ئەم پرسیارانە لەلایەن (جوتیار حەسەن) ەوە کە خۆی وەک هاوڵاتیەکی شاری کەلار ناساند ئاراستەم کرا. کاک جوتیار ئەم پرسیارانەی لە ئەنجامی خوێندنەوەی کتێبی (فرەیی جیهانبینیەکان و خوێندنەوە فەلسەفیە-سیاسیەکان) لا دروستبووە و وەک خوێنەرێکی جیددی بەدووی وەڵامی زیاترەوە بوو. پاش خوێندنەوەی پرسیارەکان، پێموابوو کە ئەمانە پرسیارگەلێکی گەوهەریی و گرنگن کە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا بە گەرمی خوازیاری وەڵام و هەڵوەستەکردنن. لێرەوە گفتوگۆیەکمان سازکرد بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و ئەمەش دەقی گفتوگۆکەیە.
چۆن بتوانین ئیراده له‌ناو تاكى كورددا بونیاد بنێینه‌وه؟
بێگومان كاتێك قسه له‌سه‌ر ئیراده ده‌كه‌ین، دیاره ئەمڕۆ قسه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئیراده ده‌كرێ، له دنیاى سیاسى كوردستاندا به‌تایبه‌تى له نوسینی سیاسى و هه‌روه‌ها له میدیاى كوردستاندا قسه‌یه‌كى زۆر له‌سه‌ر ئیراده ده‌كرێ، به‌ڵام كاتێک قسه له‌سه‌ر ئیراده ده‌كه‌ین هەمیشە ئەوە دەوترێت كه خه‌ڵك یان زۆرێك له هێزه‌كان خاوه‌ن ئیراده نین. من پێموایە كۆمه‌ڵێك گرفت و ته‌مومژ له‌م به‌كارهێنانه‌دا هه‌یە کاتێک قسە لەسەر مه‌سه‌له‌ى ئیراده‌ى خه‌ڵك دەکرێت، من پێموانیە خه‌ڵك بێئیراده بێت.
ئه‌مه‌ش له‌وێوه ده‌رده‌كه‌وێ کە له‌ماوه‌ى ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، واتا ئەگه‌ر له ڕاپه‌ڕینى ١٩٩١ ەوە باسى بكه‌ین، خه‌ڵك به‌رده‌وام ناڕه‌زایەتی دەربڕیوە و ده‌نگی خۆى به‌رزكردۆته‌وه دژ به‌و ناعه‌داله‌تى و نایه‌كسانى و دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتیە دزێوەکان، چونکە کۆمەڵگە پێیوابووه ده‌سه‌ڵاتی سیاسى كوردستان به جۆرێكى خراپ سیستمی سیاسی بەکاردەهێنێت یان به جۆرێكى خراپ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رتاپاى كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌یرێكى ئه‌و ڕابردووه بكه‌ین كه له ٩١ وه‌یه، ده‌بینین كه له مێژووى سیاسى كوردستاندا هاوڵاتیانی کوردستان ئیراده‌یه‌كى گه‌وره‌یان پیشانداوه بۆ باشتركردنی دۆخی ژیانیان، واتە چاکترکردنی دۆخى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوریان. هاتنه سه‌ر شه‌قام له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه بۆ خۆى جۆرێكه له دەرخستن و کردەیەکی سیاسی کە لە ئەنجامی بوونی ئیراده و بیرکردنەوەیەکی گشتی و رێکخراوەوە دێت كه داواى چاككردن و گۆڕین ده‌كات.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر من لێرەدا جیاوازیەک دروستبكه‌م له نێوان ئه‌و قۆناغی بیرکردنەوە و فۆرمی ئیرادەیەی كه له پێش دروستبوونى حوکمڕانی سیاسى كوردییه‌وه هەیە و ئەو دۆخەی پاش گرتنەدەستی حوکمڕانی لەلایەن ده‌سه‌ڵاتى سیاسى كوردیەوە دێتەکایەوە. قۆناغی یەکەم خۆی لەو هەڕەشە وجودیەدا دەبینێتەوە کە کورد وەک تاکەکەس و وەک نەتەوە رووبەڕووی شکاندنی کەرامەت و کوشتن و جینۆساید دەبێتەوە کە لەسەر دەستی رژێمی بەعس دەگاتە لوتکە. واتا ئێمه كاتێك باس له مرۆڤى كورد ئه‌كه‌ین ده‌بینین ئیراده‌ى مرۆڤى كورد له سه‌رده‌مێكدا جیاوازه له ئیراده‌ى له سه‌رده‌مێكی دیکەدا. واتا ئه‌گه‌ر سه‌یرى مێژوى بزوتنه‌وه‌ى كوردایه‌تى بكه‌ین، ئه‌وه‌ى كه ناوبراوه به كوردایه‌تى، هه‌ر له‌ناوەڕاستی چله‌كانه‌وه ته‌نانه‌ت هه‌ر له سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌وه، پاش یەکەم جەنگی جیهانی و دابەشکردنی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبینین ئه‌و ئیراده سیاسیەی كه مرۆڤى كورد هه‌یه‌تى ئیراده‌یه‌كه بۆ به‌رگرى و بۆ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و رژێمه سیاسیانه‌ی كه ژێردەستەیکردووە و چه‌وساندویه‌تیه‌وە. واتا له‌وێدا مرۆڤى كورد خاوەنی خەونێک و خەیاڵێکی سیاسیە و ئامانجێكى هه‌یه كه خه‌باتى بۆ ده‌كات، ئیراده‌یه‌كى هه‌یه بۆ خه‌باتكردن و ئاماده‌ى قوربانیدانه، ئاماده‌یه كه بچێته ناو كۆمه‌ڵێك مه‌ترسى گه‌وره‌وه و رووبەڕووی گرتن و ئەشکەنجە و کوشتن بووەتەوە لە پێناوی ئه‌وه‌ى كه بتوانێت دونیا بگۆڕێت. کۆمەڵێک لەو کەس و رۆشنبیرانەی كه به‌شداریان لەم کایە و کردە سیاسیەدا كردووه، لە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیایەکی وەک مارکسیزمدا بوون کە هەندێکجار ئاوێتەی کوردایەتی و ناسیۆنالیزم بوون و باوەڕیان بە خەباتکردن بۆ رزگاری گەلان هەبووە و کۆمۆنیزم وەک ئایدیاڵێک بۆ رێکخستنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و چینایەتیەکان بووەتە خەون و بەرنامەی کاری سیاسیان له شه‌ڕكردن دژی سیستمه‌كه‌دا یان له‌گه‌ڵ رژێمه سیاسیه‌كه‌دا. لێرەوە ویست و خەونی ئەم مرۆڤانە تا رادەیەک چووەتە دەرەوەی جوگرافیای خۆیان، کە ئیراده‌یه‌ك بووە بۆ بەشداریکردن لە خەباتی گەلانی ژێردەستەی دیکەدا لە پێناوی ئەوەی کە دنیایه‌كى باشتر بهێنێته كایه‌وه. ئێمه دەبێت ئه‌وه‌مان بیرنه‌چیت کاتێک، بۆ نمونە، له سه‌رده‌می به‌عسدا دەبینین گه‌نجانێكى زۆر له كۆمه‌لگەى كوردستاندا به جیاوازى چین و توێژه‌كانیه‌وه به ژن و پیاویه‌وه به‌شدارى له جۆرێك له شه‌ركردن دژی ئه‌و ڕژێمه دەکات، ئه‌مە بۆ خۆی ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەم مرۆڤانە وەک بوونەوەرێکی سیاسی هەڵگری ئیرادەیەکی گەورە بوون نەک هەر بۆمانه‌وه و بەرگریکردن، بەڵکو بۆ گۆڕینی ئه‌و دۆخه‌ى كه تیایدا ژیاون و كۆمه‌ڵگەى کوردستانی تیادا ژیاوه. لێرەدا من نامه‌وێ هەبوونی ئەم ئیراده‌یە لە بۆتەی حیزبه سیاسیه‌كاندا كورتبكه‌مه‌وه، بەڵکو بە پێچەوانەوە، کەسانێکی سەربەخۆش بوونیان هەبووە و بەشێک لەم مرۆڤانە وەک بوونەوەرێکی سیاسی بیریان کردۆتەوە و هەڵسوکەوتیان کردووە، واتە لە دەرەوەی ئینتیمای حیزبی و رێکخراوەییدا وەک کەسانێکی نیشتمانپەروەر و خاوەن ئایدۆلۆژیایەک جەنگاون و خاوەنی دوژمنێکی هاوبەش بوون کە رژێمە سیاسیەکە بووە و ئیرادەیەکی بەرەنگاری و كۆمه‌ڵێك ئامانج و خه‌ونى گه‌وره کۆیکردوونەتەوە.
بەڵام قۆناغی پاش ڕاپه‌ڕین قۆناغێکە کە گۆڕانکاری بەسەر بەشێک لەو خەسڵەت و تایبەتمەندیانەدا دێت کە فۆرمی ئەم ئیرادەیەیان دروستکردبوو، کە بریتین لە بوونی دوژمنێکی هاوبەش و خەونی گۆڕانێکی ریشەیی. لەم قۆناغەدا ئەم هەڕەشە وجودیە تا رادەیەک کەمدەکات و لە پاش روخانی سەدامەوە چیتر ئەم هەڕەشەیە بە پلەی یەکەم دەرناکەوێت. دیارە له سه‌ره‌تاى نه‌وه‌ده‌كانه‌وه ئه‌م ئیراده‌یه هێشتا به‌و كه‌ف و كوڵ و حه‌ماسه‌ته گه‌ورەیە‌وه توانیویه‌تى بمێنێته‌وه و کار بكات. بۆچى؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پێیوابووه كه گۆڕانێك دروست بووه و نه‌مانى ڕ‌ژێمى به‌عس له كوردستاندا و هاتنى ده‌سه‌ڵاتێكى ناوخۆیى كوردی بۆ سه‌ر سەکۆی حوكمڕانى ده‌بێته هۆى گۆڕانێكى باش و دروستبوونى ئه‌و واقیعه‌ى كه خه‌ونى پێوه بینیوه. گومانم نیە کە لەلای کەسانێکی زۆر و بەشێکی کۆمەڵگەی ئێمە و گەنجەکانمان ئه‌م ئیراده‌یه توانیویه‌تى به‌رده‌وامى به وزەی خۆى بدات و هێشتا ئامادەیە بۆ به‌رەنگاربوونەوەی دەسەڵات لە پێناوی بەدیهێنانی دنیایه‌كى باشتردا. به‌ڵام ئه‌وه‌ى وادەکات وەرچەرخانێک رووبدات و گرفتى گه‌وره دروست بكات بریتیە له له‌كه‌دار بوون و شكانى ئه‌م ئیراده‌یه لە ئەنجامی زاڵبوونی کولتورێکی حیزبگەرایەتی و پاوانخوازیی بۆ دەسەڵات و بردنی سامانی وڵات بۆ گیرفانی تایبەتی و کردنی نیشتمان بە شوێنێک بۆ سەپاندنی هەژموونی سیاسی ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى و پارتى، کە یەکێک لە وێنە ناشرینەکانی حوکمڕانیان نیشانی خەڵکی کوردستان دا. ئه‌مە دۆخێکی هێنایەکایەوە لە سەرەتادا کە ئیرادەیەکی جەماوەریی یەکگرتوو دروستنەبێت و ئەو کولتورە حیزبگەراییەی خۆی بەسەر سەرجەمی کۆمەڵگەدا سەپاندبوو، بووە هۆی په‌رتبوون و دابەشبوونی کۆمەڵگە بەسەر ئینتیمای حیزبی‌دا و دواتر ئەو ئیرادەیەی لە لای تاکی کورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمی رژێمی بەعس هەیبووە، دابەشدەبێت و چەند فۆرمێکی جیاواز وەردەگرێت.
لە پێش راپەڕیندا تەنانەت ئه‌گه‌ر کەسەکان سەر بە رەوتی جیاواز و ئینتیمایان بۆ حزبى جیاوازیش هەبوایە، به‌ڵام ئامانج و پرۆژەیەکی هاوبەش كۆى كردونه‌ته‌وه ئەویش خه‌ونى ئازادبوونی كوردستان له ژێر ده‌سته‌یی و فاشیزمی بەعس بووە. به‌ڵام كاتێك ده‌سه‌ڵاتى كوردى دێته کایەوە، کۆمەڵگە بە گشتی لە چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دا بووە كه له دۆخێكى باشتردا بژى بە تایبەتی لەسەر ئاستی یەکسانی ئابوریی و ئازادیە سیاسیەکاندا و لە چاوەڕوانی حوکمڕانیەکی وەهادا بوون کە دوو دنیای تەواو جیاواز لە نێوان نوخبەی دەسەڵاتدار و کۆمەڵگەدا دروستنەکات، کە بگاتە ئەو رادەیەی ئەم چینە دەسەڵاتدارە خۆیان دەبنە چینە دەوڵەمەند و سەرمایەدارە گەورەکانی کوردستان و نقومی گەندەڵیەکی تەواو کوشندە دەبن و کەلێنێکی گەورە لە نێوان خۆیان و کۆمەڵگەدا دروستدەکەن. بێگومان بە هەمان ئەندازە مرۆڤی کورد لە چاوەڕوانی ئەوەدا بووە خاوەنی ماف و ئازادیە سیاسی و تاکەکەسیەکان بێت و روبەڕووی لێدان و گرتن و کوشتن نەبێتەوە لەسەر رەخنەگرتن و قسەکردن و نارەزایەتی دەربڕین، کە هەر داواکردنی ئەم مافانە بووە لە سەردەمی بەعسدا سزای گەورەی بە دوای خۆیدا هێناوە. بەڵام شۆکە گەورەکە ئەوەیە کاتێک دەسەڵاتی کوردی شوێنی خۆی قایمدەکات، ئیتر نمونەیەکی دیکەی بەعسیزم بەرهەمدەهێنێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئیرادەیەکی بەهێز لای خەڵک هەیە بۆ گۆڕینی ئەم دۆخەی ئێستا. ئەگەر قسە لەسەر نەبوونی ئیراده دەکرێت بۆ گۆڕین و لابردنی ئەم سیستمەی ئێستا هەیە، ئەوا پێموایە ئەمە پتر پەیوەندی بە پەرتبوونی ئەم ئیرادەیەوە هەیە بەسەر گروپ و هێزی سیاسی جیاوازدا و تا رادەیەکی گەورە باوەڕ بە خۆبوون نەهێڵراوە.
کەواتە ئەگەر بێمە سەر پرسیارەکەت سه‌باره‌ت به‌وه‌ى چۆن بتوانین ئه‌م ئیراده‌یه دروستبكه‌ینه‌وه، له ڕاستیدا ئه‌م ئیراده‌ى به‌ره‌نگارییه بوونى هه‌یه و له‌ناونەچووە. هه‌ر وه‌ك سه‌ره‌تا ئاماژه‌م پێدا، لە کوردستاندا کۆمەڵێک خۆپیشاندانى زۆر روویداوە هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕى ناوخۆوە له ساڵى ١٩٩٤ دا. خه‌ڵكێكى زۆر ناڕازیبوو به‌رامبه‌ر به‌م دۆخى شه‌ڕە و ناڕەزایەتی کۆمەڵگەی بەدوای خۆیدا هێناوە. خه‌ڵك ئاماده‌بوو بێته سه‌ر شەقام و دژ به‌م شه‌ڕى ناوخۆیه ئاماده‌یی نیشان داوه ناره‌زایه‌تى ده‌رببڕێت له‌ڕێگه‌ى نوسین و رەخنەگرتنەوە بووبێت یان چالاکی راستەوخۆ و هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كانه‌وه بووبێت و لێرەشەوە ناڕەزایەتیەکان بەردەوامی هەبووە و دەیان خۆپیشاندان کراوە هەر لە نەوەتەکانەوە تا دەگاتە ١٧ ی شوبات و تا ئێستاش بەردەوامە.
ئه‌م ئیراده‌ى به‌ره‌نگاریی و بەرخۆدانە تا راده‌یه‌كی گەورە بوونى هه‌یه لەناو كۆمه‌ڵگەدا و ئێستا له دۆخێكدایه به‌ته‌واوى ناڕازییه له‌وه‌ى كه هه‌یه. چونكه پاش 30 ساڵ له حكومڕانى ده‌سه‌ڵاتى كوردى، خه‌ڵك پێیوایه له دۆخێكى خراپى ئازادییه‌كاندا ده‌ژى. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته كوردییه نه‌یتوانیوه له‌ماوه‌ى 30 ساڵی تەمەنی خۆیدا ده‌سه‌ڵاتێكى وا بهێنێتەکایەوە کە لانی کەمی بنەماکانی دادپەروەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریی بنیات‌بنێت. ئێمه ده‌بینین له ٢٠٢١ دا توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە خۆپیشاندان دەکەن له‌به‌ر نەبوونی كاره‌با و ئاو و کار و موچە، واتە پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه خه‌ڵك هێشتا داواى سه‌رەتایترین خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌كات. هەروەها کاتێک خوێندکاران دەڕژێنە سەر شەقامەکان هەر بۆ داواکردنی مافەکانی خۆیان نیە، بەڵکو بۆ دەرکردنی دەستی حیزب لەناو زانکۆکان و گەڕاندنەوەی شکۆی خوێندن و مەعریفەیە بۆ زانکۆکان، ئەمە بۆ خۆی ئاماژەیەکی گرنگە بۆ هۆشیاری خوێندکاران و گەنجان سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەم کردە سیاسیە. هەر لێرەوە پێموایە زۆرینەی تاکەکەسەکانی ناو کۆمەڵگە خاوەنی ئیرادەیەکی بەرەنگاریی ناڕازین به‌ڵام ئەمەش پێویستى به میتۆد و رێگاى جیاواز هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت ئه‌و دۆخه به‌ره‌و گۆڕین ببرێت.
دەبێت ئەوە بزانین کە گۆڕانکاری لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی پەیوەندی بە کۆمەڵێک فاکتەرەوە هەیە و بە تەنها لە ئیرادەی مرۆڤەکاندا کورتناکرێتەوە. بێگومان ئیرادەی تاکەکەسەکان یەکێکە لە رەگەزە گرنگەکانی هەر گۆڕانکاریەک، بەڵام کۆمەڵێک رەگەز و رەهەندی دیکەش هەن کە پێکەوە بنەماکانی ئەم پرۆسەی گۆڕانکاریە پێکدەهێنن، وەکو ویست و ئامادەگی و هوشیاری تاکەکەسەکان بۆ ئەنجامدانی کردەی سیاسی لەسەرەخۆ و درێژخایەن و بوونی دنیابینی و پرۆژەیەکی رادیکاڵ و رێکخراوەیبوون و هەروەها ئامادەبوونی دۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناجێگیر کە دەبێتەهۆی توندکردنەوەی ململانێکان.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی گفتوگۆکە کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە:
https://www.calameo.com/read/007012131b15b20453a8d
https://www.calameo.com/books/007012131b15b20453a8d