هەر حزبێك لەناو لولەی تفەنگی ژەنگاوی لەدایك بوبێت، بەلاتانەوە سەیر نەبێت
ئەگەر كێشەیەكی بۆ دروستبو، بە لولەی تفەنگ و ئەقڵی خولەپیزەو خولە سەلكەو مەلا كەتانە
كێشەكە چارەسەر بكات.
كێش و قورسایی سەركردە باڵاو بڕیار
بەدەستەكان، تەرازوی تفەنگ دیاری دەكا. ئەو پێوەرو تەرازوە بە تیۆری قورس بۆ زەوی
و سوك بۆ ئاسمان نابزوێت. رێك بە پێچەوانەوە: سوك بۆ زەوی و قورس بۆ ئاسمان: ئەوانەی تفەنگی زۆر لە پشت سەریانەوە دەبینرێت،
تەنیا ئەوانە لە پێشەوەن، ئەهلی قەڵەم و ئەهلی تەقەڵ ئەوە با هەر سیر بخۆن و زوڕنا
لێ بدەن.
سەردەمی جیهانگیری و شۆڕشی دوەمی تێلەكۆمۆنیكێشن، لۆژیكی لولەی تفەنگی بۆ
ناو ئەشكەوتە تاریك و نوتەكەكانی رابردو توڕ داوە. لولەی تفەنگ، زمانێكی لاڵەو
ناتوانێت هیچ كەشتییەك بەسەلامەتی لەناو دەریای بێ ئامانی پڕ شەپۆلانی بەرژەوەندی
باڵای نێودەوڵەتی دەرباز بكات.
چەك و بەكارهێنانی زەبروزەنگ دەبێ وەكو دوا ئامراز: دوا رێگا، دوا چارەسەری
ناچاری بیری لێ بكرێتەوە: ئەمە بەلاتینی و زمانی قانون پێی دەگوترێت: ئولتیما راتسیۆ Ultima ratio هیچ چارەسەرێكی دی لە لایەن دەسەڵاتەوە نەمایەوە، ئەو
كاتە ئاماژە بۆ بەكارهێنانی هێزی چەكدار دەكرێت.
حزبی مۆدیرن، ئەو حزبەیە رێگەنادات هێزی چەكدارو دەزگای هەوڵگری دەست بەسەر
حزبدا بگرێت! هێزی چەكدارو دەزگای هەوڵگری دەستی بەسەر حزبدا گرت، ئەو حزبە دەپوكێتەوە.
حزب بریتییە لە بیروباوەڕ. حزبی بێ بیروباوەڕ كەلاوەیەكی بێ رۆح و گیانە. پارە بەشێوەیەكی
كاتی لەسەر قاچ رایگرتوە.
لەناو كۆمەڵی ئێستای ئێمەدا لەسەر كەڵەشێرێك، نێرەكەرێك، دەنكە زەنگیانەیەك
"ئیعلانی حەرب" دەكرێت، بە قسەی شێخ رەزا، هێز دەجوڵێنرێت.
ئەركی رۆشنبیرانی گەلی كورد ئەوەیە،
گۆشەنیگایان لە سێبەری تفەنگە ژەنگاوییەكان
دوربخەنەوە، لە گۆشەیەكی مۆدیرنەوە سەیری شتەكان بكەن. ئەمە سەركەوتنێكی گەورەیە نەك
سێڵفیەك لەگەڵ فڵانە بەرپرس بگیرێت.