دەربارەی چەمكی: بڕیاریپێشەكیدراو

مامۆستا جەعفەر
  2021-12-01     594

بڕیاریپێشەكیدراو : چەمكێكی سیاسی و كۆمەڵایتیە نوێیە ، مەبەست لێی ئەو بڕیارانەیە ، بەبێ لێكدانەوە و لێپێچینەوە و شیكاری دەدرێت لە زمانی ئینگلیزی دا  پێی دەگوترێتpre, judgmen لە زمانی ئەڵمانیش  پێی دەگوترێت : Vorurteile  تۆ حوكمێك دەدەیت،  هەر لە بەر ئەوەی  لە كەسێكی هاوبیر  و هاوتێگەیشتنی خۆت بیستووتە: رۆستەم نێر نییە ، ئیدی تۆش لە هەموو شوێنێكدا  نیشانەی پرسیار  دەخەیتە سەر نێرایەتی رۆستەمی زاڵ!

بڕیارەكە لەناو كۆڕ و كۆمەڵ پێشەكی ئامادەكراوە ، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەقڵ و مەنتق و لۆژیك . هەر بۆ نمونە:  لەسەردەمی نازییەكاندا هەموو ”جوو” ەكان  بە  ” تاوانبار ” و شایانی كوشتن و لەناوبردن دادەنران ، بەبێ ئەوەی شتێكیان كردبێت ، كە بۆنی  خیانەت و ناپاكی لێوە بێت ..

لای خۆشمان خەڵك لەسەر بنەمای سۆز، خەڵك حوكمێكی كوێرانە دەدات، لەبەر ئەوەی كەسێكی خۆشدەوێت یان كەسێكی خۆشناوێت ، ئێدی شمشێری حوكمی ناڕەوا ملان دەپەڕێنێت..

بڕیاریپێشەكیدراو  ، هەمیشە لە بۆسەدایە بەرانبەر هەندێ كەس و دەستە. ئەو كەسە گوتی:  ماست سپییە! هەزاران كەس  سوێند دەخۆن ماستی سپی لە هیچ شوێنێك بەرچاو ناكەوێت! كێشەكە پەیوەندی بە پەیكەری  راستی و ناڕاستیەوە نییە. گروپی بڕیاریپێشەكیدراو  كەمینی چڕی بۆ  گروپ و كەسی بەرانبەر  داناوە.

هەرچۆنێك ببزوێت ، لە هەر چوار لاوە ئاگر باران دەكرێت.ناوڕۆك و فەلسەفەی  گوتار و لێدوانەكە لە تای تەرازوو دانانرێت.ئەو كەسە ناوی (ا)  یان (ب) یە ، سەر بەكام گروپە !

جارێكیان مەلا بەختیار لە  گفتۆگۆیەكی تلیفزیۆنیدا گوتبوی : لە گوندێك بوین (٢٢) هەلیكۆپتەر پەلاماری داین. هەڵایەك دروست بوو ، تا ئەمڕۆش وەكو بنێشتە خۆشەی لێ هاتووە. مەلا بەختیار باسی ئەفغانستانیش بكات، بەری ئەو دیوی چەند كۆمێنتەكی سارد و سڕ دەنووسن.

من لەچەند گفتۆگۆیەكی تلیفزیۆنی و لە كتێبی (بە خەونی گەورەوە كەوتینە رێ ) باسی شەڕی میریاسی خوارووم كردووە ، كە لە  ١٩٧٨/٣/٢ روویداوە و ناوی زۆربەی ئەو پێشمەرگانەم نووسیووە ، كە لە شەڕەكەدا بەشدار بوون وەكو: ئازادی سەگرمە، دلێری سەید مەجید ، سامان گەرمیانی ، ئاوات قارەمانی، فەرید ئەسەسەرد،  ...تاد. من ئەو چركەیە ، لەبناری شاخی زەردەدا  بووم . پێشمەرگەكان (٣٥) هەلیكۆپتەریان بە ئاسمانەوە ژمارد.

كەس نیشانەی پرسیاری نەخستە سەر لێدوانەكەی من  وكەسیش داوای بەڵگە و شایەتی لێ نەكردم. كەواتە: بابەت وراستی و رووداو لای ئەو گروپە گرنگ  نییە .

كێ ئەو  وشەیە لە زاری دەرچوو؟  ئەم گێڕانەوەیە خزمەتی پڕۆژەی لێدان و ناوزڕاندن  دەكات؟  
كەسێك بتوانێ  سەرجەم  ئەو (٣٥)فڕۆكەوانە لە تەلاری هونەر كۆبكاتەوە،  بە مەرجێ ئەو كەسانە لە گروپی  بڕیاریپێشەكیدراو  بن ، هەموویان شایەتی بدەن : سوێند دەخۆین : بەڵێ رۆژی ١٩٧٨/٣/٢ ئێمە پەلاماری پێشمەرگەكانی قەرەداخمان دا. 
نە قسەی ئەم (٣٥) فڕۆكەوانە  و نە قسەی سەد جووتیاری قەرەداخ وبەڵگەكانی سوپای عێراق كاریگەریان لەسەر ئاسۆی بیركردنەوەی  ئەو گروپە دەبێت....

لە ئۆروپای  ئەمڕۆ دا ، گروپی راسیست (رەگەزپەرست) هەن، ئەوان هەموو قژڕەشێك بە بێ ئەقڵ ، گەمژە، نەزان و گومانلێكراو تێدەگەن. ئەمە هەمووی پەیوەندی بە ئاستی فەرهەنگی و كولتورییەوە هەیە و رەنگە ئەو كەسانە نەتوانن لە نیوان قژڕەش و قژڕەشێكیتر جیاوازی بكەن. ئەمانە بە یەك شانە سەرەكان دادەهێنن و هەموویان یەك چاویلكەی رەش لە چاو دەكەن!


بڕیارەكە بڕیارەێكە و پێشەكی دراوە!

مامۆستا جەعفەر
٢٠٢١/١١/٣٠


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×