یەكێتی.. پاش بوومەلەرزەی هەڵبژاردن

مامۆستا جەعفەر
  2021-10-12     530
لەوڵاتە پێشكەوتووەكاندا، هێزە سیاسیە براوەو دۆڕاوەكان، پاش بڵاوبوونەوەی ئەنجامی دەنگدان، سەركردایەتی حزبەكان، كۆمسیۆنی تایبەت بەشیكاری خاڵە بەهێزو لاوازەكانی ئەو هێزە، دروست دەكەن..

هەر هێزێكی سیاسی ئامادە نەبێت بە چاوێكی رەخنەگرانەوە سەیری دەرئەنجامی هەڵبژاردن بكات، درەنگ بێت یان زوو ، گسكی رۆژگار بەرەو گۆشەی تاریكی بیرچوونەوە رایدەماڵێت .

هەر لێكۆڵەرێكی ئەكادیمی بێ لایەن  بیەوێت لەسەر پشك و رێژە و قورسایی  یەكێتی  بنووسێت، دەبێ چەند راستیەك لەبەرچاو  بگرێت:

 * یەكێتی پێش و پاش چوارەمین كۆنگرەی خۆی  بە زنجیرەیەك تەنگژەی زۆر سەخت و پڕوكێنەرو هەژێنەردا تێپەڕی 

* سكرتێری گشتی  كوت وپڕ نەخۆش كەوت و كۆچی دوایی  كرد

*سەركردایەتی ئەو كاتە لەبری  چارەسەر،  یان خۆیان لەبەرپرسیارێتی مێژوویی دەدزیەوە ، یان هەڕەشەی جیابوونەوەیان دەكرد و باری سەر شانی كادر و ئەندامەكانیان قورستر دەكرد ..

* بۆشایی سیاسی و فیكری و رێكخراوەیی پێش چوارەمین كۆنگرە ،  دەرگای بۆ ژمارەیەك خەڵكی بێ ئەزموون ، بێ باكگراوندی سیاسی و هەلپەرست  خستە سەرپشت . دەزگای هەوڵگری  ئاڕاستەی دیاری دەكرد ، كە دەبوایە  لەكارو باری حزبەوە دوور دوور بێت: 

بێگومان  دەبوایە  هێزی پێشمەرگە، ئاسایش، ...تاد. لەو دیوی دیوارەكانی حزبەوە  بەئەركی سەرشانیان هەستن. نەك ئەركی كۆنترۆل كردنی حزب  بە ئەركی پیرۆزی ژمارە یەكی خۆیان بزانن ..

یەكێتی  بەو هەموو برینە سەختانەوە ، رۆژی ٢٠٢١/١٠/١٠، توانی (١٧ ) كورسی  ئەنجومەنی نوێنەران بەغدا وەدەست  بهێنیت  ، ئەمە گەورەترین سەركەوتنە بۆ  ئەندام و لایەنگر و دەنگدەرانی ئەم حزبە ..

دیارە سەركردایەتی  نەیتوانی هەموو توانا و وزەی ئەندام و دۆست و لایەنگرە دڵشكاوەكانی بخاتە گەڕ.

دەمەوێ بە كورتی ئەوە بنووسم:  یەكێتی پێویستی  بە پێداچوونەوە   هەیە ،  بە:

-  بەرنامە و كارنامەی ئێستا و داهاتووی دەبێ گۆڕانی بەسەردا بێت

-  زەبروزەنگ  و توندوتیژی  لەناو رێزەكانی  یەكێتیدا  نەمێنێنێت : پرنسیپی دیالۆك و چارەسەری دیموكراسی و ئاشتییانە رەچاو بكرێت..

- حزب دەبێ لە بازاڕ  و قۆركاری دوور بگرێت..

-  قەوارە و هەیكەل  و شێوەی یەكێتی  بۆ دۆخی  ساڵی ١٩٧٥  بگۆڕدرێت: شێوەی بەرەیی یان نیمچە  بەرەیی بێت
- دەرگا لەسەر پشت بێت بۆ  تەیار و رێكخراوی دەستە خوشك یان هاورێباز  لە ناو یەكێتیدا كار بكەن ، با هەزاران گوڵ شانۆی سیاسی  بڕازێننەوە..

-  ئاشتكردنەوەی جەماوەری دڵسۆز و تووڕە

ئەگەر  هەر حزبێك گوێ  بە هەست و نەستی  جەماوەر  نەدات و تووڕەیی و بێزاری جەماوەر كاری تێنەكات  ، درەنگ بێت یان زوو ، جامی تووڕەیی ئاژین دەبێت.  جەماوەر دەتوانێت( كارتی سوور ) بۆ  ئەو لایەنە بەرز بكاتەوە  و ناچاری بكات لە یاری سیاسی بچێتە دەرەوە و كەسیش ناتوانێت فریای بكەوێت!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×