"دەمانەوێت دەوڵەت بنیات بنێینەوە" ئەمە روانگەی ھاوپەیمانی كلیچدارئوغلۆیە بۆ پروسەی دوای ئەردوغان و ھەروەھاش نامەیەك بۆ ھاوڵاتیانی توركیا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. لە دوای بەھاری عەرەبی 2011 سیاسەتی دەرەوەی ئەردوغان بە چری كەوتوتە بەر رەخنەی بەشێكی گەورەی دژبەرانی ئەردوغان، و سیاسەتی ئەردوغان دژی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتی توركیا وێنەكراون. بنەمای ئەوەی "لە سیاسەتی دەرەوەدا دژایەتی دەسەڵات نییە" روانگەیەكی دیكەی لە سیاسەتی دەرەوە كە پێچەوانەوە ستراتێژی ئەردوغان تاكرەوانە ھەلسوكەوت دەكات و كردویەتی، كلیچدارئوغلو بە"دوای لێكتێگەیشتنی گشتی" لە گەڵ حزب و لایەنەكانی دیكەدا دەگەڕێت. لەم دەرگایەوە بۆچونی ئەوەیە سیاسەتی دەرەوە تەنیا پەیوەندی بەیەك كەس و مولكی لایەنێك نییە، ئەوە پرسێكی نەتەوەیی و گشتگیرە خاوەن كاریگەرییە لە سەر كۆی دامەزراوەكانی ولات و ھاوڵاتیانی توركیا. بۆیە، لە سەر رێچكەی پێكەوە كاركردن و بەشداری لایەنەكان لە سیاسەتی دەرەوەدا ئاماژە بەوە دەكات "دەبێت وەک تەواوی نەتەوەیەک، واتە نیشتیمانی، پێکەوە بین لەسیاسەتی دەرەوەدا". لە سەر ئاستی ناوخۆ لە ژێر سایەی سیستەمی سەرۆكایەی خاوەن دەسەڵاتی رەھا كە ئەردوغان جێبەجێكاریەتی، بارگرانی ئابوری و بونی ژینگەیەكی تەپەسەر و بەرتەسكراوی ئازادی، بواری نەفەسكێشانی بو ھاوڵاتی یان و ھێزە دژبەرەكانی دەسەڵاتی ئاكپارتی، نەھێشتوتەوە. ئێستا لە ناوخۆی توركیا، ژینگەیەكی گونجاو بەردەستە بۆ كۆتایی ھێنان بەھەمو یان بەشێك لەقەیرانەكانی كۆمەڵگای توركیا لەئاستی ناوخۆو دەرەوەدا گیرۆدەیە پێوە. بۆیە، ھاوشێوەی ھەڵبژاردنی ئەمریكای سەردەمی جۆرج بوش، ئەمریكای خۆی خزاندەوە ناو دوو شەری ناپێوست، بەلكو وێرانكار بەسەر ئابوری ئەمریكاو پێگەی ئەمریكا لە سەر ئاستی جیھان و بگرە ھاوپەیمانەكانی ئەمریكاش ھەڵسوكەوتێكی دورەپەرێزییان گرتبووەبەر بەرامبەر بەئەمریكا. جۆرج بوش بەھۆی ھەلسوكەوتی، كە سەردەمی نیو كۆنسەرڤاتیڤەكان بو، ھاپەیمانەكانیشی بە ھۆی ھەڵە سیاسییەكان و رەچاونەكردنی بەرژەوەندی ئەوان لە خۆی تۆراندبو. بەلكو ھەتا رادەیەكیش گۆشەگیركرابو لەئاستی دیپلوماسیدا. بە دەركەوتنی باراك ئوباماو ھەلگرتنی پەیامی دەتوانین بگۆڕین، ھیوای زیندوكردنەوە و گەورەكردنی ئەمریكا، دوبارە نەك تەنیا ئەمریكیەكانی ھێنایە جۆش و خورۆش، بەلكو بەرلەوەی باراك ئوباما ببێت بەسەرۆكی ئەمریكا، لە بەرلینی ئەلمانیا یەكێك لەگەورەترین پێشوازییەكانی لێكرا كە لەسەردەمی نوێدا ھاوشێوەی نەبووە مەگەر بۆ سەردەمی جۆن ئێف كەنەدی بگەڕێن كە دروشمی " ئێخ بین ئەین بەرلینەر- واتە منیش ھاولاتییەكی بەرلینم". ئەگەر چی لەنمونەی توركیادا ھەمان كەسایەتی ھاوشێوەی كاریزماو توانای ھەردو كەسایەتی جون ئێف كەنەدی و باراك ئوباما نابینین، بەلام ژینگەكە ھاوشێوەیە، بۆ ھاوڵاتی توركیاو دەوڵەتانی ھەرێمایەتی و لەسەر ئاستی جیھانیش، ھیوایەك ھەیە لەدوای 14 ئایار، توركیایەكی نوێ بێتە ناو كومەڵگای جیھانی. توركیایەك كە لەدژی بۆچونی ھاوڵاتییانی و زۆربەی حزبەكان، تێوەگلاوە لەكۆمەلێك شەر كە توركیا پێویستی پێی نەبو و نیەتیش. بەپێچەوانەوە ئەوەی خوێندنەوەی بۆ دەكرێت و چاودێری كاروباری ناوخۆی توركیا دەكات، ئەم شەرانە بونەتە ھۆی بارگرانی ئابوری و تێكچونی پەیوەندی توركیا لە گەل ھاوپەیمانە ستراتێژییەكانی و بگرە ولاتانی نێزیك و جیرانیش. توركیای ئێستا لە سەردەمی ئەردوغان، بێ ھیوایەتی بەرھەمی ھێناوە كە ھاوڵاتی و ئەكتەرە ئابورییەكان وەكو داینامۆی پێشخستنی دەوڵەتی توركیا، ئێستاش لەداھاتویەكی نائارامدا دەژین. كلیچدارئوغلو و ھاوپەیمانەكانی ئێستا ئەو تیمەن لەھەولی ئەوەدان ئەو ھیوایە بەتوركەكان ببەخشن، كە ئۆباماو جۆن ئێف كێنێدی بەئەمریكا و جیھانی بەخشییان لەپێناو داھاتویەكی گەشاوەترو سەقامگیرتر.
بۆیە، كلیچدارئوغلو ھەم پەیامی بو ناوخۆی توركیای ھەیەو ھەمیش نامەیەك ئاراستەی كۆمەڵگای جیھانی دەكات، كە بێ ھیوا نەبن، چونكە توركیای دوای ئەردۆغان گۆڕانكاری بەسەردا دێت. ئەو ئاماژە بەوە دەكات كە بەھێزیی توركیا لەچارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆدایە. كێشەكانیش فرەرەھەندین و بەشێكی ھەرە زۆری قەیرانەكانی توركیا پێكەوە گرێدراون. كلیچدارئوغلو پێداگیرە لەسەر ئەوەی بەردەوام دەبێت لەپەرەپێدانی ھەمو ئەو پەیوەندییانەی لەسەردەمی توركیای ئەردوغانیدا دروست كراون. ئەو ھەوڵی گەشەپێدان بەئاستی ئەو پەیوەندییە دەدات و ھەولی چارسەركردنی ناكوكی وڵاتان لەگەل توركیا دەدات. لەسیاسەتی دەرەوەی كلیچدارئوغلو ئێمە پاشەكشەیەك نابینین لەسنوری ناوچە قەیراناوییەكان كە توركیا تێوەگلاوەو بەشێكیان لەئەگەری پاشەكشەكردن، كلیچدارئوغلو دەخرێتە بەر رەخنەی توند و بە خیانەتكار پێناسە و ناوزەد دەكرێت بە تایبەتی لەوانە پرسی پەیوەندی بەناكۆكی لە گەڵ یۆنان و بەلەشكرکێشنی كۆمەلێك دورگە لەنێزیكی توركیا كە یۆنان ستاتۆی ئەم دورگانەی بەگوێرەی رێككەوتنە مێژوییەكان، یەكلایەنە پێداچونەوەی بۆ كردون، لەھەمان كاتیش پرسی بەرژەوەندی توركیا لە گازی دەریای روژھەلاتی ناوەڕاست.
لە سەر ئاستی جیھان، لە ڕوانگەی ھاوپەیمانە مێژوییەكانی توركیا، ناتۆو یەكێتی ئەوروپا، ئەوە تەنیا پرسی روسیاو پەیوەندی لە گەل چین نییە كە گرنگ بێت لە توركیا لەدوای ئەردوغان. پرسەكە ئەوەیە ئایا توركیا ئامادەگی ئەوەی ھەیە پێداچونەوە بەپەیوەندییەكانی لە گەڵ روسیا و چین بكات؟ ئەگەر ھەلسەنگاندن بۆ ئاستی پەیوەندی دەرەوە لەھەلسوكەوتی توركیای سەردەمی ئەردوغان بكەین، ھەلسوكەوتی ئەردوغان وەكو دەوڵەتێكی خاوەن پێگەی جیوستراتێژیك و ھەژەمونخواز، ھەلسوكەوتێكی زور سروشتییە. بونی توركیا لەناو قەیرانەكان ئاماژەیە بەكۆمەلێك گۆڕانكاری ناوخۆی توركیا كە وەكو ھێزی پالنەر بونەتە ھۆی بەھێزی پێگەی توركیا لەئاستی لەشكری و پیشەسازی لەشكری كە كێبەركێ لەگەل دەوڵەتانی ھەرێمایەتی و زلھێزەكان بكات، لەم روەوە ھێزی لەشكری خۆی پێناسە بكات. ئەمە بەشێكە لەبەرژەوەندی نەتەوەیی كلیچدارئوغلوش ناتوانێت پاشەكەشەیان لێبكات.
شاراوە و جێگای نكولی نییە كۆمەلێك مەلەفی گرنگ و ستراتێژیك لەسەر ئاستی جیھانی، ھەرێمایەتی بو توركیا خاوەن رەهەندێکی گرنگن كە لەسەردەمی ئەردوغان بونەتە ھۆی بەھێزی پێگەی توركیا. خوێندنەوی ئەردوغان بو سودوەرگرتنی لەگۆڕانكاری ناكاو لەستراكتۆری كایەی سیاسی و ھاوسەنگی ھێز لە ئاستی ھەرێمایەتی و جیھانی، ئەردوغان توركیای وەكو بەشێك لەئەكتەری خاوەن توانا و بەرژەوەندیخواز جێگیر كردوتەوەو خۆی خستونە ناو ھاوكێشەكان. ئەردوغان توركیای كردە ئەكتەرێكی چالاك، خاوەن بریارو یەكێك لەو ئەكتەرانەی كە لە دیاركردنی رەوتی چارەسەركردنی قەیرانەكان خاوەن قسە بێت. شاراوەش نییە ئەردوغان سەرۆكێكی ئاسان نەبووە بۆ سەركردەی وڵاتان ھەلسوكەوتی لەگەلدا بكەن. ئەلبەتە ئەمە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە خوێندنەوەكان ھەمیشە ئەو توركیایەیان لەبەرچاو بو كە چاوی لەسەدەقە و خێری ھاوپەیمانەكانی بووە. ئەردوغان گۆڕانی بەسەر ئەم جۆرە زێھنیەتەی لای ھاوپەیمانانی ھێنا.
ئەمەش راستە بەشێك لەبەرزەفڕی ئەردوغان بۆ ئەم راستییە دەگەرێتەوە كە توركیا لە ئاستی پیشەسازی لەشكری توانیویەتی پێشكەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت، لەكایەی سیاسیدا پێشكەوتنە ئابوری و لەشكرییەكانی ھەر ئەكتەرێك فاكتەری گۆڕانكارین بەسەر ھەلسوكەوتی دەوڵەتان لەكایەی سیاسی و ستراتێژیكی جیھانی و ھەرێمایەتی. شاراوەش نییە توركیای سەردەمی ئەردوغان ویستی ھەژمونی و گەورەیی توركیای لەكەس نەشاردوتەوە كە لەسنوری جوگرافییای بەرژەوندییەكانی توركیا، توركیا مەیدان بۆ ھیچ لایەنێك خالی ناكات، بەتایبەتی لە سنوری جوگرافییای ئیمپراتوریەتی عوسمانی كە توركیا لەوەبەرھێنان كردن بەردەوامەو ئەمە بەشێكە لەستراتێژی دورمەودای توركیا. بۆیە كلیچدارئوغلو ناتوانێت پاشەكشە لەم پرسە بكات. شاراوەش نییە بینیمان چۆن تویتێكی سەرۆك ترامپ ھاوشێوەی ئەردھەژێكی چەند ریختەری بڕبڕەی ئابوری توركیای داتەپاندو ئاگری بەردایە جەستەی لیرەی توركیا. سیاسەتی جیھانی و كایەی ئەم سیاسەتە خاوەن ژینگەیەكی ئانارشیستییە، بەلام دەبێت خوێندنەوەش بو ئەم پرسە بكرێتت، لەسیستەمێكی ئانارشیشدا، كۆمەلێك ێیسا و بنەمای نەگۆڕ ھەن، كە پێویستە لەبەر چاو بگیرێت لەئەگەری ھەلسوكەوتێكی نەگونجاو. لەدەرئەنجامی سیاسەتی دەرەوەی ئەشقیایی، ئێستا ئەردوغان پەلە پەلیەتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ھەمو وڵاتان ئاسایی بكاتەوە، دەبێت بپرسین بۆچی؟
سیاسەتی دەرەوەی جێبەجێكراو بەناوی سەربەخۆ ئەگەرچی پشتگیری ناوخۆی ھەبووەو ئێستاش بەردەوامە، ناكوكییەكان و رەخنەی لێگیراو ئەوەیە كە ئەردوغان دامەزراوەكان و ئیمكانیاتی دەوڵەتی لە پپناو پێگەی كەسایەتی و بەرژەوەندی تایبەتی ئەردوغان بەكارھێنراون. رەخنەی دیكە ئەوەیە كە ئەردوغان لەشوێنی پەیڕەو كردن لەستراتێژی "سفر كێشە"و ئاسایی كردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوڵەتانی جیران و ھەرێمایەتی كە بووە ھۆی بەھێزی پێگەی توركیا. لەسەر ئاستی ھاوپەیمانە مێژوییەكانی توركیا پشتگیری ھەوڵەكانی ئەردوغان ( ئیسلام ھاوتەبایە لەگەڵ دیموكراسی)یان دەكرد لەڕۆژھەلاتی ناوەراست و باكوری ئەفریقیا، و نەتەوەی توركیاش پشتگیر بو. ئەردوغان بەخوێندنەوەی ھەڵەی پشتگیری بەردەست، ئەو ھەولەی قۆستەوە كە كاریگەری خۆی بخاتە گەڕ بو چارەسەركردنی قەیرانەكانی رۆژھەلاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا گرێدراو بەراپەرینی عەرەبی 2011 . ئەم راپەرینە لەراستیدا بو بەگەورەترین تاقیكردنەوەی جێبەجێكردنی پرینسیپەكانی ستراتێژی سفر كێشەی ئاكپارتی و ئەردوغان، بێجگە لەوەی دەرفەتێكی زێڕینی بۆ توركیا رەخساند كە بێلایەنی خۆی لەئاستی كێشەكانی رۆژھەلاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی ناوخۆی وڵاتان، بپارێزێت، بەلام، لەمەدا ئەردوغان شكستی ھێنا. لێرەدا مەبەست بێلایەن ئەوە بووە ئەردوغان رەچاوی دڵەراوكێیەكانی وڵاتێكی وەكو ع. سعودیەو وڵاتانی كەنداوی نەكرد، بەتایبەتی كە بەشێكی زۆری وڵاتانی عەرەبی ئێخوان موسلمین بەمەترسی بۆ سەر سیستەمی دەوڵەتداری خۆیان پێناسە كردوەو رێگە بەچالاكی سیاسی و ھتدی رێكخراوێكی وەھا نادەن و نەشدراوە. بەڵام سەركەوتنی ئێخوان موسلمین لەبەشێك لەوڵاتانی عەرەبی، ئەم گوڕانكارییانە، بونیادێكی دیكەی سیاسی لەدەڤەرەكەدا دروست كرد، كە ئەردوغان دروستبون/كردنی ھاوپەیمانییەكی ھەرێمایەتی لێی دەخوێندەوە. ئەمە ۆو خۆی یەكێك لە گەورەترین تەحدیاتی سیاسەتی دەرەوەی ئەردوغان بو، بۆ نمونە بونی توركیا لەقەیرانەكانی سوریا، لیبیا، یەمەن و ناكۆكی نێوماڵی عەرەبی "قەیرانی قەتەر" پێكدادانی لەنێوان توركیاو گەورە وڵاتانی عەرەبی وەكو میسر و ع. سعودیە و ئیمارات دروست كرد.
لەخوێندنەوەی فرەرەھەندی قەیرانەكان، كلیچدارئوغلو بوچونی وایە ئەردوغان لەبەڕێوەبردنی دەوڵەتدا توشی شكەستێكی گەورە بوتەوەو نەیتوانیوە بە ئەركی خوی لەئیدارەدانی دەوڵەت ھەستێت كە موڵكی ھەموان بێت، بەلكو كۆی گشتی توركیای یەكسان كردوتەوە بەبونی ئەردوغان. لەم رویەوە بوچونی كلیچدارئوغلو وایە دەبێت سەرلەنوێ شوناسی دەوڵەت ئاوەدان بكرێت ۆو ئەوەی توركیایەك بۆ ھەموان بێتە ئاوەدانكردن. سیاسەتی دەرەوە یەكێك لەھەرە گەرمترین پرسەكانی مژاری بەرێوەبردنی دەوڵەتی توركیایە، كلیچدارئوغلو گەیشوتە ئەم باوەڕە ئەو ھیچ بژاردەیەكی دیكەی لەبەردەستدا نییە بێجگە لەوەی توركیای ئێستا بگەڕێنێتەوە بو ناو كومەڵگای نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی وەكو دەوڵەتێكی خاوەن سیاسەتێكی متمانەپێكراو. ئەمرۆكە لەسەردەمی ئەردوغان غیبابێك لەم سیاسەتەدا بەدیدەكرێت، و كلیچدارئوغلو دەیەوێت بگەڕێتەوە باوەشی ھاوپەیمانە مێژویی و ستراتێژیەكانی، ئەمریكاو روژئاوا، كە پێناسەكراوە بەسیاسەتی ئاوەدانكردن و گەڕانەوەی متمانەیە بەدەوڵەت و لەم ئاوەدانكردنە، ئامانجییان بریتییە لەوەی ئاسۆو داھاتویی توركیا دیاری بكەن.
كلیچدارئوغلو تایبەت بە دەوڵەتانی جیران ئاماژە بەوە دەكات كە ستراتێژی بریتییە لەكردنەوەی باڵوێزخانە لەسوریا، واتە ئاسایی كردنەوەی پەیوەندی، زەمینەسازی بۆ گەڕانەوە ئاوارە سورییەكان بەتەنسیق لەگەل دەوڵەتی سوریاو نەتەوە یەكگرتووەكان و دورەپەرێز دەبن لەبێویژدانی بەرامبەر لایەنەكان، "ئێمە دەمانەوێت باڵیۆزخانە بکەینەوە، دەمانەوێت ماڵ و پەناگە بۆ سوریاییەکان بکەین گرنگ نییە چی ڕوودەدات". پەیامی كلیچدارئوغلو رونە، "وەک دەوڵەتی کۆماری تورکیا دەبێت دۆستایەتی عێراق و سوریا و ئەرمینیا بین" و بەم وێنەكردنە كار لەسەر خۆدورخستنەوە لەتەنگەژەو دروستكردنی تەنگەژە و قەیران دەكات بۆ كاركردن لەسەر بونیاتی پەیوەندییەكی بەھێزی ھاوسێیەتی، كە بەبۆچونی ئەو پێویستی بەپشتیوانیكردن ھەیەو مەبەستیش لێرە، ھاوپەیمانەكانی توركیان. بەپێی بوچونەكانی راوێژكاری كلیچدارئوغلو، ئونال چەڤیکۆز، وەرچەرخانێكی نوێ لەپەیوەندی و سیاسەتی دەرەوەی توركیا دێتە ئارا بەئاماژە پێكردن بەگەڕانەوە بۆ باوەشی ھاوپەیمان و ھاوبەشەكانی توركیا، لەپێناوی یەكەم كە بریتییە لەئاسایی كردنی پەیوەندییەكانی خۆی لە"یەکێتی ئەوروپاو ناتۆ" پێناسەدەكات. دوو پرسی گرنگ لەپێشەوەی ئەركەكانی توركیای دوای ئەردوغانە، یەكەم، وەلانانی پرسیارخستنەوە لەسەر توركیا وەكو ئەندامێكی خەمخۆری ناتۆ بەھۆی رێگری كردن لەئەندامێی سویدو پەیوەندی لەگەڵ روسیا، دووەم، ئاسایی كردنەوەی ژینگەی سیاسی ناوخۆی توركیایە واتە، دیموكراسی، كە دوركەوتنەوەیە لەتوركیای تۆتالیتار، و پێنگاوی گرینگیش لەم روەوە جێبەجێكردنی بریاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەو عوسمان کاڤالا بازرگان کە سەرەڕای بڕیارەکانی ECtHR لەوانەن كە توركیای ژێر سەرۆكایەتی كلیچدارئوغلو جێبەجێی دەكات و رێزی لێدەگیرێت.
توركیای دوای ئەردوغان لەڕوی سیاسەتی دەرەوەدا بەدوای میكانیزمی نوێیە كە " دەبێت سیاسەتی دەرەوە ١٨٠ پلە بگۆڕدرێت ". كلیچدارئوغلو یەكێك لەئەولەویەتەكانی ئەوەیە سیاسەت لەپیسبوون پاک بکرێتەوەو دەڵێت " ئێمە شەڕ لەگەڵ کەس ناکەین. شەڕەکە سوودی بۆ هیچ کۆمەڵگایەک نەبوو". ئەوەی راستی بێت، دیدگای سیاسەتی دەرەوەی كلیچدارئوغلو لەزۆرێك لەپرسەكان بەردەوامیدان دەبێت بەسیاسەتی ئەردوغان بەشێوەیەكی دیكە و گۆڕانكاری بەسەریدا نائێت. ئەوەی لەسەردەمی ئەردوغاندا كراوە، جێگای ئاماژە پێكردنە كە توركیای گەیاندوەتە قۆناخێكی دیكە كە ئێستا لەزۆرێك لەپرسەكان خاوەن بۆچون و قسەی سەربەخۆیە. بۆیە، زۆر زەحمەت دەبێت بو كلیچدارئوغلو پاشەكشە لەو سیاسەتە بكات و توركیا بچوك بكاتەوە بو توركیایەك كە تەنیا خۆی لەچوارچێوەی ئەوروپاو ناتۆدا وێنە بكات. ھاتنی كلیچدارئوغلو ھیوایەكە بو وڵاتانی ناوچەكە كە بتوانن پرسەكان لەرێگای دیپلوماسییەوە چارسەر بكەن، نەك شەرانگیزیی. لەسەردەمی ئەردوغان توركیا بوەتە ناوەندی ستراتێژی بۆ پێكەوە گرێدانی وزەی روژھەلات بۆ بازاڕەكانی روژئاڤا. بەپێچەوانەوە كلیچدارئوغلو لەروی سیاسەتی دەرەوە ھەمو ھەوڵێك دەدات، كە ئەمریكا و ئەوروپاش ئامادەن، وەكو ھاوپەیمان، پرسی وزە لەدەریای ناوەڕاست چارەسەر بكات. لەم رووەشەوە توركیا رەنگە ببێتە ئەندامی رێكخراوی وزەی دەریای ناوەڕاست.
کلیچدارئۆغڵو بەوێنەكردنی "ئێمە لەپێشینەی خۆمان ئاشتی دەدەین، نەک شەڕ لەسیاسەتی دەرەوەدا" پەیامێكی زور گرنگە بۆ كۆمەڵگای جیھانی و توركیا بەشدار دەبێت لەھێنانەوەی ئاشتی لەرێگای دیپلوماسی. لەئەركە ھەرە پێشینەكانی كلیچدارئوغلو ئەوە دەبێت دیپلوماسی كەرەستەی كۆتاییھێنان بەو كێشانە بێت لەچوارچێوەی خەباتی سیاسەتی دەرەوەی توركیا لەژێر بریارە بەردەستەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، نەك ھێزی لەشكری. بۆچونی كلیچدارئوغلو، پەراوێزخستن لەتوركیای نوێدا نابێتە جێگای ھەبێت. بەشێوەیەك "ئاشتی لەپێشینەی ستراتێژی سیاسی ئەوان دەبێت نەك شەڕكردن. ئەمەش ئاماژەیەكە بە گۆڕانكاری جەوھەری و گرتنەبەری دیبلۆماسی وەكو ئامڕازی سەرەكی سیاسەتی دەرەوە، نەك ھێزی لەشكری. جیاوازییەكە ھەر ئەوە دەبێت كلیچدارئوغلو لەخیتابی سیاسی، دورەپەرێز دەبێت لەھەڵسوكەوت كردن ھاوشێوەی ئەردوغان لەتەھدید كردنی (ماوە ماوە) لایەنەكان بەزلەیەكی ئوسمانی و موشەكی تایفون و ھێرشی شەوێك لەناكاو بەسەرتاندا دەدەین!!! دوررەپەرێز دەبێت لەكولتوری بێرێزی كردن و ئیھانەكردنی سەرۆكی وڵاتان كە بەشێك بو لەكولتوری دیبلۆماسی و راگەیاندنی سیاسی توركیای سەردەمی ئەردوغان. لەم روەوە، كلیچدارئوغلو وەكو كەسایەتییەكی خاوەن كولتوری پایەبەرزو دەوڵەتدار خۆی لەئەردوغان جیادەكات و ھەستی بەوەش كردووە كە ماوەی چەند ساڵی رابوردوو ئەردوغان توشی ئابلوقەیەكی دیپلوماسی بوەتەوەو لەسەر ئاستی دیپلوماسی باڵا پێشوازی لێناكرێت بەتایبەتی لەلای ھاوپەیمانە مێژوویی و ستراتێژییەكانی. ئەردوغان بواری بۆ نەماوە، وێنەگرتن و تەوقەكردن لەگەڵ سەرۆكی وڵاتان بۆ بەھێزكردنی پێگەی خوی لەناوخۆی توركیا بەخوردی ھاوڵاتیان بفروشێت.
سەرچاوەكان:
https://www.politikyol.com/chp-lideri-kilicdaroglu-dis-politikada-kavgayi-degil-barisi-onceleyecegiz/
https://www.karar.com/guncel-haberler/kilicdaroglunun-dis-politika-basdanismani-cevikoz-abd-basinina-konustu-1734855
https://www.aa.com.tr/tr/politika/chp-genel-baskani-kilicdaroglu-dis-politika-turkiyenin-cikarlari-uzerine-insa-edilir/2219143#
https://www.politikyol.com/chp-lideri-kilicdaroglu-dis-politikada-kavgayi-degil-barisi-onceleyecegiz/
https://www.diken.com.tr/bulent-aydemir-kilicdarogluna-dis-politikadaki-vizyonunu-sordum/
https://www.evrensel.net/haber/394573/kemal-kilicdaroglu-dis-politika-degistirilmeli
https://www.evrensel.net/haber/394573/kemal-kilicdaroglu-dis-politika-degistirilmeli
https://www.aydinlik.com.tr/haber/kilicdaroglu-dis-politikayi-180-derece-degistirecegiz-248294
https://www.haberturk.com/son-dakika-chp-lideri-kilicdaroglu-ndan-dis-politika-elestirisi-3514409
https://www.politikyol.com/chp-lideri-kilicdaroglu-dis-politikada-kavgayi-degil-barisi-onceleyecegiz/
https://www.evrensel.net/haber/394573/kemal-kilicdaroglu-dis-politika-degistirilmeli
https://www.cumhuriyet.com.tr/siyaset/chp-genel-baskani-kilicdaroglu-dis-politikada-iktidar-muhalefet-yoktur-1935919
https://www.haberturk.com/son-dakika-chp-lideri-kilicdaroglu-ndan-dis-politika-elestirisi-3514409
https://www.ntv.com.tr/turkiye/kilicdaroglundan-hukumete-dis-politika-elestirisi,J7oglJlvWkerfy3St3zR6Q
https://www.politikyol.com/kemal-beyin-dis-politikasi-nasil-olmali/
https://kriterdergi.com/dosya-siyaset-ve-secimler/yol-ayrimindaki-turk-dis-politikasi
https://gdh.digital/foreign-policy-kilicdaroglunun-kazanmasi-turk-dis-politikasi-icin-ne-anlama-gelecek-61114