كورد تەنها یەك دۆستو پشتگیریی نێودەوڵەتی هەیە
محەمەد ڕەئوف
2019-07-19   1719
ئەوە قسەی چومسكیو كۆمەڵێك بیرمەندو مامۆستای زانكۆی ڕۆژئاواییە كە هەندێكیان لەزانكۆكانی كوردستان مامۆستابون، ئەم قسەیە زۆر ڕاستەو دڵسۆزانەشە، بزانین دەڵێن كێیە ئەو تەنها دۆستەی كورد، ئەو تەنها دۆستە كە دۆستە دورو نزیكەكانیشمان بۆ مسۆگەر دەكاتو دەمانبات بەرەو قۆناغی گەشەسەندن بریتیە لەئەزمونكردنی حوكمڕانیەكی باشو سەركەوتو.
ئەرێ هەر بەراست ڕۆژئاوا یان دراوسێ دورو نزیكەكان دۆستی وەك ئێمەیان بۆ چیە ئەگەر دەستكارییەكی خۆمان نەكەین؟
ڕۆژئاواییەكان بەتایبەت بیرمەندو ئاكادیمیەكانیان موجامەلە نازاننو خۆیان عەیبدار ناكەن، قەسەكەیان زۆر ڕاستە ئەگەر هەموو دونیا دۆستی ئێمە بێت ئەگەر حوكمڕانیەكی باش و دروست دادپەروەرو سیستماتكمان نەبێت و ئەگەر بەجورئەت و بەپلان دەست نەكات بەڕیشەكێشكردنی گەندەڵی ئەگەر خزمەتی هاوڵاتی نەكاتە ئامانج و وەزیرو پلەباڵاكانی نەبنە پیاوی دەوڵەت لەبری پیاوی حزب لەناوحكومەت، ئەگەر ئەم جۆرەحوكمڕانیە نەكرێتە ئەزمونێكی سەركەوتو ئەمریكاو ئەوروپاش لەگەڵمان بن و دۆستی ڕاستەقینەی بێ مەرامیشمان بن هەر دەڕوخێین.
چەند ساڵە دۆستەكان ئامۆژگاریمان دەكەن هەندێكیان بەپارەو هەنێكیان بەدۆستایەتی كە چاكسازی بكەین، هەمووشی نوسراوەو كراوە بەپرۆژەو دیكۆمێنت كراوە بەڵام هەرجارەی بەبیانویەك جێبەجێنەكراوە وەك پێویست، چەند ساڵە پێمان دەڵێن بەشی سێ دەوڵەت مووچەخۆرو ڕاوێژكارتان هەیەو هێشتا ڕۆتین و كاردواخستنو كارپەكخستنو فریانەكەوتنی ڕۆژانە دیاردەی كاروباری ڕۆژانەتانە، هێشتا بەردەوامن لەسەر تەرخانكردنی زۆرینەی بوجە بۆ بەكاربردنو كەمترینی بۆ ژێرخانو گەشەپێدان.
چیتر با فێر بین لەبری گلەیی لەدۆستان بەو تەنها دۆستەی خۆمان سەدان دۆست دروست بكەین
ئەوەشمان لەبیرنەچێت كەدۆستی نەوت و غاز تاهەزار ساڵی دیكەش هەردەمێنێ بەڵام هەركات لەنەوتەكەی ئێمە چەورتریان دەستكەوت دەست بەئێمەوە دەنێن و ئەوانیش هەقی خۆیانەو بزنس دەكەن،گلەییكردن و بۆڵەبۆڵكردن لەسیاسەت و ئیدارەی دەوڵەت و پەیوەندیە نێەدەڵەتیەكاندا بوونی نیەو كەس كاتی پێوە ناكوژێت ئێمەش دەمێكە فێری ئەوەبووین بۆ ئەوەی لە بەرپرسیارێتی گەورەی مێژوویی مەیدانی خۆمان دەربازكەین بەخەڵك و سەركردەو ئەحزابەوە كە لێمان دەقەومێت یان شكست دێنین یەكسەر ئەڵێین ئەمەریكاو ئینگلیزو زلهێزان خەتابارو بێ مۆراڵن دەی بافێربین جارێك جیاواز بیركەینەوەو كاربكەین و بڕیاربدەین تەنها یەك شت فریامان دەكەوێت ئەویش دەستكردن بەئەزمونكردنی حوكمڕانیەكی باش و هەنگاو بەهەنگاو سیستمێكی جوان بەپێوەرەكانی سەردەم دابمەزرێنین چیتر فێر بین لەبری گلەیی لەدۆستان بەو تەنها دۆستەی خۆمان سەدان دۆست دروست بكەین …