‌عەبدی تورکان‌و عەبدیی کوردان

مەزن عوسمان
  2025-02-18     283

دەزولەی عەبدبوون، وەک ئارکیۆلۆجیستەکان شەنوکەوی دەکەن، بەرینترە لە مێژووی نوسراو، وێدەچی هاوتەریب بێت لەگەڵ کۆمۆنە سەرەتاییەکان. کۆدەکانی حامورابی لە ١٧٥٠ی پێش زایین، پشتڕاستی بوونی عەبد دەکاتەوە.* ئەوەی جێی پڕینگانەوەیە، ڕیشاڵەکانی ئەم مۆدێلە لە عەبدی، بەردەوامی هەیە بە ئیفتخارێکی شێوە مەسینەیی فرە ڕەنگ، هەر لە زەردەوە تا سەوز.

عەبدی تورکان لەباشورو عەبدیی کوردان لەڕۆژئاوا لەفۆرمی مۆرفۆلۆجیدا هاوبەرن، بەڵام تیرمی مۆراڵدا دژبەر. عەبدی تورکان حەزیان لە بچوکییە، گەرەکاینە وەک ختکی بەر ئاگردان بەردەوام یەکێک دەستیان بەسەردابێنێت، مەبەستیانە کورسییە چوارپێیەکانیان شکاوبێت لەحزور سوڵتاندا، دڵیان بە بۆینباخی سورەوەیە، پڕبەدڵ هەوڵ دەدەن ڕەنگی قەڵاکەیان سور بکەن وەک شەوانی سوری قەرییەکانیان. دەنازن بەوەی کە قارداش‌و قاوەچییەکان کەوا سوری بەرلەشکریان بێت، عەبدی تورکان ئەوەندە زەلیلن، بەخاکەکەیان دەڵێن باکوری عێراق. دەرگای موحیبەت لەسەر براکانیان دادەخەن، بەفەرمانی خەلیفە مامەڵە لەگەڵ هاوزمانەکانیان دەکەن. عەبدی تورکان لەبڵنگۆکانەوە دەلورێنن‌و دەڵێن عەبدیی کوردان نوێنەرایەتی بارۆس ناکات. ئەوان لە شەنگال ‌غەنیمە دەدەنە ئیماندارەکانی سوڵتان. ئەوان عەبدن، بەڵام لەقات‌و چاکەتی خوارو فرۆکەی تایبەتدا، مەیلیان لە شەق وەشاندن‌و ئەتککردنە لەتەبیعەتدا. ئەمجۆرە مەخولقانە باسی ئازادی، ژن، دێموکراسی‌و ئایین دەکەن، بەڵام لەمەیدانی عەمەلدا شەبیحەیان پێوەدەنێن. چاوی ڕاستی درۆنن‌، تیرۆرن. لەدەوەرەی سنورەکانی خۆیان غوڵامن، کا‌‌ڵ‌فامن. عەبدی تورکان زاڵمە‌و جیفڕک لە مەزڵوم دەدات.

کەچی؛عەبدیی کوردان، خۆرێکە لە خۆرائاوا، ئیرادەیە، بەرخۆدانە، چرای ئومێدە لەدڵی تاریکیدا، سۆزیان داوە، گەڵای دار دەخۆن، بەڵام تەنازول ناکەن بۆ دەرگا داخراوەکەی فیشخاپوری خەلیفە. عەبدی کوردان، دەمرێت بەڵام لەقاپی سوڵتان ناوەستێت، جەنگ بۆ ئازادی دەکەن، لەدەرەوەی ڕەگەزو نەتەوەو ڕەنگ‌و دین‌و عەقیدە، ئەوان شکانی ئەخلاق وەک شکانی گەلانی ناوچەکە دەبینن. عەبدیی کوردان‌و شکۆمەندییەکەی، غەرب‌و زلهێزی پەلکێش کردووەتە بەر هەیوانەکەی خۆی. ئەوان عیلاجی کوردبوون‌و مرڤ‌بوونیان داوەتە کۆڵ مەبەستیانە بیگەیەنن. عەبدیی کوردان، حەکیمە، پەنجە ڕاناوەشێنی‌و هەندی حساب بۆ ئەوانی دی دەکات، ئەو لەخواری شامدا دەیهەوێت ڕاستە ڕیگاکان بدۆزێتەوە، ڕقی لەخوارییە، جا جل بێت یان جادە. عەبدیی کوردان مەزڵومەو هەناوی زاڵم دەخات.

 * Harper, R. F. (1904). The Code of Hammurabi. University of Chicago Press.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×