کام کۆنگرەو کام ناودار؟!

عەلی کەریمی
  2019-07-02     1397
لەژێر گوشاری کۆماری پەت‌و سێدارە، لەکاتێکدا رۆژانە سەری لاوان بەدارەوە دەکەن، کۆڵبەری برسی و هەژار بەشێستیرو قەناسی دەستی پاسداری دژە مرۆڤایەتی لەدوورەوە دەپێکن، لەکاتێکدا هەرچی نوخبەو ناودار بو بەدەستی مەلایان کوژراون و یان ئاوارەی وڵاتان بون، یان ئەوەتا بەشداری لەشەرعیتدانێکی تر بەکۆماری مەلایان ناکەن و لەماڵەوە دانیشتوون و پێ ناخەنە نمایشێکی مەسخەرەی لەم چەشنە، رێک لەکاتێکدا ئەم کۆمارە دەست بەخوێنە لەگیانەڵادایەو خەڵکەکەی شەوانە بەئاسودەیی سەرناخەنە سەر سەرین لەترسی هێرشی موشەکی ئەمریکا، جارێکی تر رێوی سفەتانی مەلای ئێران لەژێر ناوی "کۆنگرەی ناوداران" کۆمەڵیک مەلاو جاهل کۆدەکەنەوە بۆ شەرعییەتدان بەدرێژەدانی ژیانی پڕ لەشەرمەزاری و چەنگ بەخوێنیی چل ساڵی خۆیان.

بەدرێژایی ساڵانی ٧٠ و ٨٠ و ٩٠ ئێمەی شۆڕشگێران و پێشمەرگەی رۆژهەڵات تەنانەت لەژێر گوشاری بەعسیشدا نەچووین بۆ ئەم چەشنە فستیواڵ و کۆنگرانەی بەعس وەڕێی دەخست لەشارەکانی هەولیرو سلێمانی و برینی دڵی پڕ لەسۆی دایکانی شەهیدانی باشوری کوردستانمان نەدەکولاندەوە.

ئەمجورە کۆنگرانە زۆر مەسخەرەو مناڵانەیەو کاتەکەی هیچ گونجاو نەبو، تەنیا بۆ بەسوککردنی ئەم "ناودارانە"و شەرعییەتدان و رەوایی دان بەسیاسەتەکانی ئاخوندەکانی ئێرانە لەبەرامبەر ئەو هەموو فشارەی ئەمڕۆ کراوەتە سەری و ئاخر رۆژەکانی ژیانی پر لەجەورو جەفای تێدەپەڕێنێت!

ئەوان ئەمڕۆ لە ترسی خۆیان بە هەڕەشە بێ یان موفاوزات یان ئەم جۆرە کۆنگرانە و شوتی لەبن هەنگڵ نانە، گەرەکیانە دۆز و کێشەی رەوای گەلی کورد لە ئەگەری  شەڕ و لەناو چوونی خۆیان، بقۆزنەوە و بە لاڕێیدا بەرن و بە نیاز و خەون و خەیاڵی هێنانی کوردن بۆ بەرەی داروخاوی کۆماری پەت و سێدارە!
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×