوێنانەی لە ماوەیەكی كورتدا، توانیان پارەیەكی زۆر بە تاڵانی و قاچ وقوچ خڕبكەنەوە ، خەڵات دەكرێن .. پەرلەمانی داماویش باوێشك دەدات و مێش لە خۆی ناكاتەوە. گوایە : كاری پەرلەمان بریتیە لە قانون دەركردنبۆ بڕینی دەرماڵە و مووچە و كێشەی گومركەكان ..
خزمێكم (ع. ح. ا) ، كە پیاوێكی نەخوێندەوارە ، لە هەمان ماوەدا ، بە توندی تووشی كرۆنا هات. ویستیان بۆ نەخۆشخانەی بەرن ، نەیهێشت بیبەن و گوتی : خوشكەكەم مانگی پێشوو ، تووشی كرۆنا هات و لەو نەخۆشخانەیە ، بە زیندوویەتی نەگەڕایەوە! ئەگەر مردم با لە ماڵەوە بمرم.. ئەم خزم و هاوڕیەم ، پاش ململانێیەكی سەخت لەگەڵ پەتای كرۆنادا ، بە سێ هەفتە ، بە تەواوی چاك بووەوە. كەچی مامۆستا موحسین نەگەڕایەوە ..
كەسێك بە پەتای كرۆنا نەخۆش كەوت، ئەگەر بۆ نەخۆشخانە نەچێت ، بەیەك هەفتە چاك دەبێتەوە ، بە گوێرەی ئەزموونی دكتۆرێكی سویسری ! چارەنووسی زۆربەی ئەوانەی بەرەو نەخۆشخانە ئێرە، ملیان ناوە، ئەنجامەكەی رێك پێچەوانەوەی چاوەڕوانی نەخۆش و كەس و كاریان بووە.
پەرلەمانی كوردستان پێویستە بەرانبەر زنجیرەی مردن و رووتاندنەوەی مادی ومەعنەوی نەخۆشەكانی كرۆنا ، چیدی بێدەنگی هەڵنەبژێرێت . میدیای كوردیش دەبێ هەوڵبدات پتر تیشك بخاتە سەر ئەم كەیسە دڵتەزێنە. دەبێ ئەم جەرگ سووتانە بەردەوامە كۆتایی بۆ دابنرێت..